riklam

قوباد تاڵەبانی: پێویستە سەرچاوەكانی داهات و ئابوری فرەچەشن بكەین

کوردستان 12:45 PM - 2026-06-07
قوباد تاڵەبانی PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی

لە کۆڕبەندی دێلفیدا قوباد تاڵەبانی وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد، کە خۆی لە کارکردن بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی مافەکانی ژنان و پێشکەوتنی سەرجەم کۆمەڵگا و بڕوابون بە توانای ناوچەیی و تواناکانی عیراق و گرنگیدان بە پرسی ئاشتی و چەندین بابەتی تردا دەبینێتەوە.

لە دووەم رۆژی دووەمین کۆڕبەندی دێلفیدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکیدا رایگەیاند: بەخێر بێنەوە بۆ سلێمانی، شەرەفێکی گەورەیە کە پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکان، داهێنەران، بیرمەندان، خوێندکاران و هاوبەشان لە سەرانسەری کوردستان، عیراق، ئەوروپا، یۆنان و دەرەوەی وڵات دەکەم، دڵخۆشم کە دێڵفی، جارێکی تر، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

کار دەکەین بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی تایبەت


وتیشی: مانگێک لەمەوبەر، هەندێکمان لە دێڵفی کۆبووینەوە، باسمان لە خێراکردنی بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیا، پێویستی بەپەلە بۆ سەقامگیری ئابووری، گۆڕانی کەشوهەوا، کرد کە ئەم گفتوگۆیانە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەردەوامن، ئێمە تێدەگەین کە ئەم کێشانە، ئەم تێکچوونانە، تەنها بۆ ئەوە نین کە سەیربکرێن؛ بەڵکو دەبێت چارەسەربکرێن، ئێمە کار دەکەین بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی تایبەت، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گەنجانمان بەهێز بکرێن، ژنانیش دەبێت لە سەنتەری ئەم گۆڕانکارییەدا بن.

پەرەپێدانی مافەکانی ژنان بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخە


ئاماژەی بەوەش کرد: هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بگاتە تەواوی توانای ئابووری خۆی کاتێک نیوەی دانیشتووانەکەی لە دەرفەت بێبەش دەکرێن، کاتێک ژنان بەهێزدەکرێن، دامەزراوەکان بەهێزتردەبن، ئابوورییەکان بەرهەمهێنەرتر دەبن، و کۆمەڵگاکانیش سەقامگیرتر دەبن، من لەو باوەڕەدام کە پەرەپێدانی مافەکانی ژنان ئەجێندایەکی دابڕاو نییە، بەڵکو بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخە.

پێشکەوتنی ڕاستەقینە ناتەواوە ئەگەر هەر بەشێکی کۆمەڵگەکەمان لە دواوە بمێنێتەوە


دەشڵێت: من سەرکەوتن تەنها بە گەشەی ئابووری پێناسە ناکەم، بەڵکو بە گەشەکردنێک کە گشتگیر، بەردەوام و هاوسەنگ بێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئەو گەشەکردنە ناتوانێت تەنها لە چوارچێوەی یەک کەرتدا کۆببێتەوە، داهاتووی کوردستان ناتوانێت تەنها پشت بە کێڵگە نەوتییەکان ببەستێت، ناشکرێت تەنها بەندبێت بە گەشەی ئابووری شارەکانی پایتەخت، وەک هەولێر، پێشکەوتنی ڕاستەقینە ناتەواوە ئەگەر هەر بەشێکی کۆمەڵگەکەمان لە دواوە بمێنێتەوە.

بڕوام بە توانای ناوچەکانمان هەیە


قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەڵێت: لە داهاتوو من زۆر بە توندی بڕوام بە توانای ناوچەکانمان هەیە، بەشە جیاوازەکانی کوردستان هێزی جیاوازیان هەیە، و سەرکردایەتیمان دەبێت ڕێگا چارە بدۆزێتەوە بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان تێیاندا، ئەمڕۆ دەبێت سەرنج بخەینە سەر کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، بەرهەمهێنان، گۆڕینی وزە و گەشەپێدانی مرۆیی، سلێمانیش ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەو داهاتووەدا، ئەم شارە هەمیشە وەک هێمایەکی قووڵایی کولتووری، خوێندن، و ژیانی مەدەنی بووە، ڕۆڵی سلێمانی هەمیشە ڕۆڵی پرد دروستکەر بووە، شوێنی دیالۆگ و نێوەندگیری بووە.

عیراق توانایەکی بێپایانی هەیە بۆ سەرکەوتن


وتیشی: ئەمرۆ عیراق حکومەتێکی نوێی هەیە و لەگەڵیدا پەنجەرەیەکی نوێی دەرفەت دەکرێتەوە بۆ چەسپاندنی سەقامیگری گەورەتر، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بنیادنانی بەردەوامی درێژخایەن، عیراق توانایەکی بێپایانی هەیە بۆ سەرکەوتن، ئێمە سەرچاوەمان هەیە، بەهرەمان هەیە، دانیشتووانێکی گەنجمان هەیە، شوێنێکی ستراتیژیمان هەیە، بەڵام ئەو توانایە تەنها لە کاتێکدا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت ئەگەر لە سەرانسەری کۆمەڵگاکانمان و دابەشبوونە سیاسییەکانماندا کار بکەین بۆ بنیادنانی پێشکەوتنی هاوبەش، سەرکەوتنی جوگرافی عیراق گرنگە، بەڵام تەنها لە کاتێکدا دەتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ژینگەیەکی سەقامگیر و پێشبینیکراو بۆ وەبەرهێنان دروست بکەین، سەرکەوتنی کوردستانیش بە قووڵی بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی عیراقێکی سەقامگیرەوە، ئێمە دەمانەوێت هاوبەشێکی چالاک بین لەو پێشکەوتنەدا، بە شێوازێکی ستراتیژی و بنیاتنەرانە لەگەڵ بەغداد بەشدار بین.

دەبێت ببینە بەرگریکاری پرسی ئاشتی


لەلایەکی تریشەوە ئەوەی وت، کە ئەمڕۆ، دەبێت ببینە بەرگریکاری پرسی ئاشتی، ئەمە بانگەوازێک نییە کە لە سادەییەوە لەدایک بووبێت، بەڵکو لە پێویستییەوە هاتووە، ئاشتی متمانە دروست دەکات، ئاشتی سەقامگیری دەهێنێت، و ئاشتی ڕێگەمان پێدەدات بنیادنەر بین، هەر لەبەر ئەوەشە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببینە هێزێک بۆ سەقامگیری، شوێنێک کە دیالۆگی تێدا بێت. ئەمە بە دوورخستنەوە یان دابەشبوون بەدی نایەت، هەر لەبەر ئەوەشە کۆڕبەندەکانی وەک دێڵفی پلاتفۆرمێک دابین دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان، بۆ سەیرکردنی دەرەوەی سنوورە بەردەستەکان، بۆ بەستنەوە لەگەڵ هاوبەشەکان لە ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم پەیوەندییانە گرنگن چونکە شارەزایی دەهێنن، فێربوونی دامەزراوەیی دەهێنن، و پەیوەندییەک بنیاد دەنێن کە بەردەوام دەبێت، وەک چۆن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی پێدا، پەیوەندییەکان گەورەترین سەرمایەی ئێمەن، متمانە لە ڕێگەی بەشداربوونی بەردەوامەوە بنیاد دەنرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket