riklam

مه‌لا به‌ختیار: یه‌كێتیی بۆ خزمه‌تكردنی دیموكراسی هه‌میشه‌ باجی داوه‌

kurdistani 06:08 PM - 2014-04-18
سوپاسی سۆسیال دیموكراتی سویدی كرد

سوپاسی سۆسیال دیموكراتی سویدی كرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 18/4/2014، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ئاماده‌بوونی شۆڕش قاد و سه‌میر ساڵح ئه‌مین، نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌وڵاتی سویدو هێمن عه‌مید، سكرتێری رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان، پێشوازی له‌وه‌فدێكی لاوانی سۆسیال دیموكراتی سوید كرد، كه‌ پێكهاتبوون له‌گابریل دیكسترۆن، سه‌رۆك و ئیلینور ئیریكسۆن، سكرتێری لاوانی سۆسیال دیموكراتی سویدو رۆژگار وه‌تمان، دارینا ئاغا، یاكوب ئه‌ندرشۆن و سیلیڤا كه‌كیمبۆن، لێپرسراوانی كارگێڕی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌.

وه‌فده‌كه‌ی لاوانی سۆسیال دیموكراتی سوید، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی تایبه‌تیان ئاڕاسته‌ی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی كرد بۆ پێشوازییه‌كه‌ی، ئاماژه‌یان به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی سویدو په‌رله‌مانی ئه‌ورپا كرد له‌ئایینده‌داوه‌و گفتوگۆكی تایبه‌تیشیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدو رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان و لاوانی سۆسیال دیموكراتی سویدو گه‌شه‌پێدانیشی كرد.
 هه‌روه‌ك ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ سه‌رسامن  به‌پێشكه‌وتنه‌كان و ئه‌و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانییه‌ی له‌كوردستاندا به‌ڕێوه‌یه‌و ته‌ئكدیشیان كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی.
وتیشیان: پێمان خۆشه‌ سود له‌ئه‌زموونی هه‌رێمی كرودستان وه‌ربگرین.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی و سۆسیال دیموكراتی سوید له‌ساڵی (1975) ه‌وه‌ بۆ ئێستا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ سۆسیال دیموكراتی سوید له‌رووی مرۆڤایه‌تی، سیاسی و ستراتیجییه‌وه‌ هاوكاری یه‌كێتیی بوون و له‌و رووه‌شه‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی ئۆڵف پاڵمێ-ی به‌نموونه‌ هێنایه‌وه‌و به‌سیمبولێكی گه‌وره‌ی زانی، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئالین-یش كرد، له‌گه‌ڵ كوردستاندا كه‌به‌داخه‌وه‌ شه‌هیدبوو.
 وتی: ئالین، یه‌كه‌مین كه‌س بوو كه‌ هاته‌ كوردستان و رایگه‌یاند (كوردستان تاكه‌ دورگه‌ی دیموكراسی ناوچه‌كه‌یه‌، ده‌بێت بیپارێزین).
 رونیشیكرده‌وه‌: هه‌ریه‌ك له‌مۆنا سالین و ئانا لینداش، هه‌مان رێگه‌یان گرتۆته‌به‌ر و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌شی له‌نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی و سۆسیال دیموكراتی سوید-دا هه‌یه‌، مایه‌ی شانازییه‌.
دواترو له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ خه‌باتی یه‌كێتیی له‌كوردستان و عیراقدا، خه‌باتێكی دیموكراسی راستگۆیانه‌یه‌.
رونیشیكرده‌وه‌: به‌دیهێنانی دیموكراسی له‌م وڵاتانه‌ی ئێمه‌دا ئه‌ركێكی زۆر سه‌خته‌، چونكه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ به‌قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی ئه‌وروپادا نه‌ڕۆیشتون، چونكه‌ نه‌ ڕێنسانس، نه‌ ئایینسازی، نه‌ رۆشنگه‌ری، نه‌ شۆڕشی پیشه‌سازی و نه‌ شۆڕشی دیموكراسی-شی به‌مانای دیموكراسی دیوه‌.
له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌خستنه‌ڕووی جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌وروپاو كوردستان، ته‌ئكیدیی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی هه‌میشه‌ باجی هه‌ڵوێست، پرنسیپه‌كان و سیاسه‌ته‌كانی بۆ خزمه‌تكردنی دیموكراسی ده‌ده‌ین و به‌ به‌رده‌وامیش له‌ململانێیه‌كی سه‌ختداین.
وتیشی: له‌ساڵی (1976)ه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی دامه‌زراوه‌ هه‌تا روخانی رژێمی به‌عس، له‌شه‌ڕی جۆراوجۆردا بوین و بۆ ماوه‌ی (26)ساڵ به‌رده‌وام شه‌هید و بریندارو قوربانیمان به‌خشیوه‌.
 رونیشیكرده‌وه‌: ئه‌و ئاوه‌دانییه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا ده‌بینرێت، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌ئه‌وروپا، ئه‌وا ئه‌وه‌ی كراوه‌ كارێكی ئێجگار گرنگه‌، چونكه‌ كوردستان سه‌راپا روبه‌ڕووی وێرانی و كاولكاری ببۆوه‌ و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌، به‌جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ڕۆڵ و پێگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی، زانیاری پێویستی سه‌باره‌ت به‌ئاوه‌دانی، ئازادی و پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان خسته‌ڕوو. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ كاتی ده‌وێت میلله‌تانی وه‌كو ئێمه‌ تێبگه‌ن، كه‌ حزبی وه‌كو ئێمه‌ چه‌نده‌ قوربانیداوه‌و چه‌نده‌ ده‌ستكه‌وتیشی به‌دیهێناوه‌، كاتی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ببێت به‌ به‌شێك له‌هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و هۆشیاری دیموكراسی نه‌وه‌كانمان.
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌و سه‌رنجه‌شی كه‌ سۆسیال دیموكرات له‌ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا، هه‌ڵه‌ی ستراتیجیان به‌رامبه‌ر به‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خه‌باتی رزگاری گه‌لان كردو رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌رابردوودا، هه‌ڵه‌ی سۆسیال دیموكرات له‌ئه‌وروپا ئه‌وه‌بوو، پرسی سیاسی كورد-یان، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ته‌نها به‌پرسێكی ئینسانی ده‌زانی، وتیشی: كه‌ ده‌بێت ئه‌و تێڕوانینه‌ بگۆڕێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ئێستا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا، پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی په‌نجا ملیۆنییه‌و نه‌ورۆزی ئامه‌دیشی به‌داواكاری بۆ ئازادی و دیموكراسی و ئازادكردنی ئۆجه‌لان پێناسه‌كرد. هه‌روه‌ك رونكردنه‌وه‌ی پێویستی سه‌باره‌ت به‌خه‌باتی ئێستای رۆژئاوای كوردستان خسته‌ڕوو، تیایدا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌: پرسی نه‌ته‌وه‌یی  كورد له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پرسی ژماره‌ یه‌كه‌.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شیدا، له‌گه‌ڵ وه‌فدی لاوانی سۆسیال دیموكراتی سوید، به‌ئاماژه‌كردن بۆ رۆڵ و ئاماده‌یی لاو له‌نێو حزب، له‌نێو جومگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردندا، جه‌ختی له‌پرنسیپی یه‌كێتیی بۆ كارو خه‌باتی لاوان، بۆ خزمه‌تكردنی لاوان و پێگه‌یاندنیان كرده‌وه‌و وتی:"باوه‌ڕموایه‌، لاو هۆشیارییه‌كی دیموكراسی، مه‌ده‌نی، ئازادییه‌كی باشی هه‌بێ و رێگه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی حزبه‌كان له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌، زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی به‌زۆر بیانكه‌یت به‌حزبی".


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket