riklam

یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی دوای راپه‌ڕین یادی 33 ساڵه‌ی ده‌كاته‌وه‌

کوردستان 09:38 AM - 2025-01-12
رۆژنامەی کوردستانی نوێ PUKMEDIA

رۆژنامەی کوردستانی نوێ

ئەمڕۆ 12-1-2025، كوردستانی نوێ مۆمی 33 هه‌مین ساڵه‌ی ته‌مه‌نی داده‌گیرسێنێت كه‌ زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ی بێوچان له‌ كاری رۆژنامه‌وانی سه‌نگینی و هاوسه‌نگی و راستگۆی له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی بووه‌و یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی دوای راپه‌ڕینه‌.

ئەمڕۆ كوردستانی نوێ له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ژماره‌ نۆ هه‌زار و 932 خۆیدا مۆمی 33 ساڵه‌ی داده‌گیرسێنێت و له‌ داگیرساندنی یه‌كه‌م مۆمی ته‌مه‌نیشیه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ سفر بوو له‌ رۆژی 12-1-1992، هه‌میشه‌ ده‌ستپێكی رۆژنامه‌كه‌ وته‌یه‌كی گرنگی سه‌رۆك مام جه‌لال بووه‌.

كوردستانی نوێ له‌ساڵی 1992 دوای بروسكه‌یه‌كی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بڕیاری جێبه‌جێكردنی دراو رۆژی 12/1/1992 ژماره‌ سفری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌ خرایه‌ ژێرچاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ لێی نووسرابوو (كوردستانی نوێ، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ریده‌كات)، هەروەها یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیشه‌ كه‌ داوای مۆڵه‌تی ره‌سمی له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كـــرد، مۆڵه‌تی ژماره‌ یه‌كی پێدرا.

یه‌كه‌م سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كه‌ ئه‌رسه‌لان بایز بووه ‌و دوای ئه‌ویش لە ماوەی جیاجیادا هەریەک لە (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر و فریاد ره‌واندزی و مه‌حمود مه‌لا عیزه‌ت و كاوه‌ محه‌مه‌د و ستران عه‌بدوڵڵا و محه‌مه‌د كه‌ریم) سەرنوسەری رۆژنامەکە بوون ،ئێستاش د.عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنوسەرە.

 

کوردستانی نوێ رۆژنامەی دایکە

 

د. عەدالەت عەبدوڵڵا سه‌رنوسه‌ری كوردستانی نوێ بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ده‌ڵێت: "كوردستانی نوێ رۆژنامەی دایکە و یەکەمین رۆژنامەی دوای راپەڕینە کە بەشێوەی رۆژانە دەردەچێت، لە ئێستاشدا هەرچەندە رۆژنامەی کاغەزی بەهۆی تەکنەلۆژیاوە گرنگی کەمبووەتەوە، بەڵام کوردستانی نوێ هێشتا بەلای خوێنەرانەوە گرنگە و دەگاتە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان‌".

ده‌شڵێت: "ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كوردستانی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ هه‌تاكو ئێستا کاری له‌سه‌ر ده‌كرێت گرنگی دەدات بە هەموو پارچەکانی کوردستان و کێشەی هاووڵاتیان و باسکردنی کەموکوڕییەکان بەشێکی گرنگی رۆژنامەکە پێکدەهێنن، ئەمە جگە لەوەی سەکۆییەکی کراوەیە بۆ بیروڕای سیاسی و شیکاری رووداوە گرنگەکانی رۆژ لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا‌".

 

کوردستانی نوێ دامەزراوەیەکی میدیاییه و خۆی لەگەڵ سەردەمدا گونجاندووە

 

سەرنوسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە درێژەی وتەکانی بۆ  PUKMEDIA   وتی: "کوردستانی نوێ ئێستا وەک دامەزراوەیەکی میدیایی کار دەکات، بەو پێیەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی و سەکۆیەکی دیجیتاڵی بینراوی هەیە لەگەڵ پێنج سەکۆی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە کوردستانی نوێ خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم بگونجێنێت، هاوکات ساڵۆنی کوردستانی نوێمان هەیە کە هەفتانە کۆڕی رۆشنبیری و رۆژنامەنوسی تێدا ئەنجامدەدرێت".

 

وتیشی: "بۆ ساڵی ئایندە پلانی نوێمان هەیە، وەک گۆڕانکاری لە رووی تەکنیکی و بایەخدانی بە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان لە رووی رووماڵکردنەوە، لەگەڵ دەرکردنی دوو توێیەک بۆ ئەو ناوچانەی کە لە رووی میدیاییەوە بێبەشن، وەک پێویست ئاوڕیان لێنەدرابێتەوە."

 

"شیکاری سیاسی بەشێکی دیکە دەبێت لە پلانی داهاتوومان، چونکە لە ئێستادا میدیا زیاتر گرنگی بە بیروڕا دەدات کە جیاوازە لە شیکاریی، بۆیە زۆر گرنگە لە هەموو کایەکان شیکاریمان هەبێت، جا سیاسی بێت، یان ئابوری یان ژانەرەکانی دیکە"،عەدالەت عەبدوڵڵا وایوت.

 

 

ژمارە سفری رۆژنامەی کوردستانی نوێ

 

  
كوردستانی نوێ ده‌رهاوێشته‌ی رێككه‌وتێكی سروشتی بێ هۆكار و بنه‌ما نه‌بوو، له‌ نامیلكه‌و گۆڤاره‌كانی شاخه‌وه‌ له‌ده‌م ئامێره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی چاپ و رۆنیۆوه‌، له‌ ستافه‌ رووناكبیره‌كانی راگه‌یاندنی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان )ه‌وه‌ خه‌مڵی و  33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌م پیتی كوردی دوای راپەڕین له‌سه‌ر چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی بێگه‌رد، به‌رچاو روون، گه‌شبین چاپكرا.

وه‌ك یه‌كه‌م زه‌نگی ده‌نگی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، سه‌وڵی قه‌ڵه‌م له‌ ده‌ریای ئازادیدا و له‌ ژێر ناوی ( كوردستانی نوێ ) دا وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌، بۆ یه‌كه‌مجار شه‌ره‌فی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له‌ ئێخه‌ی خۆیدا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket