كۆڕبەندی دێڵفی ئابوری جیهان دەهێنێتە سلێمانی
کوردستان 02:45 PM - 2026-06-08
PUKMEDIA
كۆڕبەندی دێڵفی
رۆژانی 6 و 7ی حوزەیرانی 2026، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دووهەمین كۆڕبەندی دێڵفی لەكارگەی كلتوری لەسلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا چەند پانێڵێك پێشكەشكران و 57 كەسایەتی پسپۆڕی ئابوری و سیاسی ناوخۆیی و جیهانی وتار و بۆچوونەكانیان خستەڕوو.
هاوكات داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی یۆنان و توركیا و بولگاریا و رۆمانیا و جۆرجیا و پۆڵەندا و ئیتاڵیا و پاریس، گفتوگۆی چڕیان لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی و وزە، گواستنەوەی سەوز، گەشەپێدانی ئابوری و دەرفەتە نوێیەكانی وەبەرهێنان لەلایەك و پرسەكانی حكومڕانی و هەوڵەكانی چاكسازی لەلایەكی ترەوە كرد.
هەروەها لەیەكەم رۆژی كۆڕبەندەكەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تیشكی خستەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكان و پڕۆسەی ئاشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
سێمۆن سێمیۆنیدیس: شانازی دەكەین، بۆ دووەمجار دەگەڕێینەوە سلێمانی
لەدەستپێكی كۆڕبەندەكەدا سێمۆن سێمیۆنیدیس دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری كۆڕبەندی دێڵفی، رایگەیاند: ئەوەی لەم ناوچەیە روویداوە كاریگەری لەسەر ئاسایش هەبووەو زۆر گرنگە شوێنێك هەبێت بۆ گفتوگۆ، لەم كاتەدا هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی هەیە، بۆیە شانازی بەوەوە دەكەین كەلە سلێمانی كۆڕبەندەكەمان دەكەین و سلێمانی بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئەم بۆنەیە لەم شارەو زۆر سوپاسی قوباد تاڵەبانی دەكەین بۆ ئەو هاوكارییە مەزنەی كە پێشكەشی ئێمە و تیمەكەمانی كردووە.
وتیشی: هەرێمی كوردستان، هەموو كات هەوڵیداوە كەسەكان بەیەكبگەیەنێت، لەكاتێكدا كەسانی دیكە جیاوازیان دروست كردووە.
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری كۆڕبەندی دێڵفی، روونیشی كردەوە: هەرێمی كوردستان، هاوبەشێكی گرنگی وەبەرهێنانە، ئەم كۆڕبەندە كە لەسلێمانی ئەنجامدەدرێت، گفتوگۆی زۆر لەخۆ دەگرێت لە نێوان ئەو كەسانەی كاربەدەستن، ئەم گفتوگۆیانە بەشێوەیەكی ئەكادیمی نابن، بەڵكو گرنگن بۆ ئاسایشی جیهانی.
دووپاتیشی كردەوە: ئێمە شانازی دەكەین، كە بۆ دووەمجارە دەگەڕێینەوە سلێمانی.
سەرۆك بافڵ: پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد پێویستی بەئاڕاستەیەكی نوێیە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یەكەمین پانێڵی دووەمین كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان، سەخت دەبێت لە دوای ئەو قسانەی بەرێز داود ئۆغلۆ كردی، كە قسەی جیاواز بكەم، لە خاڵی سەقامگیری وزەوە سەیری بكەین، دەتوانم بڵێم ئەمە دەرئەنجامی كۆتایی نییە، ئەگەر هەموو لایەنەكان تێڕوانینیان هەبێت و سەیری ئەم كێشەیە بكەن،دەرفەتێكی زۆر باش هەیە، بۆ ئەوەی بچینە قۆناغێكی زۆر باشترەوە، پێش ئەوەی ململانێ دەستپێبكات، ئەمەش پێویستی بە پشوو درێژی هەیە.
راشیگەیاند: بەبڕوای من زۆرینەی ئەو كێشانەی دێنە سەر ئەم مێزانە بۆ گفتوگۆكردن پەیوەندییان بە ئاشتییەكی باشتر هەیە، بێگومان ئەمەش پێویستی بە ئارامگرتنی زیاترە.
سەرۆك بافڵ، لەبارەی رۆڵی هەرێمی كوردستانیش، ئاماژەی بەوەكرد: ئێمە لە هەرێمی كوردستان، دەتوانین ببین بە پردێك لە نێوان وڵاتانی جیهان، وەك وڵاتی پاكستان كە ببن بە نێوەندگیر، عیراقیش دەتوانێت ئەم رۆڵە بگێڕێت.
لە بارەی وتوێژەكانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و عراقچی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند: وتوێژەكانم لەگەڵ عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئێمە پێكەوە قسەمان لەسەر ئەو بابەتانە كرد، وەك كەسێكی گەشبین كە پێشووتریش هەمبووە، ئەوەیە كە دەتوانین كارەساتێكی گەورە چارەسەر بكەین و فشارێكی زۆرمان دروست كردبوو، لە پێشووتردا.
سەرۆك بافڵ، لە بارەی پەیوەندییەكانی یەكێتیشەوە، دووپاتی كردەوە: پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ تاران و واشنتدا هەیە، قوباد تاڵەبانی تازە لە واشنتن دیسی گەڕاوەتەوە، هەروەها دڵخۆشم كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ برا توركەكانمان باشتر دەكەین، هیوامان وایە كە بەردەوام بین، ئێمە ئەگەر سەیر بكەیت پارتێكی بچووكین لە نێوان وڵاتە گەورەكاندا، ئەگەر بتوانین هەوڵی هاوسەنگی بدەین، ئەمە پێویستی بە ئازایەتی هەیە، ئێران لە رووی سەربازییەوە لاواز بووە، بەڵێ لاواز بووە، بەڵام لە چەند لایەنێكی دیكەوە، بەهێزتر بووە.
سەرۆك بافڵ، ئاماژەی بەوەشكرد: بەبڕوای من پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوامە وسەركەوتووە، خواستی ئێمە ئەوەیە توانایەكمان هەبێت و پێشكەشی بكەین بۆ خزمەتی ئەم بابەتە، قسە لەگەڵ برا توركەكانمان دەكەین.
لە بارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراقیش، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: پێویستمان بە ئاراستەیەكی نوێ هەیە لە هەولێرەوە بۆ بەغداد، پێویستمان بەوەیە پەیوەندییەكانمان رێكبخەینەوە و تێگەیشتنی سەرەكی بێتە پێشەوە لەسەر ئەو بابەتانەی كە روون نەبوون، دەبێت تێگەیشتنێكی بنچینەیی هەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی و ئابووری كە دواجار كوردستانێكی خۆشگوزەران و ئاشتیخواز دروست دەكات، لە ڕابردووشدا چەندین جار سەردانی بەغدادم كردووە بۆ هێنانەكایەی ئەم لێكتێگەیشتنە.
وتیشی: پێویستییمان بە ڕاستگۆیی و ڕێزگرتن لە یەكتری لە پرۆسەی حوكمڕانیدا هەیە، پەیوەندیی نێوان لایەنەكان تەنها پەیوەندییەكی سادە نییە، بەڵكو بەستراوەتەوە بە دروستكردنی متمانەی دوولایەنەوە، ئەگەر تەنها یەك لایەن لایەنەكەی تر بە تۆمەتبار بزانێت، متمانە دروست نابێت، بۆ بنیاتنانی عیراقێكی یەكگرتوو، پێویستە سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو هەبێت نەك تەنها سوپایەكی تایبەت بە حزب، ئەمەش بنەمای سەركەوتنە.
لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیشەوە، سەرۆك بافڵ، دووپاتی كردەوە: لە كوردستاندا حكومەتێك پێكناهێنرێت، ئەگەر هاوشێوەی حكومەتی پێشوو بێت، پێویستە هەموو كەسێك لەمە تێبگەن، داوا بۆ چەند رۆژێك بچنە شەقام و لەگەڵ خەڵكی ئاساییدا قسە بكەن؛ هیچ كەسێك ئەو حكومەتەی پێشووتری ناوێت، كە پێشووتر هەبوو، دەبێت بگۆڕێت، تێگەیشتن لە هاوبەشەكان، لە بەغداد، تێگەیشتن لە دۆخی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە كۆتایشدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: سلێمانی یەكێكە لە شارە دەوڵەمەندەكانی جیهان، دەوڵەمەندی سلێمانی تەنها غاز و نەوت نییە، بەڵكو خەڵكەكەیەتی كە كەسانێكی رۆشنبیرن، بیركردنەوەی فرە رەهەندییان هەیە، دانیشتوویەكی زۆر زیرەكن، كە دەتوانرێت لە هەموو لایەكەوە سودیان لێوەربگیرێت، هەروەها یەك پەیامی دیكەش دەڵێم، ئەویش ئەوەیە، دەمەوێت هەموو ئەمانە لە كوردستان جێبەجێ بكەن، خوێندەواریمان لە هەولێر و دهۆك لە ئاستێكی بەرزدایە، ئەوە سامانی راستەقینەی ئێمەیە، كە پشتیوان بە خوای گەورە و خەڵكەكەمان لە چوار ساڵی ئایندەدا ئەنجامی دەدەین.
نزار ئامێدی: سەقامگیری مەرجێكە بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی
هەر لە كۆڕبەندەكەدا، نزار ئامێدی سەرۆككۆماری عیراق، وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: گرنگە پێكەوین لە سلێمانی، كە لەماوەیەكی كەمدا توانیویەتی پێگەیەكی گرنگ دروست بكات لە نێوان كەسانی جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەم ناوچەیەی ئێمەدا تاوەكو ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبینەوە، بۆیە عیراق كاردەكات بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە شوێنێكی پارێزراو بێت بۆ كۆمپانیاكان،بۆیە كاردەكەین بۆ پەرەپێدانی تواناكانی بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێكی سەرنجڕاكێش بۆ پڕۆژە و وەبەرهێنان، هەروەها هەرێمێكی سەلامەت و پارێزراو بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و سەرمایەداران.
لەبارەی چەكدانانی گروپەكان و كاریگەری لەسەر وەبەرهێنان، سەرۆككۆماری عیراق رایگەیاند: ئێمە بڕیارێكمان دەركرد، بە چەكدانانی ئەو گروپانەی كە چەكیان پێیە، دەبێت چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بۆ ئەوەی كەشێكی ئارام بۆ وەبەرهێنان فەراهەم بكەین.
نزار ئامێدی سەرۆككۆماری عیراق لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا دووپاتی كردەوە: لە چوارچێوەی ئەوەی باوەڕمان پێیەتی، سەقامگیری مەرجێكە بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی، بۆیە ئەمە پێویستییەكە كە دەبێت ئاڵنگارییەكان چارەسەر بكەین،بۆیە ئێمە كار دەكەین كە دەرفەتی وەبەرهێنان زیاتر بكەین، گەندەڵی لابەرین و بە بوێرییەوە ئەو كارە دەكەین.
قوباد تاڵەبانی: پێویستە سەرچاوەكانی داهات و ئابوری فرەچەشن بكەین
رۆژی 7ی6ی2026 بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، دووەم رۆژی كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بەردەوام بوو، قوباد تاڵەبانی وتارێكی گرنگی پێشكەش كرد، كەخۆی لە كاركردن بۆ مۆدێرنكردنی كەرتی تایبەت و پەرەپێدانی مافەكانی ژنان و پێشكەوتنی سەرجەم كۆمەڵگا و بڕوابون بە توانای ناوچەیی و تواناكانی عیراق و گرنگیدان بە پرسی ئاشتی و چەندین بابەتی تردا دەبینێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكیدا رایگەیاند: بەخێر بێنەوە بۆ سلێمانی، شەرەفێكی گەورەیە كە پێشوازی لە كۆبوونەوەی سەركردەكان، داهێنەران، بیرمەندان، خوێندكاران و هاوبەشان لە سەرانسەری كوردستان، عیراق، ئەوروپا، یۆنان و دەرەوەی وڵات دەكەم، دڵخۆشم كە دێڵفی، جارێكی تر، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: مانگێك لەمەوبەر، هەندێكمان لە دێڵفی كۆبووینەوە، باسمان لەخێراكردنی بەرەوپێشچونی تەكنەلۆژیا، پێویستی بەپەلە بۆ سەقامگیری ئابووری، گۆڕانی كەشوهەوا، كرد كە ئەم گفتوگۆیانە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەردەوامن، ئێمە تێدەگەین كە ئەم كێشانە، ئەم تێكچوونانە، تەنها بۆ ئەوە نین كە سەیربكرێن؛ بەڵكو دەبێت چارەسەربكرێن، ئێمە كار دەكەین بۆ مۆدێرنكردنی كەرتی تایبەت، بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە گەنجانمان بەهێز بكرێن، ژنانیش دەبێت لە سەنتەری ئەم گۆڕانكارییەدا بن.
ئاماژەی بەوەش كرد: هیچ نەتەوەیەك ناتوانێت بگاتە تەواوی توانای ئابووری خۆی كاتێك نیوەی دانیشتووانەكەی لە دەرفەت بێبەش دەكرێن، كاتێك ژنان بەهێزدەكرێن، دامەزراوەكان بەهێزتردەبن، ئابوورییەكان بەرهەمهێنەرتر دەبن، و كۆمەڵگاكانیش سەقامگیرتر دەبن، من لەو باوەڕەدام كە پەرەپێدانی مافەكانی ژنان ئەجێندایەكی دابڕاو نییە، بەڵكو بەردی بناغەی كۆمەڵگایەكی هاوچەرخە.
دەشڵێت: من سەركەوتن تەنها بەگەشەی ئابووری پێناسە ناكەم، بەڵكو بە گەشەكردنێك كە گشتگیر، بەردەوام و هاوسەنگ بێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، ئەو گەشەكردنە ناتوانێت تەنها لەچوارچێوەی یەك كەرتدا كۆببێتەوە، داهاتووی كوردستان ناتوانێت تەنها پشت بە كێڵگە نەوتییەكان ببەستێت، ناشكرێت تەنها بەندبێت بە گەشەی ئابووری شارەكانی پایتەخت، وەك هەولێر، پێشكەوتنی ڕاستەقینە ناتەواوە ئەگەر هەر بەشێكی كۆمەڵگەكەمان لە دواوە بمێنێتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەڵێت: بۆ داهاتوو من زۆر بە توندی بڕوام بە توانای ناوچەكانمان هەیە، بەشە جیاوازەكانی كوردستان هێزی جیاوازیان هەیە، و سەركردایەتیمان دەبێت ڕێگا چارە بدۆزێتەوە بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان تێیاندا، ئەمڕۆ دەبێت سەرنج بخەینە سەر كشتوكاڵ، گەشتوگوزار، بەرهەمهێنان، گۆڕینی وزە و گەشەپێدانی مرۆیی، سلێمانیش ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لەو داهاتووەدا، ئەم شارە هەمیشە وەك هێمایەكی قووڵایی كولتووری، خوێندن، و ژیانی مەدەنی بووە، ڕۆڵی سلێمانی هەمیشە ڕۆڵی پرد دروستكەر بووە، شوێنی دیالۆگ و نێوەندگیری بووە.
وتیشی: ئەمرۆ عیراق حكومەتێكی نوێی هەیە و لەگەڵیدا پەنجەرەیەكی نوێی دەرفەت دەكرێتەوە بۆ چەسپاندنی سەقامیگری گەورەتر، ڕاكێشانی وەبەرهێنان و بنیادنانی بەردەوامی درێژخایەن، عیراق توانایەكی بێپایانی هەیە بۆ سەركەوتن، ئێمە سەرچاوەمان هەیە، بەهرەمان هەیە، دانیشتووانێكی گەنجمان هەیە، شوێنێكی ستراتیژیمان هەیە، بەڵام ئەو توانایە تەنها لە كاتێكدا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت ئەگەر لە سەرانسەری كۆمەڵگاكانمان و دابەشبوونە سیاسییەكانماندا كار بكەین بۆ بنیادنانی پێشكەوتنی هاوبەش، سەركەوتنی جوگرافی عیراق گرنگە، بەڵام تەنها لە كاتێكدا دەتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ژینگەیەكی سەقامگیر و پێشبینیكراو بۆ وەبەرهێنان دروست بكەین، سەركەوتنی كوردستانیش بە قووڵی بەستراوەتەوە بە سەركەوتنی عیراقێكی سەقامگیرەوە، ئێمە دەمانەوێت هاوبەشێكی چالاك بین لەو پێشكەوتنەدا، بە شێوازێكی ستراتیژی و بنیاتنەرانە لەگەڵ بەغداد بەشدار بین.
لەلایەكی تریشەوە ئەوەی وت، كە ئەمڕۆ، دەبێت ببینە بەرگریكاری پرسی ئاشتی، ئەمە بانگەوازێك نییە كە لە سادەییەوە لەدایك بووبێت، بەڵكو لە پێویستییەوە هاتووە، ئاشتی متمانە دروست دەكات، ئاشتی سەقامگیری دەهێنێت، و ئاشتی ڕێگەمان پێدەدات بنیادنەر بین، هەر لەبەر ئەوەشە كار دەكەین بۆ ئەوەی ببینە هێزێك بۆ سەقامگیری، شوێنێك كە دیالۆگی تێدا بێت. ئەمە بە دوورخستنەوە یان دابەشبوون بەدی نایەت، هەر لەبەر ئەوەشە كۆڕبەندەكانی وەك دێڵفی پلاتفۆرمێك دابین دەكەن بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆكەكان، بۆ سەیركردنی دەرەوەی سنوورە بەردەستەكان، بۆ بەستنەوە لەگەڵ هاوبەشەكان لە ئەوروپا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، و لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم پەیوەندییانە گرنگن چونكە شارەزایی دەهێنن، فێربوونی دامەزراوەیی دەهێنن، و پەیوەندییەك بنیاد دەنێن كە بەردەوام دەبێت، وەك چۆن سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی پێدا، پەیوەندییەكان گەورەترین سەرمایەی ئێمەن، متمانە لە ڕێگەی بەشداربوونی بەردەوامەوە بنیاد دەنرێت.
كۆڕبەندی نێودەوڵەتی دێڵفی یەكێكە لە گرنگترین كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان لەجیهاندا و ساڵانە لەشاری دێڵفی یۆنان بەڕێوەدەچێت و بۆ دووەمین ساڵیشە لە سلێمانی كۆڕبەندی دێڵفی بەڕێوەبچێت.
هاوكات لەئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لەدۆخە دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.
PUKMEDIA

هەواڵی زیاتر
-
پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلاتفۆرمێک بۆ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دروستدەکات
08:23 PM - 2026-06-08 -
قوباد تاڵەبانی: یەكێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە
05:37 PM - 2026-06-08 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشمەرگەو تێکۆشەرێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
04:31 PM - 2026-06-08 -
ڕفعەت عەبدوڵا: گرنگە گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان قوڵبکەینەوە
03:22 PM - 2026-06-08
ئەمانەش ببینە
سەرۆك بافڵ: هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی گرژییەكانە
03:12 PM - 2026-06-08
حاجییانی کوردستان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە
10:52 AM - 2026-06-08
مەکتەبی سیاسی: حاجی ئاسۆ لە رووداوێکی تەمومژاویدا شەهید کرا
09:20 AM - 2026-06-08
سەرۆک بافڵ و ئەحمەد داودئۆغڵو پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپات دەكەنەوە
11:09 PM - 2026-06-07
زۆرترین خوێنراو
-
حاجییانی کوردستان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە
کوردستان 10:52 AM - 2026-06-08 -
ژمــــــارە 4
بیروڕا 10:50 AM - 2026-06-08 -
نرخى نەوت بەرزدەبێتەوە
جیهان 10:35 AM - 2026-06-08 -
نرخى زێڕ دادەبەزێت
کوردستان 09:47 AM - 2026-06-08 -
مەکتەبی سیاسی: حاجی ئاسۆ لە رووداوێکی تەمومژاویدا شەهید کرا
کوردستان 09:20 AM - 2026-06-08 -
سەرۆک بافڵ و ئەحمەد داودئۆغڵو پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپات دەكەنەوە
هەواڵ 11:09 PM - 2026-06-07 -
سەرۆککۆمار هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی بڵاو دەکاتەوە
عیراق 08:49 PM - 2026-06-07 -
مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتی لەگەڵ سێ ناوەندی گرنگی تورکیا کۆدەبێتەوە
ی ن ک 08:29 PM - 2026-06-07







دابەزێنە

