riklam

گــــەرمای هــــاویــن ئــــەوروپـا دەســــوتـێـنـێـت

جیهان 04:46 PM - 2026-06-28
بەرزی پلەی گەرما لە فەرەنسا میدیاکان

بەرزی پلەی گەرما لە فەرەنسا

لە دوو هەفتەی رابردوودا، بەتایبەتیش لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، شەپۆلێکی گەرما رووی لە ئەوروپا کردووە و بەو هۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، هێشتا شەپۆلەکەش بەردەوامە و لە فەڕەنسا و بەریتانیا هۆشداریی سوور بڵاوکرایەوە. زانایانی کەشناسیش رایانگەیاندووە، پێویستە ئەوروپا بەوریاییەوە لەگەڵ ئەم شەپۆلە گەرمەدا خۆی بگونجێنێت، چونکە لە مێژووی 50 ساڵی رابردوودا گەرمای لەمشێوەیە لەو کیشوەرەی نەداوە.

یەک ملیۆن هاووڵاتی
رۆژنامەی (euronews)  دەنووسێت: ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە رووی لە ئەوروپا کردووە، لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا 40 پلەی سەدی تێپەڕاندووە و ژیانی یەک ملیۆن هاووڵاتی خستۆتە مەترسییەوە و کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانەی تەواوی دانیشتوانی کیشوەرەکە هەبووە.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات، بەپێی سەرچاوە کەشناسییەکان، ئەو شەپۆلە گەرمایە بەهێزترین شەپۆلی گەرمایە لە مێژووی تۆماری كەشناسیی كیشوەرەكەدا. ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەندین شوێنی ئەوروپادا، پرۆژە و کار و بازاڕی کار بەو هۆیەوە پەکی کەوتووە و زیانی تەندروستیی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

پەنجا ساڵە گەرمای لەمشێوەیە نەبووە
رۆژنامەی (The Guardian) باس لەوە دەکات، زۆربەی زانایان و میدیاکانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی سەرەکی ئەو شەپۆلە گەرمایەیە، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشوهەواش (World Weather Attribution) رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەو شەپۆلە گەرما بێوێنەیەی کە کاریگەریی لەسەر چەند وڵاتێکی ئەوروپی هەیە، چڕترین شەپۆلە لە مێژووی تۆمارە کەشناسییەکانی کیشوەرەکەدا.
رۆژنامەکە دەنووسێت: گەرمای ئەمجارەی ئەوروپا بێوێنەیە، خەڵک رێگەی جیاواز دەگرنەبەر بۆ خۆ فێنکردنەوە و دوورکەوتنەوەیان لە گەرما، گرووپی زانایانی جیهانیی کەشوهەوا دەڵێن، 50 ساڵە گەرمای لەوشێوەیە رووی لە ئەوروپا نەکردووە.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، تیمە حکومییەکانیش لە هەوڵی ئەوەدان چاودێریی هەموو ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە فشاری دۆخەکەیان لەسەرە، ئەوەش بۆ سەلامەتی گیانیان و بەردەوامیی لە کارەکانیاندا.

هۆکارەکانی ئەو شەپۆلە گەرمایە چییە؟
ئاژانسی (رۆیتەرز) باس لەوە دەکات، هۆکاری راستەوخۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەوروپا بۆ بوونی سیستمێکی هەوایی دەگەڕێتەوە کە پێی دەوترێت (omega black) و هەوای گەرم بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە، هۆکارەکانی پشت ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
فشاری بەرزی یاخود گومەزی هەوا (Heat Dome): بەپێی توێژینەوە زانستییە ئەوروپییەکان، گەورەترین هۆکاری پشت ئەو شەپۆلە ئەوەیە، سیستمێکی فشاری بەرزی هەوای گەرم بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپای داپۆشیوە و رێگە بە هەوای سارد نادات جێگای بگرێتەوە. ئەمە وایکردووە گەرما رۆژ لەدوای رۆژ زیاد بکات.

یەکێکیتریش لە هۆکارەکان، «گۆڕانی کەشوهەوا»یە، زانایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری گەورەی هەموو ئەو شەپۆلە گەرمایەیە و کارێکی وەهای کردووە ئەم جۆرە گەرمایە توندتر، درێژخایەنتر و دووبارەتر ببێتەوە.

هەوای گەرمی باکووری ئەفریقا، بە یەکێکیتر لە هۆکارەکانی ئەو شەپۆلە گەرمایە دادەنرێت کە رووی کردۆتەوە ئەوروپا، با گەرمەکان هەوای زۆر گەرم لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ناو ئەوروپا دەبەن، کە پلەی گەرما زیاتر بەرز دەکاتەوە و بە ئاسانی دەتوانێت دۆخی سارد بگۆڕێت بۆ گەرم.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بوونەتەهۆی ئەوەی لە هەندێک ناوچەی ئەوروپا پلەی گەرما بگاتە نێوان 40–45 پلەی سەدی و تەنانەت هۆشداریی گەرمای توندتریش بدرێت.

ژمارەی گیانلەدەستدان

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەوە کە بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە رووی لە ئەوروپا کردووە، گیانیانلەدەستداوە، میدیاکان داتا و زانیاریی جیاواز بڵاودەکەنەوە و بەردەوام داتاکانیش لە گۆڕاندایە.
ماڵپەڕی (Investing.com +1) باس لەوە دەکات، ئامارەکانی سەرەتای ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەوروپا کردووە، بەمجۆرەیە: لە ئیسپانیا زیاتر لە 327 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. لە فەرەنسا 150 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند منداڵێکیش بەهۆی گەرمای توندەوە مردوون.
ئەو شەپۆلە توندەی گەرما کە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیای گرتووەتەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەس، کە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەن. ئیسپانیاش بەتۆمارکردنی بەرزترین رێژەی قوربانی، زۆرترین زیانی پێگەیشتووە و دوای ئەویش فەرەنسا.

هۆشداریی سوور لە بەریتانیا
ماڵپەڕی (DW) باس لەوە دەکات، «هۆشداریی تەندروستیی سوور» بۆ زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئینگلتەرا و هەروەها وێڵز دەرچووە، ئەم هۆشدارییە دووەم بەرزترین هۆشدارییە کە تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە دەرچووە. یەکەم هۆشداری لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022 دەرچوو، کە پلەکانی گەرما لە 40 پلەی سەدی تێپەڕی بوو (104 پلەی فەهرەنهایت).
بەریتانیا خۆی بۆ بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی تەمموزدا ئامادە دەکات، فەرمانگەی کەشناسی پێشبینی دەکات بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری ئینگلتەرا 38 پلەی سەدی بێت و لە هەندێک ناوچەش تا ئێستا گەیشتۆتە 34.6 پلەی سەدی و هێشتا مەترسییەکە کۆتایی نەهاتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەشێک لە قوتابخانەکان لە بەریتانیا بەهۆی شەپۆلی گەرماوە داخراون، هەروەها زۆرێک لە گەشتەکان و خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر هەڵوەشاونەتەوە، ئامۆژگاریی سەرنشینەکان دەکرێت خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان لەو ناوچانە بەدووربگرن کە لەژێر ئاگاداریی سووردان.
ئەوەی ئەو ماڵپەڕە باسی دەکات ئەوەیە، هێشتا نازانرێت ئایا ژمارەی گیانلەدەستدان لە بەریتانیادا چەندە؟.

PUKMEDIA/ کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket