riklam

ئیتاڵیا.. بڕیاردرا مێژووی كۆمه‌ڵی كوردی وه‌ك موحازه‌ره‌یه‌ك له‌زانكۆكاندا بخوێندرێت

kurdistani 03:58 PM - 2014-09-30
سوپاسی پشتیوانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مه‌لا به‌ختیار-یان كرد

سوپاسی پشتیوانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مه‌لا به‌ختیار-یان كرد

ئێواره‌ی رۆژی (29/9/2014)، له‌ئینیستیتۆی ستورزۆ، له‌ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا، نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌هاوكاری ئینستیتۆی كورد له‌ئیتاڵیا، گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی بۆ هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵ سۆران ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆرو مامۆستایانی زانكۆكانی یه‌كه‌ لاسپینزا و رۆماتری  و رۆما تۆر ڤێرگاتا و سكرتێرو سكرتاریه‌تی ئینیستیتۆی ستورزۆ رێكخست.

له‌و گفتوگۆ كراوه‌یه‌شدا، كه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو ته‌وه‌ری چۆنێتی گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌كوردستان و ته‌وه‌ری دووه‌میش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان زانكۆكانی كوردستان و ئیتاڵیا و ئاڵوگۆڕی پرۆژه‌كانی رووناكبیری و كه‌لتوری دابه‌شكرابوو، هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا، پاش خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئاڵوگۆڕ، دیارده‌و ده‌ركه‌وته‌ نوێیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا عیراق و كوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێ، شرۆڤه‌ی قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسی له‌كورستاندا كردو به‌ئاماژه‌كردنیش بۆ به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی دیموكراسی، ته‌ئكیدیی له‌ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كانی دیموكراسی و گۆڕینی ئه‌قڵه‌كان، له‌عیراق و كوردستان به‌تایبه‌تی كردو تیایدا جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌پێناو پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی راسته‌قینه‌دا، ئه‌قڵه‌كان بگۆڕێن و له‌و رووه‌شه‌وه‌ به‌پێویستی زانی، كه‌ ئیتاڵییه‌كان، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌دا، به‌ته‌نها بیر له‌په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری نه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ بیر له‌بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی كه‌لتوریی و رووناكبیری بكه‌نه‌وه‌، كه‌ یارمه‌تیده‌ربێ بۆ گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی، ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر كێشه‌یه‌و ئاڵۆزییه‌ك له‌ڕۆژهه‌ڵات و ناوچه‌كه‌دا رووبدات، ئه‌وا ده‌بێت به‌كێشه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا و سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ئه‌و مه‌ترسیی و كاره‌ساتانه‌شی به‌هۆی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ له‌عیراق و باشوری كوردستان، له‌سوریا و رۆژئاوای كوردستان، ئه‌نجامدراون به‌نمونه‌ هێنایه‌وه‌.

له‌پێناو قۆناغێكی نوێ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و كوردستانیش، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، سه‌رنجی ئیتاڵییه‌كانیشی بۆ ئه‌وه‌ڕاكێشا، كه‌ پێویسته‌ ئاڵۆگۆڕی رووناكبیری و كه‌لتوری به‌پێی قۆناغی نوێی گۆڕانكارییه‌كان، له‌پێناو په‌روه‌رده‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی گرنگی زیاتری پێبدرێت.

له‌ته‌وه‌ری دووه‌می گفتوگۆ كراوه‌كه‌شیدا، هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌سه‌رنجدان له‌سیستم و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا، ئاڵوگۆڕی جدی له‌نێوان په‌یمانگه‌و زانكۆكانی كوردستان و ئیتاڵیا به‌گرنگ پێناسه‌ كرد و ته‌ئكیدیشی له‌پێویستی پرۆژه‌ و كاری پێكه‌وه‌یی له‌و روه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسی كوردستاندا.

له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكان و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕاكانیشدا له‌و رووه‌وه‌، هه‌رسێ زانكۆی یه‌كه‌ لاسپینزا و رۆماترێ  و رۆما تۆر ڤێرگاتا، بڕیاریاندا كه‌ له‌ئه‌مساڵه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی ئینستیتۆی كوردییه‌وه‌، مێژووی كۆمه‌ڵی كوردی وه‌ك موحازه‌ره‌یه‌ك له‌زانكۆكانیاندا بخوێندرێ.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، پاش خستنه‌ڕووی هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌و رووه‌وه‌، پێشنیازی ئه‌وه‌شیكرد، كه‌ هه‌ر سێ زانكۆكه‌ی رۆمای پایته‌خت و ئینستیتۆی ستورزۆ، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پرۆژه‌یه‌ك له‌ڕۆما ده‌ستپێبكرێت، كه‌ جگه‌ له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، زمانی كوردیش بخوێندرێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ك مامۆستای پرۆفیسۆر، كه‌ كار له‌سه‌ر دیموكراسی ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی وتنه‌وه‌ی چه‌ندین موحازه‌ره‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن. به‌ڵێنیشیدا كه‌ هاوكار ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌ پرۆژه‌كان جێبه‌جێ بكرێن.

له‌و رووه‌شه‌وه‌، پرۆفیسۆرو مامۆستایان و سكرتاریه‌تی ئینستیتۆی ستورزۆ، هاوكات له‌گه‌ڵ بڕیاردانیان بۆ خوێندنی مێژووی كۆمه‌ڵی كوردستان و زمانی كوردی و هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌و رووه‌وه‌، سوپاسی پشتیوانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار-یان كردو به‌ڵێنیشیاندا، كه‌ له‌پێناو به‌رده‌وامی و گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌كوردستان و هه‌ماهه‌نگ و ئاڵوگۆڕی كه‌لتوری و رووناكبیری نێوان زانكۆكانی كوردستان و ئیتاڵیا، هاوكاری جدی بكه‌ن.


PUKmedia راگه‌یاندنی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket