شاری رۆشنبیری 241 ساڵەی بنیاتنانی بەڕێدەکات
کوردستان 09:36 AM - 2025-11-14
ئەرشیف
شاری سلێمانی
ئهمڕۆ 241 ساڵ بهسهر دروستكردنی شاری سلێمانیدا تێدهپهرێت و بەو بۆنەیەوە چهندین چالاكی لە جێگاى جیاوازى شارى سلێمانیدا پێشکەشدەکرێن، کە هونەری و کلتوریی و ئەدەبین، جلوبەرگی کوردی ژنان و پیاوانيش سیمایەکی بۆنەکەن.
بە سەركردنەوەیەكی مێژوویی دروستكردنی شاری سلێمانی
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی، بۆ 14 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 دەگەڕێتەوە، كاتێك لە لایەن ئیبراھیم پادشای بابانەوە ئاوەدانكراوەتەوە، ئیبراھیم پاشای بابان شارەكەی بەناوی سلێمان پاشای باوكییەوە ناوناوە، ھەر لەسەرەتاوە شارەكە گرنگییەكی زۆری ھەبووە و جگە لەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، ھاوكات مەڵبەندێكی بازرگانی و رۆشنبیری بووە لەناوچەكەدا.
لە ساڵی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود بووە، جگە لەوەش كە لانكەی رۆشنبیر و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرساندنی چەندین شۆڕش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی كوردستاندا .
لە ئێستاشدا شاری سلێمانی شاری رۆشنبیری و یەكێك لە گرنگترین شارەكانی عیراق و ھەرێمی كوردستانە، كە ساڵ لە دوای ساڵ شارەكە لە سەرجەم رووەكانەوە گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بەردەوام لە گەشەكردندایە و بەپێی دوایین ئامار، كە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراقییەوە ساڵی 2018 بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لە ئێستادا 2 ملیۆن و 212 ھەزار كەسە و رێژەی لە 6% ی دانیشتوانی عیراق پێكدەھێنن.
گەڕەك و شوێنە مێژووییەكانی
شاری سلێمانی چەندین گەڕەك و ناوچەی مێژویی لەخۆ دەگرێت، دیارترین گەڕەكە مێژووییەكانی شاری سلێمانی گەڕەكی كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەكی جوولەكانە، لە دیارترین شوێنە مێژوییەكانی شاری سلێمانیش، بەردەركی سەرایە كە میرەكانی بابان لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانی جێگەیەكیان تەرخانكردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەكەیان ،كە بە سەرا ناسراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك مەحمودیشدا، سەرای سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە كە پێكھاتووە لە دوو نھۆم و 43 ژوور، چەندین جار كاری چاكسازی تیادا كراوە و پاشان تەرخانكراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قائیمقامییەت، ئێستاش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانییەوە نوێكراوەتەوە و بووەتە یەكێك لە دیارترین شوێنە مێژویییەكانی سلێمانی .
شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی
سەرباری بوونی چەندین شوێنی گەشتیاری و ھاوینە ھەوار لەشاری سلێمانیدا، بەڵام ھەریەك لەسەیرانگای سەرچنار و ھاوینە ھەواری دوكان، لە دیارترین ھاوینە ھەوارەكانی شارەكەن و ساڵانە سەدان ھەزار كەس لە ناوخۆ و دەرەوە سەردانیان دەكات، باخی گشتیش یەكێكە لەشوێنە مێژووییەكانی سلێمانی كە دەكەوێتە خۆرئاوای شارەكەوە و یەكەم باخچەی میرییە كە لە ساڵەكانی (1937-1939) لە لایەن مەجید یەعقوبی موتەسەریفی ئەو كاتەی سلێمانییەوە دروستكراوە.
شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستاندا بەشاری رۆشنبیری دەناسرێت، ئەوەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، كە ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش كەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ كوچكەی بابان، "نالی و سالم و كوردی" قوتابخانەی شیعری بابان-یان دروستكردووە و تا ئەمڕۆش كاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی كوردی ھەیە.
جگە لەوەش زۆربەی نوسەر و ئەدیب و شاعیرانی كورد لەسلێمانیدا بوون، كە دیارترینیان نالی، سالم، كوردی، مەولانا خالید، گۆران و تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، زێوەر، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و بێكەس و شێركۆ بێكەس و چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی دیکەن.
سلێمانی پێشەنگە
لە رووی گرنگیدان بە میدیا و رۆژنامەگەریشەوە شاری سلێمانی لە پێشەنگی شارەكانی ھەرێمی كوردستاندایە ھەر لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە سلێمانی شوێنی دەرچوونی چەندین رۆژنامە بووە، لە ئێستاشدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تێدایە و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەكی زۆریش رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەكرێت، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگاركێش و ھونەرمەندی شێوەكار ھەن و بە بەردەوامیی لەم شارەدا چالاكییە ھونەرییەكان بەڕێوەدەچن.
لە رووی گرنگیدان بە خوێندنیشەوە، شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووە و مێژوو ئەو شایەتییەی بۆ دەدات، كە دروستكردنی یەكەم زانكۆ لە ھەرێمی كوردستاندا لەشاری سلێمانی بووە، كاتێك بۆ یەكەمجار لەساڵی 1968 زانكۆی سلێمانی دامەزرا، سەرەتا تەنھا سێ كۆلێژی تێدا بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، لەساڵی 1981 رژێمی بەعس ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەكەشی گۆڕدرا بۆ "زانكۆی سەڵاحەدین".
لەساڵی 1992 جارێكی دیکە زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە، لە ئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی كورد و خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و لەرۆژی 14ی تشرینی یەكەمی 1992 دا زانكۆ جارێكی دیکە كرایەوە، لە ئێستاشدا چەندین زانكۆ و كۆلێژی جیاواز لە ناو شاری سلێمانیدا دامەزراون.
لە ئێستادا دوای تێپەڕبوونى 241 ساڵ بەسەر دروستبوونی سلێمانیدا، ئەم شارە لە ھەموو بوارەكاندا گەشەكردنی بەردەوامیدایە و لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و بڕیاردان .
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
باران بارین دەستپێدەکات
11:43 AM - 2025-11-14 -
نرخى ئۆنسەیەک زێڕ لە شەش مانگدا نزیکەی 1000 دۆلار بەرزدەبێتەوە
10:57 AM - 2025-11-14 -
مەکتەبی سیاسی: سلێمانی ناسنامەیەکی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروستکردووە
06:14 PM - 2025-11-13 -
بازنەی هەڵبژاردنى دیالە–خانەقینى یەکێتى: پێداچوونەوە و بەدواداچوون ئەركی سەرەكی داهاتوومانە
03:32 PM - 2025-11-13
ئەمانەش ببینە
شاری رۆشنبیری 241 ساڵەی بنیاتنانی بەڕێدەکات
09:36 AM - 2025-11-14
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 2 ملیار دینارە
09:09 AM - 2025-11-14
سەرۆک بافڵ بۆ رێبوار تەها: سەربەرزین کەرکوکییەک خاوەنی زۆرترین دەنگە
08:59 PM - 2025-11-13
رفعەت عەبدوڵا: سەرکەوتنی هەڵبژاردن پێشکەش بەرۆحی سەرۆک مام جەلال
07:56 PM - 2025-11-13
زۆرترین خوێنراو
-
شاری سلێمانی بووە دەستەخوشکی شاری ئییوو
کوردستان 02:48 PM - 2025-11-13 -
نهێنی زۆری دەنگی پوچەڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق
بیروڕا 01:47 PM - 2025-11-13 -
مەکتەبی سیاسی پیرۆزبایی لەدەنگدەران و کاندیدەکەی دەکات لەبەغداد
کوردستان 01:24 PM - 2025-11-13 -
ئاسۆ مامەند: یەکێتی راستگۆ بووەو بەڵێنەکانی بەجێهێناوە
کوردستان 01:00 PM - 2025-11-13 -
هەرێم.. باران دەستپێدەکات و ئەگەری بەفربارینیش هەیە
کوردستان 12:20 PM - 2025-11-13 -
ئایا كۆمپانیا ئەمریكییەكان جێگەی كۆمپانیا رووسییەكان لە عیراق دەگرنەوە؟
عیراق 12:06 PM - 2025-11-13 -
چەند حزبێکی کوردی هۆکاری کەمبوونەوەی کورسیەک بوون لە کەرکوک
کوردستان 10:51 AM - 2025-11-13 -
نێردەی تایبەتی ئەمریكا: عیراق پاپەندبوونەوەی خۆی بەسەروەری یاساو ئازادی نیشاندا
عیراق 10:49 AM - 2025-11-13



.jpg)

دابەزێنە

