riklam

هه‌رێمی كوردستان.. كشتوكاڵ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات

کوردستان 05:51 PM - 2020-06-11
.

.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 11-6-2020 یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی بۆردی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڤیدیۆ كۆنفرانس به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ ده‌كرێت ببێته‌ كه‌رتێكی جێگره‌وه‌و به‌ باشترین شێوه‌ سوودی لێ وه‌ربگیرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی و پشتیوانیكردنی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌خساندنی بازاڕی گونجاو له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان.

هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پلان و پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت له‌ بواری گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵدا كرا.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راپۆرتێكی له‌ باره‌ی پلانه‌كان و ستراتیجی وه‌زاره‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ خسته‌ڕوو، به‌ تایبه‌تی پڕۆژه‌ی به‌ بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران به‌ هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

جێی ئاماژه‌یه‌، بۆردی باڵای په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ 19-5-2020 دامه‌زراوه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌ت، سه‌رۆكی بۆرده‌كه‌یه‌ و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، بازرگانی و پیشه‌سازی، پلاندانان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، ئه‌ندامی بۆرده‌كه‌ن.


PUKmedia تایبه‌ت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket