riklam

پێنجوێن.. لە 58 ملیۆن مەتر دووجا زەویدا هێشتا مین ماوە

کوردستان 02:26 PM - 2025-05-30
نەخشەى پێنجوێن ئاژانسەکان

نەخشەى پێنجوێن

ئەمڕۆ30ی5ی2025 لە سنورى قەزاى پێنجوێن بەهۆى تەقینەوەى پاشماوەى جەنگییەکانەوە هەشت کرێکار لەزەوییەکی کشتوکاڵیدا برینداربوون و دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە.

هێمن ئیبراهیم قائیمقامى قەزاى پێنجوێن بە وێبسایتى رەسمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان  PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە سنورى قەزاى پێنجوێن لە گوندى کێلو، ژمارەیەک کرێکار کە بۆ کارى کشتوکاڵى چوبوونە شوێنەکە، بە هۆى دەستکاریکردنى پاشماوەى جەنگى و تەقینەوەى  پێیاندا، هەشت  کەسیان برینداربوون، برینى دوو کەسیان سوکە و هەر زوو لە نەخۆشخانە دەرکران و دوو کەسى دیکەیان لە نەخۆشخانەى پێنجوێنن و چوار کەسى دیکەیان بە هۆى سەختى برینەکەیان لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى چارەسەریان بۆ دەکرێـت و لە ئەو چوار کەسەش دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە".

"لە پێنجوێن-دا رووبەرى زیاتر لە 58 ملیۆن مەتر دووجا زەوى هێشتا پاشماوەى جەنگى تێدایە، لەکاتێکدا رووبەرى 18ملیۆن مەتر دووجاى لێ پاکراوەتەوە و نزیکەى 40 ملیۆن مەتر دووجاى مین و تەقەمەنى و پاشماوەى جەنگ تێدابووە" قائیمقامى پێنجوێن وا دەڵێت.

ئەوەشى خستەڕوو: "روبەرێکى زۆر لە پێنجوێن شاخ و دارستانى چڕە، بۆیە بۆ پاککردنەوەى لەمین و تەقەمەنى و پاشماوەى جەنگى پێویستى بە تواناى مرۆیى و ماددى گەورە هەیە، کە پێشتر تا ساڵى 2014 حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پاککردنەوەی زەویەکان گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکرد، چونکە ئەوان کارمەندى زۆر و تواناى زۆرتریان هەبوو، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە لە ساڵى 2014ەوە گرێبەستى دیکە ئەنجام نەدراوە".

هێمن ئیبراهیم باسى لەئەوەشکرد: " لە کاتى پێویستیدا کە مین و تەقەمەنى و پاشماوەى جەنگى لە جێگایەک دەردەکەوێـت، یان بۆ پاکردنەوەى ئەو زەویانەى لە نزیک گوندەکانن پەیوەندى بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مینى سلێمانییەوە دەکەین و ئەوان هاوکاردەبن و هەماهەنگى باش لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئەو رووبەرەى کە لە پێنجوێندا مین و تەقەمەنى تێدایە زۆرە و تواناى ئەوانیش لە ئێستادا سنوردارە و لەگەڵ رێکخراوى ئێم ئەى جى پەیوەندى و هەمەهانگیمان هەیە کە ئەو شوێنانەى پێویستن پاکبکرێنەوە".

 قائیمقامى پێنجوێن ڕاشیگەیاند: "ساڵانە بەهۆى باران و بەفر و راماڵینى خاک و کێڵانى زەوییە کشتوکاڵییەکان،  مین و تەقەمەنى و پاشماوەى جەنگى دەردەکەون، ئەوانیش لە رێگەى پەیوەندى کردن بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مینى سلێمانى و رێکخراوى ئێم ئەى جییەوە مین و تەقەمەنییەکان هەڵدەگیرێنەوە".

بەشێک لە زەوییەکانى کوردستان بەهۆى جەنگى هەشت ساڵەى نێوان ئێران وعیراق بە مین و تەقەمەنى و پاشماوەى جەنگى پیس بوون و پێنجوێن-یش بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافیەکەیەوە یەکێکە لەو ناوچانەیە کە ژمارەیەکی مین و تەقەمەنی لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە تێدا چێنراوە و پێویستی زۆری بەپاککردنەوەی تەواوی ناوچەکە هەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket