riklam

تیرۆری سپی، هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر کۆمەڵگە

کوردستان 12:16 PM - 2026-02-05
ماددەی هۆشبەر PUKMEDIA

ماددەی هۆشبەر

ماددەی ‌هۆشبه‌ر، هه‌موو ئه‌و مادده‌ خاو و ئاماده‌كراوانانه‌ن كه‌ تایبه‌تمه‌ندی وریاكه‌ره‌وه‌ و ئازارشكێنیان تێدایە، جگه‌ له‌ بواری پزیشكی و پیشه‌سازی لەلایەن تاکەوە به‌كاردەهێنرێت، باری راهاتن (ئالوودەبوون) دروست ده‌كه‌ن و له‌ رووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌ زیان به‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نن.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، دەستیگرتووە بەسەر بڕی یەک تۆن و 206 کیلۆ و 262 گرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا لەگەڵ سێ تۆن و 668 کیلۆگرام ماددەی ئەسید، لە هەڵمەتەکاندا دەستگیراوە بەسەر 59 دەمانچە و چوار جۆری دیکە چەک و 107 ئۆتۆمبێلیشدا.

ماددە هۆشبەرەكان هەندێکیان سرووشتین و هەندێکی دیکەیان لە تاقیگەکاندا دروست دەکرێن، هەڕەشەیەکی جدین لەسەر هەموو جیهان، هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نییە و بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەدان خێزان و گرفتاربوونیان.

بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی، ژمارەی راگیراوانی ماددەی هۆشبەر ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی 2024 روو لە کەمبوون بووە.

عەقید كارزان شێركۆ وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ژمارەی راگیراوانی ماددە هۆشەبەرەکان بۆ ساڵی 2025 لە هەرێم 1005 کەس بوون، بەڵام  بۆ ساڵی  2024 ژمارەی راگیراوان 1160 کەس بوون.

وتیشی: تێکڕای تەمەنی راگیراوان لەنێوان 18 بۆ 57 ساڵیدایە و رێژەی دەستگیرکراوانی پیاو %94,7 و رێژەی دەستگیرکراوانی ژن بە ماددە هۆشبەرەکان %5,3یە.

ھۆکارەکانی ئالوودەبوون

توێژەرانی کۆمەڵایەتی ھۆکارەکانی ئالوودەبوون دەگەڕێننەوە بۆ: باوەڕ بەخۆنەبوون، بوونی ھاوڕێی خراپ، خراپی باری کۆمەڵایەتی، کەمدەرامەتی، خراپی پەروەردەی خێزان، کەمیی ئاستی زانیاری، بێکاریی، نەخۆشی دەروونی، راکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەکارھێنانی توندوتیژی لە کاتی پەروەردەکردندا.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم، رێژەی بەکارهێنان یاخود بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بەپێی تەمەنەکان لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە: بۆ رەگەزی نێر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە رێژەی
85 ٪ پێکدەهێنن، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە رێژەی ٪4 پێکدەهێنن، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵیدایە رێژەی ٪6 پێکدەهێنن، هەروەها بۆ رەگەزی مێ بە تێکڕای تەمەنەکان رێژەی ٪5 پێکدەهێنن، ئەمەش دەریدەخات رێژەکە لەناو گەنجاندا زۆر بڵاوبووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان هیچ شوێنێکی رەسمی نییە بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەوەش گرفتی بۆ کەسوکاری ئالوودەبووان دروستکردووە و نازانن بۆ رزگاربوون روو لەکوێ بکەن.

ئەرکان عومەر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا بەردی بناغەی سەنتەرێکی شیاندنەوە لەسەر رووبەری 13 هەزار مەتر دووجا لە پارێزگای هەولێر دانراو ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە، سەنتەرەکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لەلایەن دەزگایەکی خێزخوازی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە دروست دەکرێت.

بەدواداچوونی دوای ئازادبوون

ماددە هۆشبەرەکان کاریگەریی نەرێنییان ئەوەندە زۆرە، بە (تیرۆری سپی) ناو دەبرێن، بڵاوبوونەوەیان هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

ئەرکان عومەر دەڵێت: لە هەرێم بەندکراوانی ماددەی هۆشبەر دوای ئازادبوونیان دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، ماوەماوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانەوە بانگێشت دەکرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت، تاوەکو دڵنیابین نەگەڕاونەتەوە سەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەگەر پاش پشکنین دەرکەوت دووبارە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە، رێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێتەوە.

گوتیشی: لەناو دەستگیرکراوانی ماددە هۆشبەرەکاندا خەڵکی بیانی هەن، دوای دادگاییکردنیان و تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

هەندێک لە کەسەکان بەهۆی زۆر بەکارهێنانی دەرمانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی ئالوودە دەبن، بەڵام بەپێی یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2020 یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان – عیراق، بەشی چوارەم ماددەی 16، جگە لە مەبەستی چارەسەركردنی پزیشكی و تەنیا بەپێی ئەو رێنمایی و رێوشوێنانەی وەزارەت لەم بارەیەوە دەریاندەكات، پزیشك بۆی نییە ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵی وەک چارەسەر بۆ هیچ نەخۆشێك بنووسێت.

سزای بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزای هەیە و بەپێی یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2020 یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان – عیراق دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن بەم شێوەیە:

لە بەشی هەشتەم، ماددەی 25ی یاساکەدا هاتووە: هەر كەسێك ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵی یان پێشینەی كیمیایی، یان رووەكێك لەو رووەكانەی ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵیی لێ بەرهەمدێت، هەناردە یاخود هاوردە بکات، یان دروستی بکات یاخود بیڕوێنێت و بازرگانی بە تۆوەکەیەوە بکات، بە لەسێدارەدان یان زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزا دەدرێت.

جگە لە سزای زیندانیکردن، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر پێبژاردنی مادیشی هەیە، لە بەشی هەشتەم، ماددەی 26ی هەمان یاسادا هاتووە: هەر کەسێك ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵی یان پێشینەی كیمیایی، بە دەستهێنابێت یان کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات یان نێوەندگیریی لەنێوان ئەو کارانەدا بکات، یان بۆ بەکارهێنان پێشكەشی كەسی دیكەی كردبێت، یان بەشداربووبێت یان هاندەربووبێت لەسەر بەكارهێنانی، شوێنێكی بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵیی بەڕێوەبردبێت یان ئامادەكردبێت یان رەخساندبێت، سزا دەدرێت بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی یان كاتی و پێبژاردنێك كە كەمتر نەبێت لە (30.000.000) سی ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە (90.000.000) نەوەد ملیۆن دینار.

توێژەرانی کۆمەڵایەتی لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالودەبوون لە کۆمەڵگەدا دەستیشان دەکەن بە: زیادبوونی توندوتیژی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، کەمبوونەوەی ئاسایش و زیادبوونی تاوان و دزی، کەمبوونەوەی هێزی کار و داهێنان لە کۆمەڵگەدا، لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوەی تاک لە کۆمەڵگە، وێرانبوونی داهاتووی تاک و کۆمەڵگە بە گشتی.

ئێستا زۆربەی كۆمەڵگەكان لە بەردەم كاریگەرییە خراپەکانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردان، كۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی زیانەکانی، پێویستی بە هاوبەشی هەمووانە و پێویستە هەرکەس لەلای خۆیەوە هەست بە مەترسییەکانی بکات، رووبەڕووی ببێتەوە و هەوڵی پاراستنی کەسانی چواردەوری بدات لێی.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم، بەکارهێنان یاخود بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، لەناو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە رێژەی 85 ٪ پێکدەهێنن.

PUKMEDIA ئەسرین محەمەد/  سلێمانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket