riklam

مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 11 یان 1 وەردەگرن ؟

کوردستان 11:29 AM - 2026-01-25
ديناری عیراقی PUKMEDIA

ديناری عیراقی

مووچە

نزیكەی مانگێكە مووچەی مانگی 10ی ساڵی رابردوو دابەشكراوەو تائێستاش كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی 11 و 12 بەنادیاریی ماونەتەوەو مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیش تائێستا لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم نەنێدراوە، چونكە هەرێم داهاتی نانەوتی بۆ عیراق نەناردوە كە بڕەكەی 120 ملیار دینارە.


مووچەی مانگی یەك دوادەكەوێت


رۆژی 28ی 12ی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی 10 ی بڵاوكردەوەو بەپێی خشتەكە لەماوەی سێ رۆژدا هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەیان وەرگرت، بەڵام تائێستا مووچەی دیكە دابەشنەكراوەو دیاریش نییە مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردووە یان مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق تایبەت بە PUKMEDIA ی راگەیاند: تائێستا مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ لەعیراقیش دابەشنەكراوە، چونكە سەرەتای ساڵەو پێویستە هەژماری ساڵی رابردوو داخرێت، هەموو ساڵێك بۆ مووچەی مانگی 1، چەند رۆژێك بەراوورد بە مانگەكانی دیكە دوادەكەوێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: حكومەتی عیراق هەر كاتێك مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ دەبێت و ئەو دوو مووچەیەی ساڵی رابردوو كە بۆ هەرێم نەنێدراوە، پێویستە حكومەتی هەرێم خۆی دابەشیبكات.


هەرێم ر‌ووبەڕ‌‌ووی گەمارۆی وەبەرهێنان و كەلێنی گەورەی دارایی كراوەتەوە


لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە، پاش پەسندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عیراق، بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025)، كەتیایدا پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكرا، هەرێم ر‌ووبەڕ‌‌ووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "كەلێنی گەورەی دارایی" كراوەتەوەو ئەوەی بەكردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕ‌‌ی نەكردووە، كە دەكاتە 41%ی مافە داراییەكان و ئەمەش تەنها %3.9 ی كۆی بودجەی عیراقە.

بەپێی راگەیەنراوەكەی دارایی هەرێم بێت، حكومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە، بەشێوەیەك لەساڵی 2025 بڕ‌ی 919 ملیار دیناری لەداهاتی نانەوتیی، رادەستی گەنجینەی فیدراڵی كردووە، بەڵام حكومەتی عیراق تەنها مووچەی 10 مانگی بۆ هەرێم ناردووە.



تاپەسندكردنی بودجە، رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی مووچەوە بەردەوام دەبێت

ناردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەم و مانگەكانی دیكە لەلایەن عیراقەوە بۆ هەرێم بەردەوامی دەبێت و ئەندامێكی خولی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: هەتا بودجە پەسند دەكرێت، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوامیی دەبێت.

شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامیی دەبێت، تا ئەو كاتەی لەپەر‌لەمانەوە بوودجە پەسند دەكرێت.

راشیگەیاند: پێویستە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕ‌ێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، هەروەها مانگانە داهاتی نانەوتی بۆ عیراق بنێرێت، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق پابەند دەكرێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشكرد، مووچەی مانگەكانی (1،2،3)ی ئەمساڵ بەپێی ئەو رێككەوتنی لەنێوان هەردوولادا هەیە لەلایەن عیراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عیراق مووچەخۆرانی هەرێمیش مووچە وەردەگرن.

سەبارەت بە مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی رابردووش ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: پێویستە هەردوو حكومەت ئەو پرسە یەكلابكەنەوە هەرچەندە بەپێی داتاو ئامارەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ سێ ساڵی رابردووی بودجە حكومەتی عیراق24.3  ترلیۆن دیناری كەمتری لەبودجە بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام لەبەرامبەردا دارایی عیراق قسەی خۆی هەیە، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بەیەكلاكردنەوەیە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2025 دا مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی دابەشنەكردووەو چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، ساڵی 2024 یش مووچەی مانگی 12 ی دابەشنەكرد، بۆ ئەمساڵیش بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، مووچە مانگەكانی 1 و 2 و 3 زامنكراون تا ئەوكاتەی پڕۆژەیاسای بودجەی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسند دەكرێت و بەشەبودجەی هەرێمی تێدا دیاریی دەكرێت.

هاوكات كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی تەمەنی خۆیدا كە زیاتر لە شەش ساڵ و نیوە،13 مووچەی تەواوی دابەشنەكردوە و 10 مووچەشی بە لێبڕ‌ینی لە%18 و %21 دابەشكردووە، هەروەها 54 مووچەشی بە تەواوی خەرجكردوە، بەمەش لەماوەی یەك دەیەی قەیرانی داراییدا، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە چارەسەرێكی بنچینەیی بۆ كێشەی مووچەی بدۆزێتەوه ‌و خەرجنەكردنی مووچەی كۆتایی مانگەكانی ساڵیش وەك كلتورێكی باوی لێهاتووه ‌و خەرجناكرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket