riklam

چوار فراکسیۆنی کوردستانی دژی دواخستنی هەڵبژاردنن

کوردستان 06:19 PM - 2024-04-30
دەنگدان، پەرلەمانی کوردستان PUKMEDIA

دەنگدان، پەرلەمانی کوردستان

چوار فراکسیۆنی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دژی هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەوەستنەوەو دەڵێن: "هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەرەنگاربوونەوەیەکی روونە لەدژی یاسا و دەستوور و دیموکراسی". وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت: "هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە".

هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە

فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان و نەوەی نوێ لە دژی هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە رۆژی 10ی 6ی 2024 ئەنجام بدرێت دەوەستنەوە و لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ PUKMEDIA نێردراوە ئاماژە بەوەدەکەن: "هەڵبژاردن مافێکی یاسایی و دەستووری و دیموکراسی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ناکرێت بە ویستی تاکە حزبێک دوابخرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە: "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نییە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن، لەکاتێکدا وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە مەرسومی بۆدەرکراوە و دادگای فیدراڵیش پشتیوانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دەکات".

چوار فراکسیۆنەکە داوا لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی (ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران، دادگای فیدراڵی، کۆمسیۆن) دەکەن دژی هەر هەوڵێک کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەدرێت بوەستنەوە و زامنی هەڵبژاردن بکەن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، لەبەر ئەوەی هیچ هۆکارێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە و ئامادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە بۆ دواخستنی بدرێت.

سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و لەگەڵ هەڵبژاردنداین لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم مەرسومی بۆ دەرکردووە، کە 10ی 6ی 2024ـە".

"لایەنەکان جگە لە حزبێک لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوڕان و داوادەکەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە یەکێتی و ئەو لایەنانە ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە و ئامادەی هەڵبژاردنن".

رێز لە مەرسومەکانی سەرۆکی هەرێم بگیرێت

تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان چوار جار مەرسومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووەو فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوادەکەن رێز لە مەسرومەكانی سەرۆکی هەرێم بگیرێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە کە 10ی 6ی 2024ـە دەکاتەوە و هەر بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە پێشێلکردنی مافی دیموکراسی خەڵک و زیان گەیاندن بە پێگەی هەرێم دەزانێت.
PUKMEDIA

وێنەی راگەیەندراوەکە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket