riklam

پەروین بوڵدان: سەرکەوتنی ئاشتی رێزلێنانە لە یادەوەرەييەکانی سەرۆک مام جەلال

کوردستان 11:36 AM - 2025-08-05
پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا میدیاکان

پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاوکات کە ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵییە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ  رۆژنامەی کوردستانی نوێ باس لە بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت:"کێشەیەکی 100 ساڵیە و ئەمڕۆ لە خاڵێكی پێشكەوتووترداین و قبوڵكردنێكی گشتی بۆ پێشكەوتنی ئەم پرۆسەیە لەناو كۆمەڵگەدا هاتووەتە دی"، دەشڵێت:" سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی رێزلێنانە لە هەوڵ و یادەوەرییەکانی سەرۆک مام جەلال و پابەندبوونە بەو میراتەی كە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە".

دەقی چاوپێکەوتنەکەی پەروین بوڵدان:

*سەرەتا دەمانەوێت باسی تەندروستی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەیت؟

- سەرەڕای 26 ساڵ لە زیندانیكردن و دەیان ساڵ گۆشەگیری توند و كاریگەرییە نەرێنییەكانی  دوورگەی  ئیمڕالی،  بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان تا رادەیەكی زۆر بەهێز، خاوەن مۆڕاڵ و بە ئیرادە خۆی دەردەخات. لە كاتێكدا كە رەنگە هەندێك كێشەی تەندروستی هەبێت  بەهۆی  هەڵكشانی  تەمەنی  و  ئەو بارودۆخەی  كە  پێشتر  باسمان  كرد،  ئەو بەردەوام تەندروستی خۆی لە پاش كارەكانی دادەنێت.  بەڵكو  تەركیز،  ئیرادە  و  خەباتی ئەو لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵك و كردنەوەی رێگایەكی نوێیە.

 پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو دەبێت

* لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەكە، ئایا بۆچوون و هیواكانی بەڕێز ئۆجەلان بە پرۆسەكە زیاتر بووە؟ یاخود بڕوای وایە ئەمجارە پرۆسەكە سەردەگرێت؟ لەکاتێکدا پڕۆسەكانی رابردوو بە شكست كۆتاییان هاتووە؟

 - بەڕێز  ئۆجەلان  دەزانێت  كە چارەسەركردنی پرسی كورد، بابەتێكە ئاسان نابێت، بەڵام لەم رووەوە متمانەی بە خۆی و خەباتی گەلی كورد هەیە، سروشتی ئەو وایە كە ناخۆشییەكان پێچەوانە دەكاتەوە، ئاستەنگەكان تێدەپەڕێنێت و دەرفەت دروست دەكات. لە سەختترین  بارودۆخدا  گەیشتن  بە  مەحاڵ دیارترین  خاسیەتی  سەركردایەتیكردنیەتی. بە  وەرگرتنی  بەرپرسیارێتییەكی  گەورە  و قورس، هەوڵدەدات هەمووان قەناعەت پێبكات كە  ئەم  چارەسەرە  مومكینە.  لەم  بابەتەدا دەتوانم بڵێم كە بە ئیرادە و موكوڕە. یەكێكە لەو كارەكتەرانەی كە بە وردی و بە دروستی لە  رابردوو  دەكۆڵێتەوە.  زۆرجار  سەبارەت بەم  بابەتە  بەردەوام  هۆشداریی  دەداتە لایەنی پەیوەندیدار، رێكخراوەكەی، كۆمەڵگەی توركیا و ئێمە. ئەو ئاگاداری بەربەست و ئاستەنگەكانە و خەریكی پەرەپێدانی شێوازی مێژوویی و گرنگە بۆ تێپەڕاندنیان. هەموو ئەو  پێشكەوتنانەی  ئەمڕۆ  باسیان  دەكەین، هەنگاوگەلێكن كە لەسەر بنەمای ئەو وانانەیە كە لە رابردوودا فێربووین. لەم رووەوە هەم بەرێز ئۆجەلان و هەم وەفدی ئیمڕالی پێمانوایە كە  لە  رابردوو  نزیكترین  لە  چارەسەر  و بڕوامان وایە ئەمجارەیان، چارەسەر مومكینە.

لە قۆناغێکی پێشکەوتووداین

*  تا  ئێستا  بە  گشتی  پرۆسەكە  چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟  پێتان  وایە  تا  ئێستا  بە سەركەوتوویی بەرەوپێش چووبێت؟

-  ئەمڕۆ  لە  دوێنێ  لە  خاڵێكی پێشكەوتووترداین. پڕۆسەكە لەناو داینامیكی خۆیدا  دەستیكردووە  بە  زەمینەسازی. قبوڵكردنێكی  گشتی  بۆ  پێشكەوتنی  ئەم پرۆسەیە  لەناو  كۆمەڵگەدا  خەریكە  شێوەی خۆی  دەگرێت  و  پشتیوانی  گشتی  رۆژانە پەرەدەسێنێت،  ئەمەش  شتێكی  زۆر   بەنرخە. جگە لەوە ئیرادە و مکوڕیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە. بەڵێ ئاڵەنگاری هەیە، بەڵام مكوڕیی بۆ سەركەوتن هەموو ئەو سەختییانە تێدەپەڕێنێت. هەر ئەوەی كە پڕۆسەكە گەیشتووەتە ئەم خاڵە سەركەوتنە، بەڵام  گەورەترین  سەركەوتن  تەواوكردنی رێگاكایە، كە ئەوەیە پرۆسەكە بگاتە ئەنجام، بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەسەر بنەمای یاسایی و سیاسی.

* پێتوایە ئەم پرۆسەیە كەی بە ئەنجام دەگات؟

- ئەو كێشەیەی باسی دەكەین مێژوویەكی 100 ساڵەی هەیە، كێشەیەكە  بۆتە هۆی دروستبوونی  ئازار  و  ناخۆشی،  كێشەیەكە رەهەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوریی و ئابووریی و سەربازیی هەیە، بۆیە بە شەو و رۆژێك چارەسەری ئاسان نییە. بەڵام ئێستا پڕۆسەیەكی تەندروست هەیە، بەبێ ئەوەی پەلە بكەین لە پڕۆسەكە یان بە تێپەڕبوونی كات درێژ بكرێتەوە، ئێمە داكۆكی دەكەین كە بە ئەنجام بگات لەسەر بنەمای كۆدەنگییەكی هاوبەش. هەر بۆیە مەحاڵە خشتەیەكی كاتی دیاری بكرێت. ئامانجمان ئەوەیە بە چوونە ناو ساڵی 2026  رێگەی چارەسەركردن روون بێت.

کارەکانی وەفدی ئیمڕاڵی بەردەوام دەبێت

* ئایا سەردانەكانی وەفدی ئیمڕالی تا كۆتایی پرۆسەكە بەردەوام دەبێت؟

-  وەفدی  ئیمڕالی  لەم  قۆناغەدا بەرپرسیارێتییەكی گرنگی لە ئەستۆ گرتووە. جارێكی تر بە سوپاس و سۆزەوە هاوكارە ئازیزەكەم  (سری  سورەیا  ئۆندەر)  بەیاد دەهێنمەوە، كە بەشدارییەكی زۆری كردووە لە گەیاندنی ئەم پڕۆسەیە بەم ئاستە و بە میرات بۆ ئێمەی جێهێشتوە، بەرەوپێشبردنی پرۆسەكە بە ئەركی وەفا دەزانین بەرامبەر خوالێخۆشبوو، پێمانوایە دەبێت هەلومەرجێك دروست بكرێت كە بەرێز ئۆجەلان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ هەمووان  كۆببێتەوە  و  پەیامەكانی  خۆی بگەیەنێتە رای گشتی بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ وەفدێك، دامەزراوەیەك، یان تاكێك هەبێت.  وەفدەكەمان  لەم  دۆخەدا  بەردەوام دەبێت لە رۆڵی ئاسانكاریی خۆی.

* محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوایین دیداری لەگەڵ براكەی دەڵێت: «ئۆجەلان وتویەتی چیتر لایەنی ناوەندگیر لەئارادا نییە؛ بەڵكو راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەت قسە دەكات». مەبەستی قسەكەی محەمەد ئۆجەلان چییە؟

*ئایا دەڵێت چیتر وەفدی ئیمڕالی پێویست نییە؟

- وەك وەفدی ئیمڕالی بە گونجاوتری دەزانین كە ئەنجامی وتووێژە راستەوخۆكانمان لەگەڵ  بەڕێز  ئۆجەلان  و  ئەو  ترافیكە دیپلۆماسییەی كە لەگەڵ جەماوەر بەڕێوەمان بردووە هەڵسەنگێنین. بەڵام ئەگەر لێدوانێكی لەم جۆرە هەبێت، نوێنەرایەتیی قۆناغێكی نوێ و تەندروستتر دەكات لە وتووێژ و دانوستان لە چارەسەركردنی كێشەی كورد دا. گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان لایەنەكان كاریگەرترین و دروستترین شێوازە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، ئێمە  گرنگی  بەم  شتە  دەدەین.  ئەرك  و بەرپرسیارێتی وەفدەكەمان جیاوازە. لێدوانێكی لەم شێوەیە بەو مانایە نییە كە وەفدەكەمان پێویست نەماوە. بەپێچەوانەوە، تەنانەت ئەگەر هەلومەرجێك بۆ بەرێز ئۆجەلان دروستبكرێت كە  راستەوخۆ  لەگەڵ  كۆمەڵگەدا  پەیوەندی بكات، رۆڵی ئاسانكاریی وەفدەكەمان بەردەوام دەبێت.

پرۆسەی ئاشتی میراتی سەرۆک مام جەلالە

* وەك دەزانن سەرۆك مام جەلال لە ساڵی 1993 تاكو  نەخۆشكەوتنی هەوڵی زۆریدا بۆ پێشخستنی  پڕۆسەی  ئاشتی،  هەڵسەنگاندنی  ئێوە بۆ هەوڵەكانی مام جەلال چییە؟ بەرێز ئۆجەلان لە دیدارەكانی لەگەڵ ئێوەدا چۆن باسی مام جەلال دەكات؟

-  هەركەسێك  بەدواداچوونی  بۆ  ئەم پرۆسەیە  كردبێت،  دەزانێت  كە  هەوڵەكانی بەرێز ئۆجەلان بۆ ئاشتی لەمڕۆوە دەستی پێ نەكردووە. ئەگەر ئاگربەستەكانی ساڵانی 1998 ،1995 ،1993 و دواتر و هەوڵەكانی ئاشتی شكستیان نەهێنابا، لەو هەمو ساڵانەی دواتردا  تووشی  ئەو  هەموو  وێرانكارییە نەدەبووین. بۆیە بۆ ئەوەی سبەی نەدۆڕێن، پێویستە بەهای ئەم هەنگاوانە ئەمڕۆ بزانین، بۆ ئەم پرۆسەیە یەكگرتوویی نێوان كورد لە هەموو شتێك لای گرنگترە. تێدەگات كە  هەم  ئاشتی  و  هەم  چارەسەركردن پەیوەستە  بە  ئیرادە  و  هێز  و  رێكخستنی خەڵكەوە. پێی وایە ئەم یەكڕیزییە بۆ گەلی كورد نەك تەنها بۆ بارودۆخی ئێستا، بەڵكو بۆ پاراستنی دەستكەوتە مێژووییەكانی خۆی پێویستە. بە تایبەتی گرنگییەكی زۆر دەدات بە هەوڵی سەرۆك مام جەلال بۆ ئاشتی و چارەسەر و ئەو پشتیوانییەی كە لەم رووەوە پێشكەشیكرد بەرز دەنرخێنێت. ئەو پێی وایە سەركەوتنی  ئەم  پڕۆژەیە  هەم  رێزلێنانێكە بۆ یادەوەرییەكەی و هەم پابەندبوونە بەو میراتەی كە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە. هەروەها دەبێت ئەوەش بوترێت كە بۆ ئەم پرسە چاوەڕوانییەكی زۆری لە هەموو هێزە كوردستانییەكان  هەیە  بە  بەرێز  مەسعود بارزانی و بەرێز بافڵ تاڵەبانییەوە.


رۆلی سەرۆک بافڵ زۆر گرنگە

* رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پڕۆسەكەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

-  رۆڵی  بەڕێز  بافڵ  تاڵەبانی  و بەرپرسانی  دیكەی  حكومەتی  هەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیەدا زۆر زۆر گرنگە، چونكە ئەو دیدار و دانوستانانەی كە لە ئیمڕالی بەڕێوەدەچن، بە ڕۆحی كوردایەتی بەڕێوەدەچن و پەیوەندیی بە هەموو كەس و هەموو لایەك هەیە. بۆیە ئەو پاڵپشتییەی كە بە بەرێز ئۆجەلان دراو، لە هەمان كاتدا پشتیوانییە لە داخوازییەكانی گەلی كورد بۆ ئازادی و دیموكراسی و داواكردنی ئاشتیشە. ئەو  پاڵپشتییە  هاوبەشەی  سەركردەكانی كورد لە ئەمڕۆدا، هەموومانی راچڵەكاندووە. ئەو  سەردەمانەی  كورد  لەگەڵ  یەكتردا دەجەنگان لە رابردوودا ماوەتەوە، كورد خەریكە بەسەر ناخۆشی خۆیدا زاڵ دەبێت. ئێستا دەرفەت و دەرگای نوێ بۆ یەكێتیی نەتەوەیی لەبەردەمماندا كراوەتەوە. ئێمە لەم بابەتەدا سوپاسگوزاری بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و هەموو سەركردەكانی تری كوردستانین.

سلێمانی میوانداری ئاشتی دەکات 


* پێتان وایە لەگەڵ سەركەوتنی پرۆسەكەدا، سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە سلێمانی دەگۆڕێت و ئاسمانی ئەو وڵاتەش بەڕووی سلێمانیدا دەكرێتەوە؟ لە ئێستادا سلێمانی وەك شوێنی لەدایكبوونی ئاشتی سەیر دەكرێت؟

-  دەبێت  بگۆڕێت،  ناچارە  بگۆڕێت. ئەگەر بڕیارە لەگەڵ كورد ئاشتی بكەیت، نابێت لەگەڵ كوردەكانی دیاربەكر ئاشتی بكەیت و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ كورد لە هەولێر،  سلێمانی،  مەهاباد،  قامیشلۆ  شەڕ بكەیت، بۆیە توركیا دەبێت ئاشتی نەك تەنها لەگەڵ  سلێمانی،  بەڵكو  لەگەڵ  قامیشلۆ  و شارەكانی تری كوردستانیش بكات. ئێستا هەنگاوی زۆر گەورە گیراوەتەبەر، یەكێك لەوانە  مەراسیمی  سووتاندنی  چەك  بوو كە  لە 11ی تەمموز لە  شاری  سلێمانی  بەڕێوەچوو.  ئەم  پەرەسەندنە  یەكێكە  لە هەنگاوە گرنگەكان كە گیراوەتەبەر. بەڵێ، سلێمانی  لەم  رووەوە  میوانداریی  ئاشتی دەكات. من دەڵێم میوانداریی دەكات لەبەر ئەوەیە كە ئەم پڕۆسەیە كۆتایی نەهاتووە و باوەڕم وایە سلێمانی درێژە بەم رۆڵە دەدات. بەم بۆنەیەوە سوپاس و پێزانینی بێكۆتایی خۆمان ئاراستەی برایانمان لە باشوور و نوێنەری یەكێتی و پارتی دەكەین، كە لەم رووداوە مێژووییەدا رۆڵیان هەبوو، ئیرادەی سیاسییان نیشاندا، پشتیوانیان پێشكەشكرد و بێ كەموكوڕی میواندارییان كرد.

* قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی چی دەبێت، چ هەنگاوێكی هاوبەش دەگیرێتەبەر؟

- قۆناغی یەكەمی ئەم پرۆسەیە، ئاشتییە و دوا قۆناغیش هەروا دەبێت. چەمكەكانی وەك دیموكراسی،  یاسا،  یەكسانی،  دادپەروەری، بەردی بناغەی ئەم پرۆسەیەن. هەر هەنگاوێك كە  دەگیرێتەبەر،  بانگهێشتێكە  بۆ  هەنگاوی داهاتوو. هەنگاوی گرنگ نراوە، لێدوانەكانی باخچەلی، بانگەوازەكەی 27ی  شوبات كۆنگرەی پارتی كرێكارانی كوردستان، مەراسیمی تفەنگ سووتاندنی 11ی تەمموز و دروستكردنی كۆمیسیۆنیك لە پەرلەمانی توركیا،  تەواوكەری  ئەم  پرۆسەیەن،  دوای ئەمەش زەمینەی یاسایی  دادەنرێت.

PUKMEDIA / کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket