riklam

له‌مساڵدا كورد بودجه‌ یان مووچه‌ی له‌عیراق ده‌ستده‌كه‌وێت ؟

کوردستان 11:27 AM - 2026-01-05
دراوی عیراقیی PUKMEDIA

دراوی عیراقیی

مووچە

مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕ‌انی بواری ئابووری و دارایی ته‌ئكید له‌ خراپی دۆخی دارایی عیراق ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ساڵی 2026دا و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كورتهێنانی زۆر ده‌بێت له‌ بودجه‌دا، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراقیش ده‌ڵێت: پێویسته‌ عیراق جگه‌ له‌ نه‌وت، بیر له‌سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی داهات بكاته‌وه‌ به‌تایبه‌تی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا:
رێككه‌وتنێك له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ و بنه‌مایه‌كی باشه‌، چونكه‌ ئێستا نه‌وت له‌ رێگای سۆمۆوه‌ ده‌ڕ‌وات و سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاته‌ بۆ خه‌زێنه‌ی عیراق

د. بیلال ره‌ئوف: 
هه‌میشه‌ له‌ وڵاتان بودجه‌ بۆ شه‌ش مانگ یان ساڵ یان چه‌ند ساڵێك داده‌نرێت،  جاری پێشوو رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق به‌و شێوازه‌ بوو كه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ سێ ساڵ بێت

د.كامه‌ران قادر:
هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیانه‌ی تووشی ئابووری عیراق ده‌بێت.

نه‌وت و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی

هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: راسته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و شاده‌ماری ئابووریی عیراق نه‌وته‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی پشت به‌ یه‌ك سێكته‌ری ئابووری ده‌به‌ستن، بێگومان ترسی كێشه‌ی ئابوورییان رووبه‌ڕ‌ووده‌بێته‌وه‌ و بۆ عیراقیش ئه‌مه‌ راسته‌، چونكه‌ له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان پێدانی مووچه‌ له‌ئاستێكی به‌رزدایه‌ و هاووڵاتیه‌كی زۆر مووچه‌خۆرن، هه‌رچه‌نده‌ عیراق وڵاته‌و خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆری دراوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ده‌توانێت پێداچوونه‌وه‌ش بكات به‌هه‌موو سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی داهاتدا جیاواز له‌ نه‌وت به‌ تایبه‌تی (كشتوكاڵ و پیشه‌سازی) و ته‌واوی بواره‌كانی دیكه‌ و ده‌توانێت بره‌ویان پێبدات، به‌ڵام تائێستا نازانرێت بودجه‌ی داهاتووی عیراق به‌هه‌مان سیستمی رابردوو ده‌بێت بۆ سێ ساڵ یان ته‌نها بۆ ساڵێك ده‌بێت و ساڵانه‌ بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت، چونكه‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوو جیاوازتر ده‌بێت و به‌دڵنیاییه‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی حكومه‌تی نوێ به‌رنامه‌كان زیاتر روون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌كی ئابووری له‌ عیراقدا هه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام تائێستا عیراق له‌سه‌ر پێی خۆیه‌تی له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی باس ده‌كرێت به‌تایبه‌تی بابه‌تی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كه‌ پێموایه‌ نرخی به‌و شێوه‌یه‌ دانابه‌زێت تا كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌رئه‌وه‌ی عیراق نه‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات.

رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا

وتیشی: رێككه‌وتنێك له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی باشه‌، چونكه‌ ئێستا نه‌وت له‌ رێگای سۆمۆوه‌ ده‌ڕ‌وات و سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاته‌ بۆ خه‌زێنه‌ی عیراق. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بتوانین له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی عیراقدا پرۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز تێپه‌ڕ‌ێنین، ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ و بنه‌مایه‌ك بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كێشه‌ی مووچه‌ دروستنه‌بێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی چیتر مووچه‌ و بژێویی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێته‌ كێشه‌ و مانشێتی هه‌واڵه‌كان و هه‌موو مانگێك دووباره‌ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ كارێكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ت، هیوادارم پرۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز ببێته‌ بنه‌مایه‌ك، چونكه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ساڵی (2012) له‌لای حكومه‌ت ده‌نگی پێدراوه‌ و چه‌ندینجار چۆته‌ په‌رله‌مان و گۆڕ‌انكاریی تێداكراوه‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارم له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا په‌سه‌ندبكرێت بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕ‌ه‌تیی مووچه‌ بكات، هه‌روه‌ها له‌ یاسای كارگێڕ‌ی و داراییدا كێشه‌ی داهاتی نانه‌وتی یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و داهاتانه‌ی فیدراڵین دیارن و پێویسته‌ له‌ بودجه‌ی داهاتوودا دیاریبكرێن.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: پێشتریش له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌دا دیاریده‌كراو دیاربوو كه‌ پێویسته‌ نه‌وت له‌ رێگای سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت و داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و له‌ رێگای ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیاریبكرێت، ئه‌مانه‌ به‌پێی رێككه‌وتنه‌كانی رابردوو به‌شێكی ئێمه‌ به‌ دڵمان بووه‌ و به‌شێكی كێشه‌مان هه‌بوو له‌سه‌ری، به‌ڵام له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام نه‌وت له‌ رێگای سۆمۆوه‌ بڕ‌وات و گه‌شه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشوو بدرێت و له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا پرۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز په‌سه‌ندبكرێت، بێگومان ده‌بێته‌هۆی چاره‌سه‌ربوونی به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی رابردوو.

بودجه‌ی ساڵی 2026

هه‌ر له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د.بیلال ره‌ئوف ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ باسی له‌وه‌كرد، بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2026 له‌مپه‌ر و گرفتی زۆری له‌به‌رده‌مدایه‌، به‌گشتی پێشبینی ده‌كرێت بودجه‌ی نه‌بێت یان به‌ ته‌واوه‌تی بۆ ساڵه‌كه‌ نه‌یبێت، چونكه‌ بۆ ئاماده‌كردنی بودجه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت پلانه‌كانی خۆیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و دارایی و ئه‌وانیش به‌ هاوئاهه‌نگی ره‌شنووسی پرۆژه‌یاساكه‌ ئاماده‌بكه‌ن و دواتر پێویسته‌ وه‌زیری دارایی و به‌شی بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ په‌سه‌ندی بكه‌ن و هه‌موو ئه‌مانه‌ قۆناغه‌ به‌ قۆناغ ئاماده‌ده‌كرێت، بۆ نموونه‌؛ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌ڵێت ده‌توانن چه‌ند نه‌وت هه‌نارده‌بكه‌ن به‌پێی بڕ‌یاری ئۆپیك و پێشبینییان بۆ نرخی نه‌وت چۆنه‌؟ گومرگه‌كان و به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باجیش به‌هه‌مانشێوه‌ راپۆرتی خۆیان ده‌ده‌ن. بۆیه‌ ئاماده‌كردنی بودجه‌ ورده‌كاریی زۆری هه‌یه‌، دواتر ده‌چێته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق و پێویسته‌ له‌وێ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت و دواتر بینێرێت بۆ په‌رله‌مانی عیراق. 

وتیشی: وه‌ك ده‌زانین ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق پێكهاته‌ی جیاوازی تێدایه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كاتێكی زۆری بوێت، چونكه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه‌ ده‌كرێت و هه‌موو پێكهاته‌كان داواكارییان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت پشكی زیاتریان به‌ربكه‌وێت، دواتر له‌ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و به‌پێی ئه‌زموونی رابردوو نزیكه‌ی هه‌شت مانگ كات پێویسته‌ بۆ ئاماده‌كردنی بودجه‌، ره‌نگه‌ حكومه‌تی ئێستا نه‌توانێت بودجه‌ ئاماده‌بكات و پێویسته‌ حكومه‌تی نوێ بودجه‌ ئاماده‌بكات، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ و ئه‌و ماوه‌ ده‌ستوورییانه‌ی پێویستن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق تا مانگی چواری ساڵی 2026ی پێده‌چێت و ئاماده‌كردنی بودجه‌ش به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ چوار مانگی پێده‌چێت و ده‌نگدانی ناو په‌رله‌مانیش ماوه‌یه‌كی دیكه‌ دوایده‌خات، بۆیه‌ بۆ ساڵی 2026 عیراق له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌  بودجه‌یه‌كی یه‌ك دوو مانگی هه‌بێت یان پشت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2025 ده‌به‌ستن و ده‌كرێت به‌ 12 به‌ش، كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك به‌شێكی به‌كارده‌هێنرێت و زیاتر بۆ خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.

بودجه‌ی وڵاتان 

د. بیلال ره‌ئوف راشیگه‌یاند: هه‌میشه‌ له‌ وڵاتان بودجه‌ بۆ شه‌ش مانگ یان ساڵ یان چه‌ند ساڵێك داده‌نرێت، به‌ڵام به‌ گشتی یه‌ك ساڵه‌، جاری پێشوو رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق به‌و شێوازه‌ بوو كه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ سێ ساڵ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م مافی كورد پارێزراوبێت هه‌میش هی پارێزگاكان و حكومه‌تیش نه‌توانێت دوای ساڵێك گۆڕ‌انكاری له‌ یاساكه‌دا بكات، بۆیه‌ بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ قورسه‌ بڵێین ئه‌و پرۆژه‌یاسای بودجه‌یه‌ی دایده‌نێت بۆ ساڵێك ده‌بێت یان بۆ سێ ساڵ، به‌ڵام له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا بێت ساڵی 2026 عیراق بێ بودجه‌ ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ نرخی نه‌وتیش، د. بیلال ره‌ئوف پێشبینیده‌كات له‌نێوان 50 بۆ 60 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بێت، ته‌نانه‌ت پێیوایه‌ ئه‌گه‌ری شۆكێكی نه‌وتی هه‌یه‌، به‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت بۆ 30 دۆلار یان كه‌متر. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: «به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت كه‌متربێت، ئه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عیراق دروستده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێت خه‌رجییه‌كانی خۆی دابین بكات، چونكه‌ نرخی نه‌وت به‌رده‌وام به‌رز و نزم ده‌كات، عیراقیش خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی باشه‌ كه‌ په‌نای بۆ ببات، 170 تۆن زێڕ‌ی هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار یه‌ده‌گی هه‌یه‌ و ده‌توانێت سوود له‌وانه‌ ببینێت و كورتهێنانه‌كانی پێپڕ‌بكاته‌وه‌. سه‌رباری ئه‌و گۆڕ‌انكارییانه‌ی له‌ داهاتی نانه‌وتی و ناوخۆییدا روویانداوه‌، كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و عیراق ده‌توانێت سوودیان لێببینێت، له‌هه‌مانكاتیشدا عیراق پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی نه‌بێت ته‌نها پابه‌ندده‌بێت به‌ دابینكردنی مووچه‌ و ئه‌و خه‌رجییه‌ی له‌ داموده‌زگاكاندا پێویستن.

پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د.بیلال ره‌ئوف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، به‌وپێیه‌ی پێشبینی ده‌كه‌ن ساڵی 2026 عیراق پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی نه‌بێت، بۆیه‌ زیاتر پشت به‌ یاسای فریاگوزاری ده‌به‌ستێت، پشكی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ بودجه‌كه‌دا به‌ خه‌رجیی گشتی و خه‌رجیی وه‌به‌رهێنان دیاریده‌كرێت و له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجیی گشتیدا مووچه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام دواتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ كراوه‌، بۆیه‌ له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی نوێدا له‌سه‌ر چی بڕ‌ێك رێكده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی ده‌بێت. له‌سه‌ر داهاتی نانه‌وتییش هه‌ندێك كێشه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ئه‌نجامی كۆتایی ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ی بۆ دێت نه‌ك مووچه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی باشی سیاسی له‌گه‌ڵدابێت، چونكه‌ رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ زۆرجار له‌ بابه‌ته‌ داراییه‌كه‌ گرنگتره‌، به‌ڵام هێشتا هه‌مان ئه‌و رێژه‌یه‌ نادات، كه‌ له‌ بودجه‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی بوونی بڕ‌گه‌یه‌ك له‌ یاساكه‌دا، كه‌ ده‌ڵێت، له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كان شایسته‌ داراییه‌كان و بودجه‌ بۆ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان خه‌رجده‌كرێت، كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ٪12.67 ته‌رخانكراوه‌ و 15 تریلیۆن دینار ده‌كات، به‌ڵام عیراق نایه‌ت ئه‌و بڕ‌ه‌ بۆ تۆ بنێرێت، كه‌ بودجه‌ خۆی 150 تریلیۆن دیناره‌ و دێت ده‌ڵێت من له‌و بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ی دیاریم كردووه‌، 80 تریلیۆنم خه‌رجكردووه‌ و دێت له‌و 80 تریلیۆن دیناره‌ ئه‌و ٪12.67ه‌ بۆ تۆ ده‌نێرێت، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ بری 15 تریلیۆن دیناره‌كه‌ی هه‌رێم، ئه‌وكاته‌ هه‌شت تریلیۆنمان بۆ بنێرێت، به‌وپێیه‌ش پاره‌كه‌ ته‌نها به‌شی مووچه‌ی چه‌ند مانگێك ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ كێشه‌ن و ئه‌ركێكه‌ له‌سه‌ر لیژنه‌ی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان چ له‌ ئاستی حزبی جیاواز چ له‌سه‌رئاستی هاوپه‌یمانێتییه‌كان، كه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ عیراق له‌ كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا، ده‌بێت ئه‌و خه‌رجی فیعلییه‌، هه‌رێمی كوردستان نه‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م پشكی هه‌رێم و جگه‌ له‌ ململانێكانی دیكه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێت نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كاتێك پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، پێویسته‌ هه‌م له‌ لیژنه‌ی دارایی و هه‌م له‌ په‌رله‌مانیش داكۆكی له‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ ئه‌و بڕ‌گه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ ناتوانیت ئه‌و بڕ‌گه‌یه‌ لاببه‌یت، بۆیه‌ هه‌تا ئه‌و بڕ‌گه‌یه‌ هه‌بێت، بێگومان كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌كاتی رێككه‌وتنیشدا هه‌ر گرفتی بۆ دروست ده‌بێت.

 ده‌شڵێت: به‌ش به‌حاڵی خۆم بۆ ساڵی 2026 سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌شبین نیم، چونكه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ململانێی پێكهێنانی حكومه‌ت و دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌و به‌رانه‌ی له‌ دوای یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دروستده‌بن، بۆیه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ قورس ده‌بینم. 

بودجه‌كه‌ بۆ چه‌ند ساڵه‌؟

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌، د.كامه‌ران قادر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ‌ی ئابووری وتی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ بودجه‌ی عیراق وه‌كو جاری پێشوو بۆ سێ ساڵ نابێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاری هه‌ن، كه‌ رووبه‌ڕ‌ووی بودجه‌ی ساڵی 2026ی عیراق ده‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌؛ كورتهێنانی زۆر، ئه‌گه‌ر ئه‌و كورتهێنانه‌ زۆر گه‌وره‌بێت، ئه‌وا حكومه‌ت ناچارده‌بێت جارێكی دیكه‌ به‌های دۆلار به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورتهێنانه‌كه‌ی كه‌مبێت، ئه‌وا ده‌توانێت قه‌رزبكات. كورتهێنانه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت رووده‌دات، چونكه‌ ئێستا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ بازاڕ‌دا نزیكه‌ له‌ 60 دۆلار و ئه‌گه‌ر هاتوو نرخی نه‌وت زۆر دابه‌زێت بۆ 40 دۆلار یان كه‌متر و ماوه‌یه‌كی زۆر بخایه‌نێت، ئه‌وا ناچارده‌بێت به‌های دۆلار به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رزبێته‌وه‌ و ببێته‌ 65 دۆلار و زیاتر ئه‌وا تا راده‌یه‌كی باش حكومه‌ت ده‌توانێت سوودی لێببینێت و دره‌نگتر كاریگه‌ریی كورتهێنانه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام پێناچێت نرخی نه‌وت وا به‌ ئاسانی به‌رزبێته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت هه‌ر له‌نێوان 55 دۆلار بۆ 60 دۆلاردا بێت. له‌ ساڵی 2026دا، ئه‌گه‌ر عیراق تووشی قه‌یرانی دارایی نه‌بێت، ئه‌وا له‌ ساڵی 2027 یان 2028 ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رز نه‌بێته‌وه‌، ئه‌وا ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ عیراق».  

عیراق و هه‌رێمی كوردستان

د.كامه‌ران قادر وتیشی: هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیانه‌ی تووشی ئابووری عیراق ده‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و ناڕ‌استه‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ بودجه‌ی عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌.

PUKMEDIA/ کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket