riklam

فێستیڤاڵی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان له‌ كه‌نه‌دا

kurdistani 04:23 PM - 2014-08-26
چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر پێشكه‌شكران

چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر پێشكه‌شكران

له‌ به‌رده‌وامی كارو چالاكییه‌كانی ماڵی كوردی تورونتۆ، رۆژی 24/8/2014 له‌ سه‌نته‌ری شه‌قامی یانگ ستریت-ی شاری تورونتۆ حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی كلتووری ساڵانه‌ی ماڵی كورد له‌ژێر‌ دروشمی (فێستیڤاڵی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان) به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و فێستیڤاڵه‌دا كه‌ بۆ ساڵی حه‌وته‌م به‌ سه‌رپه‌رشتی ماڵی كورد سازكرا، مارك ئه‌دله‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانی فیدراڵی كه‌نه‌داو ژماره‌یه‌كی زۆری كوردستانیانی هه‌رێمی ئۆنتاریۆو خه‌ڵكی بیانی نه‌ته‌وه‌كانی نیشته‌جێی شاری تورونتۆ ئاماده‌بوون، تیایدا چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری كلتووری كوردی و موزیك و سه‌مای كوردی بۆ ناساندنی كلتووری نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ گه‌لانی جیهانی پێشكه‌شكران.

سه‌ره‌تا به‌ سرودی نه‌ته‌وه‌یی (ئۆ كه‌نه‌دا و ئه‌ی ره‌قیب) خوله‌كێك وه‌ستان به‌بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی رێگای رزگاری كوردستان ده‌ستیپێكرد.

دواتر سه‌رتیپ كاكه‌یی وتاری ماڵی كوردی پێشكه‌شكرد، تیایدا ئاماژه‌ی به‌ خه‌باتی ده‌یان ساڵی میللـه‌تی كورد كرد كه‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین قوربانی زۆری به‌خشیوه‌، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند كه‌ وه‌كو ره‌وه‌ندی كورد به‌ مه‌به‌ستی كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داوا له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا ده‌كه‌ین پشتگیری داخوازی گه‌لی كورد بكه‌ن، چونكه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ وه‌كو گه‌لانی جیهان میللـه‌تی كوردیش به‌و مافه‌ی خۆی شادبێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و فێستیڤاڵه‌دا، مارك ئه‌دله‌ر په‌رله‌مانتاری فیدراڵی كه‌نه‌دا له‌ وته‌كه‌یدا پیرۆزبایی سازدانی فێستیڤاڵی ماڵی كورد له‌ ئاماده‌بووان كردو رایگه‌یاند: وه‌كو حكومه‌تی كه‌نه‌دا پشتیوانی و هاوكاری خۆمان بۆ گه‌لی كورد له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی داعش دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك له‌ كۆنفراسی جوله‌كه‌كان باسی رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌م كرد كه‌ چۆن پارێزگاری له‌ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و ئێستا پێویستیان به‌ هاوكاری و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

پاشان جیم كرجیانیس سیاسه‌تمه‌داری كه‌نه‌داو دۆستی گه‌لی كورد له‌ وتارێكیدا وتی:  خۆشحاڵم به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌تان ده‌كه‌م، ئاشكراشیكرد كه‌ بۆ پشتیوانی گه‌لی كورد چه‌ندینجار سه‌ردانی كوردستانم كردووه‌، هیوادارم سه‌ردانی داهاتووم له‌ كاتی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت، هه‌روه‌ها كرجیانیس هه‌میشه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی (بژی كورد، بژی كوردستان) كۆتایی به‌ وتاره‌كانی ده‌هێنێت.

له‌ درێژه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، چرۆ زه‌ند چه‌ند پارچه‌ شیعرێكی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕگێری شاعیرانی كوردی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كردو هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار حاجی خانم به‌ تابلۆ ره‌نگینه‌كانی به‌شێكی فێستیڤاڵه‌كه‌ی ڕازانده‌وه‌، به‌وبۆنه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی به‌دیاری پێشكه‌ش به‌ ماڵی كورد كرد.

دواتر چه‌ندین چالاكی هونه‌ری پێشكه‌شكران، له‌وانه‌ تیپی سه‌مای منداڵانی هیندی و گروپی دیلان دانسی كاڤۆكام و تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی میللـی ماڵی كورد، دواتر رێپێوانێك بۆ نمایشكردنی جلوبه‌رگی كلتووری كوردی.

دوا به‌شی فێستیڤاڵه‌كه‌ش بریتیبوو له‌ گۆرانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاوازی فۆلكلۆری هونه‌رمه‌ندان ئه‌سعه‌د ئه‌حمه‌د زاده‌و گه‌لاوێژو شه‌هرۆزو ئازیته‌، به‌ هاوكاری تیپی موزیك و زه‌ماوه‌ندی كوردستانیان به‌ ئاڵاو جلوبه‌ركی كوردی تا دره‌نگانی شه‌و فێستیڤاڵه‌كه‌یان رازانده‌وه‌.

PUKmedia عوسمان عه‌لی - تورونتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket