riklam

هێرۆخان وەک هاوڕێ و هاوژینی مام جەلال و ڕۆڵی لە شاخ و شاردا

کوردستان 10:12 AM - 2026-06-11
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد PUKMEDIA

خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

چاوێک لە پشت هاوێنەی کامێراکەیەوە

هێرۆخان وەک هاوڕێ و هاوژینی مام جەلال و ڕۆڵی لە شاخ و شاردا


2-1
هێرۆخان جگەلەوەی کە لە پشت سەرکردەیەکی مەزنی وەک مام جەلال-ەوە بوو، بۆ خۆشی داكۆكیكارێکی سەرسەختی ئەدەب، هونەر و كەلتور بووە لە شاخ و لەشاریش و دامەزرینەری چەندین پرۆژەی فەرهەنگییە، ئەو تۆمارکاری مێژووی داستانەکانی پێشمەرگە بووە و لە شاریشدا  لە خزمەتی كۆمەڵگە و پاراستنی مێژوودا بووە، بۆیە دەکرێت پیی بووترێت مێژوونووسی شاخ، داڕێژەری میدیا، پارێزەری منداڵان و یادەوەرییەکانی نیشتمان و ژنێک کە لە چەند رەهەندێکدا، لە هاوێنەی کامێرای شاخەوە تا بنیاتنانی میدیا و مۆزەخانە و رێکخراوی منداڵپارێز و سەنتەری گەنجان رۆڵی گەورەی بینیووە.

ئەو وەک کچی خانەوادەیەکی تێكۆشەر، ئەدەب دۆست و نیشتمانپەروەر لە 12ی حوزەیرانی 1948  لە سلێمانی لەدایکبووە، كچی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی سیاسەتمەدار و یاساناس و ئەدیبی گەورەیە و هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوکارەکانی لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەم شێوەیە رۆڵی دەنرخێنن. 

لەوبارەیەوە نەرمین عوسمان، تێكۆشەری دێرین و هاوڕێی هێرۆخان دەڵێت: لە یەکێتیی قوتابیانی باڵی مەکتەبی سیاسی کارم دەکرد، زۆرینەی کۆبوونەوەکانمان دەبردە ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغدا و هێرۆخانیش ئەندام بوو و دەهاتە کۆبوونەوەکانەوە، لەبەرئەوەی لە بەشی ناوخۆیی بووین، ئەمەش وایکرد کە ئێمە زیاتر لە یەكتری نزیکببینەوە، لەدوای 11ی ئازاری 1970 لە جوارچێوەی یەکگرتنەوەی رێکخراوەکانی دوو باڵەکەی پارتیدا مام جەلال داوایكرد (هێرۆخان، من، پرشنگ مەمەند، ست درەخشان، ست ئەنجووم و چەند کەسێکی دیکە خۆمان کاندیدبکەین بۆ سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتان، من ئەوکاتە ئەندام نەبووم لە ئافرەتان، چونکە من هەر کارم لەناو قوتابیاندا دەکرد. ئیتر بە قسەی مام جەلال چووین هەردووکمان خۆمان کاندیدکرد و هەڵبژێردراین بە ئەندامی سکرتاریەت.
 کە چوومە شاخیش لەوێ هێرۆخانم بینییەوە، ئەوکاتە من و رووناک شێخ جەناب بەیەكەوە رۆیشتین لە سەرکردایەتی تەنیا هێرۆخانی لێبوو ژن بێت،  بۆیە دەتوانین بڵێین ژنێکە توانیویەتی لەگەڵ هەموو دۆخێکدا خۆی بگونجێنێت.

هێرۆخانی دوای راپەڕین 

نەرمین عوسمان لەبارەی کارەکانی هێرۆخانەوە لەدوای راپەڕین دەڵێت: دوای راپەڕین و دوای ئەوەی ئەزموونی شاخ کۆتایی هات، هێرۆخان وەکو ئەوەی لەمێژبێت خۆی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئامادەکردبێت، هەر زوو دەستیکرد بە دامەزراندنی چەندین رێکخراو و دامەزراوەی میدیایی و کەلتوری، یەکەمجار رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و دواتر دامەزراندنی ناوەندی راگەیاندنی خاک، پاراستنی بینای ئەمنە سوورەکە، دروستکردنی سەنتەری گەنجان، دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردسات، دەستگیرۆیی چەندین گەلەری و ناوەندی کەلتوری، کە هەموویان تائێشتاش سەرتۆپی ئەو پرۆژانەن کە بۆن و بەرامەی کوردایەتییان لێدێت ئالوودە نەبوون بەو ژاوەژاوە سیاسییەی ئەمڕۆ لە ئارادایە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی هێرۆخان ئەوەیە ژنێكی زۆر بەهێزە، لەژێر کاریگەریی هیچ كەسێكدا را و بۆچوونی خۆی ناگۆڕێت.

كوردسات و هێرۆخان 

دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای  میدیای کوردسات و خوشکەزای هێرۆخان، لەبارەی کەناڵی کوردسات و شوێن پەنجەی هێرۆخانەوە وتی: هێرۆخان هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی تەرخانکردووە، خزمەتی هەموو چین و توێژەکانی کردووە لەوانە ژنان، منداڵان، هونەر، میدیا و چەندین بواری تر، کەسێکە کە دووبارەبوونەوەی مەحاڵە و من زۆر شت لە بواری میدیادا لەوەوە فێربووم، کەسێکە کە هەمیشە بەبێ جیاوازی کاری بۆ هەموو چین و توێژەکان کردووە، هەوڵیداوە شاشەی کوردسات بۆ خزمەتی گەلەکەی بەکاربهێنێت نەک بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی، تەنانەت چەند جارێک من پێموتووە دادە تۆ ئەو هەموو کارەت کردووە بۆ بڵاوینەکەینەوە لە کوردسات، دەیوت من کارەکانم بۆ ئەوە ناکەم پیشانی خەڵک بدرێت، بەڵکو بۆ خزمەتی خەڵک دەیکەم، دێرین لەتیف وتیشی: ئەو وەک خاوەن و دامەزرێنەری کوردسات مامەڵەی لەگەڵ هونەرمەنداندا نەکردووە، بەڵکو وەکو دۆستێک، دایکێک و هاوڕێیەک مامەڵەی کردووە، هەر کەسێک چی پێویست بوبێت توانیویەتی لەگەڵ هێرۆخاندا ئازادانە موناقەشە بکات. لەبارەی سەلیقە هونەریەکەشییەوە وتی:

هەمیشە پێش بڵاوبوونەوەی کلیپەکان لە ژوورەکەی خۆی لە کوردسات سەیری کلیپەکانی دەکرد و پێداچوونەوەی بۆ دەکرد، بیرمە جارێک کلیپێکی پیشاندام و سەیرمانکرد کە تەواوبوو، بە منی وت: هیچ تێبینیەکەت هەیە، میش پێموت کلیپێکی جوانە و گۆرانییەکەش خۆشە، وتی سەیری بکەرەوە و منیش سەیرم کردەوە و جاری سێیەمیش وتی سەیری بکەرەوە لە ناوەڕاستی کلیپەکەدا ڤیدیۆکەی وەستاند و وتی ئەمجارە چۆنبوو، لە پشتی گۆرانیبێژەکە لە شاخەکەدا ئاگرێك هەبوو كە دووکەڵیکی رەش دەردەکەوێت کە تەنیا یەک یان دوو سانتیمی دیاربوو، وتی ئێمە بە خەڵک دەڵێت ژینگە بپارێزن، دیارە ئەوان لەو شاخە تایە دەسوتێنن، بۆیە من پێم خۆش نییە ئەم کلیپە لە کوردسات بڵاوبکرێتەوە.

هەمیشە پێی دەوتم پێویستە لە کوردسات خەڵک بەکارنەهێنیت، بەڵكو هەمیشە دەرگای کوردسات بۆ هاووڵاتییان کراوەبێت، هەر كەسێك لەڕێگای کوردساتەوە داواکاریی هەبوایە، هەوڵی چارەسەکردنی کێشەكانیانی دەدا و هاوكاریی دەكردن، لەڕووی سیاسیشەوە پییوابوو نابێت کوردسات تێکەڵی هەندێک بابەت بکرێت و دەبێت کارێک بکرێت خەڵک تووشی سەرئێشە نەبێت، تەنانەت هاوڕێیانی بەرنامەی بەرنامە ئەو راستییە دەزانن کە هەرکاتێک کێشەیەک دروست ببوایە، ئەو خۆی دەکرد بە بەرپرسیار تا ئەکتەرەکان تووشی کێشە نەبنەوە بەوەش هەموانی فێردەکرد کە لە کارەکانیان نەترسن.

ئەرشیفی هێرۆخان لە شاخ 

لەبارەی خزمەتەکانی هێرۆخانیشەوە  بەڕیوەبەری کوردسات وتی: تەنیا لە دروستکردنی دەزگای میدیای کوردساتدا رۆڵی نەبووە، بەڵکو لە شاخیش رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە ئەرشفیکردنی مێژووی وڵاتەکەمان، ئەو چرکەساتانەی ئەو تۆماریکردوون، مێژووی ئێمەیە و هەوڵەکانی ئەو وایکرد مێژووەكە تەنها بەقسە و چیرۆکی زارەکیی خەڵک نەبێت، بەڵکو بە ڤیدیۆ ئەو مێژووەی پارستووە، تا بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە و بزانن کە مێژووی ئەم وڵاتە چییە و بەچیدا تێپەڕیووە. جگە لەوەش مۆرکی حزبیی زەقی  لە کەناڵی تەلەفزیۆنی داماڵی 
ئەگەر هەوڵەکانی هێرۆخان نەبوایە بڕوا ناکەم میدیای کوردی لەم قۆناغەی ئێستادا بوایە، بۆیە نەیهێشت لۆگۆی خاک هیچ پەیوەندییەکی بە دروشمی حزبی و سیاسییەوە هەبێت، هەروەها بۆ نێرگزەکەی کەناڵی کوردساتیش ئەو ویستی شتێکبێت کە رەمزێکی کوردانەبێت بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان، ئێمەش لە کوردسات هەوڵمان داوە هەر لەسەر سیاسەتی هێرۆخان بەردەوام بین.

مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە

سەبارەت بە رۆڵی هێرۆخان لە دامەزراندنی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، ئاکۆ غەریب بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە، رایگەیاند: هەر لەساڵی 1994ەوە هێرۆخان بیرۆکەی ئەوەی هەبوو بەڵام دوو هۆکار لەبەردەمیدا بوون بە بەربەست، یەکەمیان ئەو ئاوارانەی لەدوای کۆڕەوەوە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەوێ نیشتەجێبوون، کێشەی دووەمیش ئەوەبوو هەندێک لە لێپرسراوانی ئەو سەردەمە، رای جیاوازیان هەبوو، هەندێک دەیانوت بکرێت بە کۆمەڵگەی فەرمانگەکان یان بکرێت بە نەخۆشخانە، هەندێکیش بەلایانەوە باشبوو بڕووخێنرێت و لەشوێنەکەیدا مۆڵ و ئاپارتمانی تیادا دروستبکرێت، بەڵام هێرۆخان هەر مکوڕبوو لەسەر بیرۆکەکەی خۆی و کۆڵی نەدا،  ئەوەبوو دوای 31ی ئاب پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمپانیای نەورۆز ئەرکی جێبەجێکردنەکەی گرتە ئەستۆ. لە دوای روخانی رژێم بەعس لە ساڵی 2003، ئیتر تانک و تۆپ و هەندێک لەو چەکە قورسانەی پێشتر کوردستانیان پێ وێراندەکرا لەگۆڕەپانی ئەمنە سوورەکەدا جێگیرکران، بەشی زیندانەکانیش وەکو بەشێکی کاریگەر بەڕووی میوان و دیپلۆماتەکاراندا كراوەبوون، دواتریش بەشێکی تایبەت بەمین کرایەوە. لەساڵی 2009دا توانیمان بودجەیەک لە کاک عومەر فەتاح وەربگرین و هۆڵی سینەمای یەڵماز گۆنای و مۆزەی کەلتوریی دابمەزرێنین.

ئاکۆ غەریب وتیشی، هەرچەندە لەو ماوەیەدا دوور و نزیک من سەرپەرشتیم دەکرد، بەڵام لە ساڵی ە2011وە بەڕەسمی خۆم تەرخانکرد بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە – تا لەیادمان نەچێت،،،کە ئەمە ئێستا ناوە راستەقینەکەیەتی. لەگەڵ هێرۆخان پێکەوە پڕۆژەیەکمان دانا بۆ تەواوکردنی مۆزەخانە بەگشتی، ئینجا بڕیارمان دا کە ببێتە چەترێکی نەتەوەیی و موڵکی هەموو رەنگە جیاوازەکان.

PUKMEDIA کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket