riklam

نامەیەكی هۆشداری بۆ كشانەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر رەوانەی نەوشیروان مستەفا دەكرێت

kurdistani 09:41 PM - 2014-04-24
ده‌ڵێن رۆژانی سەختمان  بۆ دروستكردنی رۆژێكی وا هەڵنەبژاردوە

ده‌ڵێن رۆژانی سەختمان بۆ دروستكردنی رۆژێكی وا هەڵنەبژاردوە

كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان و كۆمكاری زیندانیانی كوردستان و كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامەكانی سەنگەرو كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی كوردستان و چەند رێكخراوێكی تر لەنامەیەكیاندا كە بۆ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان رەوانەكردوەو كۆپیەكیان بۆ PUKmedia ناردوە، رایدەگەیەنن لەشۆڕشی نوێدا هەموو تەمەنی لاوێتی خۆمان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و شەهید بوون و زیندانی و رێكخستندا بەسەر بردوەو بەدرێژایی لانی كەمی 15ساڵ لەشاخ و لەزیندانە تاریكەكانی بەعس و  لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان بەرامبەر بەڕژێمی داگیركەری بەغدا وەستاوینەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بەری ئەو رەنج و ماندووبون و تێكۆشانەمان كە بەرێزیشتان  یەكێكن لەوانە خەریكە بەئاودا دەدرێ، ئەویش بەوەی كەسێ‌ دەكرێتە كاندید بۆ پارێزگای سلێمانی كەبەعسی و خۆفرۆش بووە، رۆژانی سەختی بەرەنگاریمان  بۆ دروستكردنی رۆژێكی وا هەڵنەبژاردوە كەسێكی بەعسی نمایندەی شەهیدان و بەرخودانی پارێزگایەك بكات.

هەر لەنامەكەیاندا داوا لەنەوشیروان مستەفا دەكەن هەرچی زوترە ئەو بەعسییە لەدیاركردنی بۆ ئەو پۆستە بكشێننەوەو كەسێكی تر هەر لە لیستەكەی خۆتان دابنێن.


بەڕێز.. كاك نەوشیروان مستەفا
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
سڵاوێكی گەرم...
ئێمە كە لەخوارەوە ناومان هاتووە،  كۆمەڵێك كەسی تێكۆشەری ناو ئەو رێكخراوە دیموكراتیانەی ئەمڕۆین، كە لەشۆڕشی نوێدا هەموو تەمەنی لاوێتی خۆمان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و شەهید بوون و زیندانی و رێكخستندا بەسەر بردوەو بەدرێژایی لانی كەمی 15ساڵ لەشاخ و لەزیندانە تاریكەكانی بەعس و  لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان بەرامبەر بەڕژێمی داگیركەری بەغدا وەستاوینەتەوەو لەوپێناوەشدا هەرچەندە  لێمان شەهیدبوەو زیندانی كراوین و كەمئەندام بوین و ماڵمان وێران بووە، بەڵام تا ئەمڕۆش كە ئاوڕێ‌  لەرابردوو دەدەینەوە، ئەوا زۆر بەفەخرەوە سەیری بڵندی هەڵوێستمان دەكەین و بەهەرە سەروەری ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆمانی دەزانین و پێشمانوایە تا دونیا دونیایە تاكە شتێك كە لەمێژوودا بۆ ئێمە بمێنێتەوە و فەخری پێوەبكەین، ئەو خەبات و قوربانی دانەمان بووە لەشۆڕشی نوێدا بۆ كوردو كوردستان.

 بەڵام ئەمڕۆ، كە دەبینین بەری ئەو رەنج و ماندووبون و تێكۆشانەمان، كە دیارە بەرێزیشتان  یەكێكن لەو تێكۆشەرانەی،  كە سەركردایەتی ئێمە بوون خەریكە بەئاودا دەدرێ و سوك دەكرێ و بەفیڕۆ دەچێت، ئەویش بەوەی، كەسێ‌ دەكرێتە كاندید بۆ پارێزگای سلێمانی كەسێكی  بەعسی و خۆفرۆش بووە.

بۆیە ئێمە پێمانوایە نەبەڕێزتان و نە ئێمەش رۆژانی سەختی بەرەنگاریمان  بۆ دروستكردنی رۆژێكی وا هەڵنەبژاردوە كەسێكی بەعسی نمایندەی شەهیدان و بەرخودانی پارێزگایەك بكات، كە هیچ كەس بەقەد بەڕێزتان ئاگای لە مێژووە گەش و پرشنگدارەكەی نییە.

بۆیە  بەیادی هاوسەنگەری جارانەوە داوا لەبەڕێزتان دەكەین هەرچی زوترە ئەو بەعسییە لەدیاركردنی بۆ ئەو پۆستە بكشێننەوەو كەسێكی تر هەر لە لیستەكەی خۆتان دابنێن كە دەتوانێ‌ نمایندەی لیستەكەتان بێت، ئێمە بەداخەوین كە دەبوایە ئەو كاندیدە خۆی بكشایەتەوەو داوای لێبوردنی بكردایە، بەڵام ئێستا هیوامان وایە كە خۆتان ئەو دەست پێشخەرییە بكەن و كەسێكی تر لەلیستەكەتان بێننە پێشەوە، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی پاشگەزبوونەوە لەهەڵە جوامێری و ئازایەتییەو ئێمەش سەرەڕای جیاوازیمان ئەوەتان لێ رەچاو دەكەین.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزماندا.....
- كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان.
- كۆمكاری زیندانیانی كوردستان/ لیستی سەوز، سلێمانی.
- كۆمەڵەی پێشمەرگە كەم ئەندامەكانی سەنگەر.
- كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی كوردستان.
 - رێكخراوی شەهید ئارام.
-رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كەسوكاری شەهیدان.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket