riklam

هەوڵەکانی دوێنێی سەرۆک مام جەلال بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەمڕۆ جێبەجێکران

کوردستان 03:39 PM - 2025-07-11
دانانی چەکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PUKMEDIA

دانانی چەکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان

سلێمانی

سەرۆک مام جەلال یەکێک بوو لەو سەرکردە سیاسییە گەورانەی کە پەیوەندییەکی پتەوی هەبوو لەگەڵ حکومەت و کاربەدەستەکانی بەشێکی زۆر لە وڵاتان، ئەمەش وایکرد کاریگەری و رۆڵی زۆری لەسەر بابەتەکان و بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە هەبێت، هەر بۆیە دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە شەڕی خوێناویی و کوشتار لەنێوان پە*کە*کە و تورکیا و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، سەرۆک مام جەلال پرۆژەیەکی خستە بەردەم  سەرۆک ئۆزاڵ و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری.

هەوڵەکانی مام جەلال بۆ بەدەستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا

سەرۆک مام جەلال لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی میللەت وتبووی: لە ئەیلولی ساڵی 2011 لەپەراویزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوومەوە و پێموت، پە*کە*کە هاتوون بۆلام بەمەرجی هەمووارکردنەوەی ئەو ماددەیەی دەستووری تورکیا، کە دەڵێت:هاووڵاتیانی تورکیا هەموویان تورکن، ئەگەر ئەم ماددەیە هەموواربکرێتەوە ئەوا ئامادەن چەکەکانیان دابنێن، لەبەرامبەردا ئەردۆغان پێیوتم لێبوردنی گشتی ئاسان نییە".

ئەم هەوڵەی سەرۆک مام جەلال بۆ بەدەستهینانی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا یەکەم جار نەبوو، بەجۆرێک لەساڵی 1991 ئەوکاتەی سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەی ئاشتی لە تورکیا بۆ کورد دانا ئەو کاتەبوو کە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆزاڵ و ئۆجەلان دەستپێکرد، دواتر لەساڵی 1993 پە*کە*کە ئاگربەستی یەک لایەنەی راگەیاند.

پاش دەستگیرکردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان-یش لەساڵی 1999، سەرۆک مام جەلال لەهەوڵەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوام بوو، بەجۆرێک پرۆژەیەکی چارەسەری پێنج خاڵی بۆچەک دانانی پارتی کرێکارانی کوردستان پێشکەشی تورکیا کرد.

ئەو بناغەیەی سەرۆک مام جەلال بۆ پرۆسەی ئاشتی داینا کە بەسەخت و دژوار دادەنرا، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت، ئێستا دوای 32 ساڵ لە گرنگترین قۆناغی خۆیدایە، ئەویش پرۆسەی چەکدانانی پە*کە*کە یە.

لەسلێمانییەوە خۆری ئاشتی تورکیا هەڵات

ئەمڕۆش 11ی7ی2025، لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانیدا، گروپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە*کە*کە)، بەناوی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی) لەڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا، کە لەجۆری ( کڵاشینکۆڤ و بیکەیسی و نیشانەشکێن) بوون، ئەمەش بە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی پرۆسەکە و چەک دانان دادەنرێت.

سەرۆک بافڵ: پرۆسەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ تورکیا

ئێستاش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ درێژەیان بەو خەباتە داوە و لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال تەئکید لە پرۆسەی ئاشتی دەکەنەوە.

 پیشتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی کردووەو دژی جەنگ بووە، بۆچونمان وابووە کیشەکانی تورکیا بەتوندوتیژی چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەکرێت بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی باشترین بژاردەکانە بۆ تورکیا".

ئاماژەی بەوەشکردبوو:" وەک سیاسەتی هەمیشەییمان پشتیوانیمان لە ئاشتی کردووەو دەرگای جەنگمان داخستووە، چونکە نمونەی دەیان ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە جەنگ ناتوانێت کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات".

پرۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال دەستیپێکرد

دوای چەکدانانی گروپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەیلا زانا سیاسەتمەدارى باکوری کوردستان رایگەیاند: "دوای 100 ساڵ خەبات ئێستا كەس ناتوانێت بڵێت كورد نییە".

راشیگەیاند:"پرۆسەی ئاشتی ساڵی 1993 لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال دەستیپێکرد و هەوڵی زۆری بۆدا، ئەمڕۆش قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت".

بەرزکردنەوەی وێنەی مام  وەک ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی 

هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مام جەلال بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا لەبیرنەکراوە، بەجۆرێک لە ساڵیادی کۆچی دواییدا پەرلەمانتار سری ساکیک وێنەی ئەو سەرکردە گەورەیەی كه‌ مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1993 له‌ شام، لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا بەرزکردەوە و ئاماژەشی بەوەکرد کە شانازی دەکات بەوەی لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال-دا یادی ئەو سەرکردە گەورەیە لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا دەکاتەوە.

هاوکات سری ساکیک راشیگەیاند:"سەرۆک مام جەلال گەمەکارێکی سەرەکی و ئه‌ندازیاری پرۆسەی ئاشتییه‌ لە باکووری کوردستان و توركیا سەرکردەیەکی گەورەی نەتەوەیی کوردە و خاوه‌ن هەڵوێستێكی نەتەوەیی جێگیر بوو بەرامبەر بە مافەکانی گەلەکەی لە هەموو به‌شه‌كانی کوردستاندا سەنگی خۆی هەبوو، ئەگەر ئێستا سەرۆک مام جەلال له‌ژیاندا بوایە، بێگۆمان میللەتی کورد لە هەموو به‌شه‌كانی کوردستان لە دۆخێکی باشتردا دەبوون، چونکە رۆڵێکی چالاکانەتری لەوەی ساڵی 1993ی دەبوو، کە لە نزیککردنەوەی سیاسەتمەدارانی کورد و تورك هەیبوو".

مام جەلال ئەندازیاری ئاشتی

جەنگیز چاندار مام بە ئەندازیاری ئاگربەست و راگرتنی شەڕی پارتی کرێکاران و تورکیا دادەنێت و دەڵێت:لەڕیگەی مام جەلالەوە توانیم ئۆجەلان ببینم و لەوێوە بەردی بناغەی پرۆسەی ئاشتی دانرا.

ئەو بناغەیەی مام جەلال داینا، ئێستا ماڵی ئاشتی و چارەسەری لەسەر بنیاتدەنرێت، هەربۆیە لە 18ی شوباتی ساڵی 2025 وەک وەفایەک بۆ سەرۆک مام جەلال وەفدی ئیمڕاڵی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان کرد، هەر هەمان رۆژ سەردانی سەرۆک بافڵیان کرد و پێی راگەیاندن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە ئەو ئاشتییەی کە سەرۆک مام جەلال لەساڵ 1991 بەردی بناغەکەی دانا.

لە مێژووی تورکیادا زۆر نکووڵی لە بوونی کورد کراوە، بەڵام رۆژگار ئەوەی سەلماند ئەوە سەرناگرێت، بۆیە چارەسەری راستەقینە برایەتی و یەکتریی قبووڵکردنە.

به‌ردان ئۆزتورك به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی (DEM PARTI) راگه‌یاند: هەر هەنگاوێک له‌ پێناو چارەسەركردنی پرسی کورد زۆر گرنگە و هەر هەنگاوێک بە ئاراسته‌ی ئاشتی بنرێت، وەک (DEM PARTI)، دوو هەنگاو دەنێین و گرنگی پێدەدەین، چونکە هەمیشە دەستی ئاشتییمان درێژکردووە تا تورکیا لە ململانێی ناوخۆیی دووربخەینەوە و کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکرێن.

ئوزتورک نموونەی بە قسەیەکی سەرۆک مام جەلال هێنایەوە کە دەیوت:"باکووری کوردستان کلیلی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کوردە و ئەگەر کێشەی کورد لەوێ چارەسەر ببێت، لە پارچەکانی تریش چارەسەر دەبێت".

یەکێتی پشتیوانی هەموو کورد-ە

لای خۆشییەوە گوڵستان كیلیچ بەناوی حزبەکەیانەوە سوپاسی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە هەمیشە هەڵوێستێکی ئەرێنی و نەتەوەیی بەرامبەر بە پڕۆسەی ئاشتی هەبووە لە باکووری کوردستان و پاڵپشتیکردنی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەتیش لە رۆژئاوای کوردستان.

ئۆجەلان داوای چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کرد

ئێوارەی رۆژی  27ی2ی2025 پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن وەفدی ئیمراڵییەوە بە زمانی تورکی و کوردی خوێندرایەوەو لەزاری ئەوەوە هەریەک لە ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان، ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی رایانگەیاند: "پەکەکە چەک دابنێت و بەرپرسیارێتی چەکدانانیشیان هەڵدەگرم".

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 18ی2ی2025 وەفدی ئیمراڵی بۆ وەرگرتنی بۆچونی یەکێتی لەسەر پرسی ئاشتی لەتورکیا لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوەو پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان گەیاندە سەرۆک بافڵ، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی یەکێتی  پشتیوانی خۆی بۆ پرسی ئاشتی لە تورکیا پێڕاگەیاندن و تەئکیدیکرەوە، کە گرنگە کێشەکان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەربکرێن.

PUKMEDIA




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket