riklam

هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی مامە غەفە

ی ن ک 08:07 PM - 2026-03-23
تێكۆشەرێكی دێرین و فەرماندە مام غەفوور PUKMEDIA

تێكۆشەرێكی دێرین و فەرماندە مام غەفوور

پرسەنامە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمشەو 23ی 3ی 2026، پێشمەرگەی رۆژە سەختەكان و فەرماندەی ماندوونەناس مام غەفور ناسراو بە (مامە غەفە) كۆچی دوایی كرد، لەوچوارچێوەیەشدا ژمارەیەك پرسەنامەو هاوخەمی ئاڕاستەی خێزان و خانەوادەی كۆچكردوو كراون.

دەقی پرسەنامەكان:



سەرۆك بافڵ: مامە غەفە هێمای ئازایەتی و دڵسۆزیی خاك و نیشتمانە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ كۆچی دوایی مامە غەفە پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: مام غەفوور هەموو تەمەنی خۆی بۆ گەلەكەی تەرخانكرد و بۆ ئێمە هێمای ئازایەتی و دڵسۆزییە بۆ خاك و نیشتمان.

دەقی پەیامەكە:
لە دڵەوە غەمباربووم بە كۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور، یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. 

بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەكەیان، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەكەم. 

مام غەفوور یەكێك بوو لە تێكۆشەرە دیارەكانی كوردستان كە هاوڕێی سەرۆك مام جەلال بوو ، هەموو تەمەنی خۆی بۆ گەلەكەی تەرخانكرد و بۆ ئێمە هێمای ئازایەتی و دڵسۆزییە بۆ خاك و نیشتمان، بۆیە لەدەستدانی كۆستێكی گەورەیە بۆ هەموومان. 

لە خوای گەورە داواكارم گیانی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.


كۆسرەت رەسوڵ: مامە غەفە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی گەل  تەرخانكرد

كۆسرەت رەسوڵ عەلی هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور دەردەبڕێت كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان خانەوادەو كەسوكاری فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین، فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی كوردستان مام غەفوورم بیست، دڵگران و خەمباری كردم.

مام غەفوور تێكۆشەرێكی دێرین و فەرماندەیەكی ئازاو قارەمان، كەسایەتییەكی دیارو كۆمەڵایەتی كوردستان بوو، پێشمەرگەیەكی ئازاو دیارو ناسراوی كوردستان بوو، هەموو تەمەنی خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی گەلەكەی، هەمیشە لەبەرەی پێشەوەی خەبات و قوربانیدان بووە بۆ پاراستنی كوردستان، لەم پێناوەدا چەندان شەهیدیان بە كوردو كوردستان بەخشی.

بۆ ئەم كۆستەو لەدەستدانی مام غەفووری تێكۆشەرو پێشمەرگەی قارەمان، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خانەوادەو كەسوكار، هاوخەبات و تێكۆشەران دەكەم، هیواخوازم ئەمە دواكۆست و ناخۆشی هەموومان بێت، خوای گەورە سەبووری هەموو لایەك بدات و كۆچكردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

براتان
كۆسرەت رەسوڵ عەلی

ڕفعەت عەبدوڵا: مامە غەفە تێکۆشەرێکی هەڵکوتوو و خەباتگێڕی ڕۆژە سەختەکان بوو

ڕفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور دەردەبڕێت كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی ژیانئاوایی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور (مامە غەفە)م بیست.

خوالێخۆشبوو تێکۆشەرێکی هەڵکوتوو و خەباتگێڕی ڕۆژە سەختەکان بوو، لە خەبات دژی دیکتاتۆریەت و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستانیش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان هەمیشە وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی خاوەن هەڵوێست و جوامێربوو، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خێزان و کەسوکار و هەڤاڵەکانی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای گەورە بیخاتە سایەی لێخۆشبوونی خۆی و پاداشتی کەس و کاری بداتەوە.

ڕفعەت عەبدوڵا
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مەکتەبی سیاسی: مام غەفور نموونەی ئازایەتی و بوێری بوو

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور دەردەبڕێت كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان کەسوکار وخانەوادەی تێکۆشەر و فەرماندەی دێرین هەڤاڵ مام غەفور، هەڤاڵانی ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی قارەمان.
بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و فەرماندەی قارەمان و ماندونەناسی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، مام غەفور دەروێش ئەحمەد( مامە غەفە)، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین.

هەڤاڵ مام غەفوور لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا جوامێرێکی ئازا و بە جەرگی تێکۆشان و لە چالاکی و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەدا هەمیشە نموونەی ئازایەتی و بوێری بوو . هەروەک لە خانەوادە کوردپەروەرەکەیدا پۆلێک شەهیدیان پێشکەشی کوردو کوردستان کردوە.

لەیەزدانی مەزن داواکارین ڕۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت
انا لڵە و انا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


قوباد تاڵەبانی: سەختە بڕوا بەمەرگی هەڵۆی بەرزەفڕی شاخ و پێدەشتەكانی كوردستان بكەین

لای هەڵۆی بەرزەفڕی بەرزە مژی
چۆن بژی شەرتە نە وەك چەندە بژی

پێش 10 رۆژ چوومە خزمەتی، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیبوو، بەڵام نیگای هەمان نیگای پڕ لە ئومێدی سەردەمی پێشمەرگایەتییەكەی بوو. 

زۆر سەختە بڕوا بكەی بە مەرگی هەڵۆیەكی بەرزەفڕی شاخ و پێدەشتەكانی كوردستان، پاڵەوانی رۆژی تەنگانە و فەرماندەی بەعسشكێن، هاوڕێی خۆشەویستی مام و خۆشەویستی هەموو پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان.

مامە غەفور (مامەغەفە)ی ئازیز روحت شاد و خودای گەورە سەبووری و ئارامی بە هەموو ئازیزان و خۆشەویستانت ببەخشێت و كەسمان لە میراتە بە نرخەكەت؛ وەفا و راستگۆیی و ورە و ئازایەتی و پاكێتی و نیشتمانپەروەری بێبەش نەكات.


شێخ جەعفەر: مامە غەفە خەباتگێڕێكی سەرڕاست و نیشتمانپەروەرێكی رێگای رزگاریی بوو

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین مام غەفوور دەردەبڕێت كە ئەمە دەقەكەیەتی:
 
بەڕێزان كوڕان و خانەوادەو كەسوكاری خوالێخۆشبوو مام غەفور دەروێش ئەحمەد ناسراو بە( مامە غەفە)

بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەرو پێشمەرگەی رۆژە سەختەكان ( مامە غەفە)م پێگەیشت.

كۆچكردوو، خەباتگێڕێكی سەرڕاستی ماندونەناس، نیشتمانپەروەرێكی رێگای رزگاری میللەتەكەی بوو. هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تا دوا هەناسەكانی، پێشمەرگەی داكۆكیكار لە مافە رەواكانی گەلەكەی بوو، لەتەواوی قۆناغە سەختەكانی خەباتی كوردایەتی و بەرگری لە حكومەتی هەرێم، رۆڵی سەركردانەو بەرچاوی هەبووە، بە خوێن و گیانی خۆی خزمەتێكی بێ ئەندازەی كوردستانی كرد، هەربۆیە لەدەستدانی، زیانێكی گەورەیە بۆ میللەتەكەمان.

بۆ ئەو خەمە قووڵە، پرسە و هاوخەمیی خۆمتان بۆ دەردەبڕم. لە یەزدانی مەزن داواكارم كۆچكردوو بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و سەبووری ئێوەی بەڕێز بدات.

ٳنا للە وٳنا ٳلیە راجعون

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مامە غەفە  نمونەی باڵای خەبات و قوربانیدان بوو

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی مامەغەفە بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی: 

بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (مام غەفور)، زۆر غەمباربووم. 

کۆچی دوایی مامەغەفەی فەرماندە و پێشمەرگە و نمونەی باڵای خەبات و قوربانیدان لەپێناو گەل و نیشتمان، داخێکی قوڵی لەدڵماندا جێهێشت. 

پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.

خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket