riklam

مۆندیالی 2026 بە پڕکێشەترین پاڵەوانێتی لە مێژووی تۆپی پێدا دادەنرێت

جیهان 04:30 PM - 2026-06-11
وێنەى کەسایەتییەکانى ناو راپۆرتەکە AI

وێنەى کەسایەتییەکانى ناو راپۆرتەکە

وەرزش

مۆندیالی 2026 ئەمشەو بەرەسمی دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە، لە ئێستاوە وەک شێواوترین خولی مێژوو باس دەکرێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیل ـ ی بەریتانی لە راپۆرتێکی بەرفراواندا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، کە سەرەڕای گەورەیی پاڵەوانێتییەکە، کە بۆ یەکەمینجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە سێ وڵاتی جیاواز بەڕێوەدەچێت و جیانی ئینفانتینۆ وەک گەورەترین رووداوی مرۆڤایەتی وەسفی کردووە، بەڵام کێشەکانی ڤیزا، قەدەغەکردنی گەشت و دەستوەردانی سەرۆکی ئەمریکا قورساییان خستووەتە سەر یارییەکان.

ململانێی سەربازی و کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران

گەورەترین شۆکی ئەم مۆندیالە لەلایەن ئەمریکاوە دروستبوو کە یەکێکە لە وڵاتانی رێکخەرى مۆندیال، چونکە لە ئێستادا لە ململانێیەکی سەربازیی راستەوخۆدایە لەگەڵ ئێران و ئێرانیش وڵاتێکی بەشداربووی پاڵەوانێتییەکەیە، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی رەسمی راگەیەندراوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی پێکدادانەکانەوە، هەڵبژاردەی ئێران ناچاربوو بۆ پاراستنی سەلامەتیی یاریزانەکانی، کەمپی مەشق و راهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ مەکسیک.

دەیلی مەیل ئاماژەى بە ئەوەشداوە: گرژییەکان کاتێک گەیشتنە لوتکە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاند: بۆ سەلامەتیی خۆیان گونجاو نییە ئێران بەشداری بکات، ئەم لێدوانەش کاردانەوەی توندی یاریزانانی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و لە وەڵامێکدا رایانگەیاند، کە مۆندیال رووداوێکی نێودەوڵەتییە و لایەنی سەرپەرشتیکار فیفایە.

شێواوی لە ڤیزا و قەیرانی گەشتکردنی هاندەران

پرۆسەی گەشتکردنی هاندەران و بەرپرسان بۆ ئەم مۆندیالە رووبەڕووی پشێوییەکی گەورە بووەتەوە، وەکو نموونە باس لە عومەر ئارتان ناوبژیوانی ناسراوی سۆماڵی دەکرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی ڤیزای دروستی پێبووە، بۆ ماوەی 11 سەعات دەستبەسەر کراوە و پاشان دیپۆرتکراوەتەوە.

لە ئێستاشدا، ملیۆنان هاندەری ئەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردەکانیان بەشدارن لە پاڵەوانێتییەکەدا، رووبەڕووی بڕیاری توندی قەدەغەکردنی گەشت یان هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی ڤیزاکانیان بوونەتەوە و لە فڕۆکەخانەکاندا بە سەرگەردانی گیریان خواردووە.

سنوردارى دەسەڵاتى فیفا و رەخنە قورسەکان

لە کاتێکدا کە رەخنەکان لەسەر ئەم دۆخە لە لوتکەدان، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رووبەڕووی پەرچەکرداری توند بووەوە دوای ئەوەی داوای لە رەخنەگران کرد، هێمن ببنەوە و ئارام بگرن و بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە فیفا ناتوانێت فەرمان بەسەر بڕیاری حکومەتەکاندا بکات.

ئەم سنورداریەى دەسەڵاتى فیفا کە تواناى چارەسەرى ئەو کێشانەى نییە، ناڕەزایەتی کەسایەتییە وەرزشییەکانی لێکەوتەوە، لەوانەش کرەیگ فۆستەر، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئوسترالیا کە رەخنەی توندی ئاڕاستەی فیفا کرد و رایگەیاند: ئەمە پاڵەوانێتییەکە کە تێیدا یاریزانان، هاندەران و بەرپرسان ناتوانن بەبێ مەترسی گەشتی بۆ بکەن، کە مەرجیش نییە بتوانن بگەنە ئەوێ.

فۆستەر وتیشی، ئەم دۆخە شێواوە نەک هەر قبوڵکراو نییە، بەڵکو تەنها شەرمەزارییە بۆ تۆپی پێ.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket