riklam

نێروەیی: یەکێتی خزمەت و شەراکەتی راستەقینەی لەحکومەتدا دەوێت

کوردستان 04:34 PM - 2024-12-19
لەتیف نێروەیی PUKMEDIA

لەتیف نێروەیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکاتەوە کەلە هەڵمەتی بانگەشەدا بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دابوو، هاوکات ئامانجێتی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی خزمەتگوزار بێت و جیاوازی نەکات لەنێوان پارێزگاکاندا، لەبارەی کێشەی دواکەوتنی مووچەشەوە یەکێتی لەبەغداوە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیە.

 

لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەم پرسانە و چه‌ند پرسێكی دیکەی گرنگ بۆ PUKMEDIA ده‌دوێت و ده‌ڵێت: "دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی ته‌وتین و كێشه‌ی مووچه‌ هه‌ر بڕ‌یارێك بدات وه‌ك یه‌كێتی پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین"، وتیشی: "دیدی یه‌كێتی بۆ شه‌راكه‌ت له‌ حكومه‌تی داهاتوو لەگەڵ پارتی جیاوازه‌و بۆ دانوستان پێویستمان به‌ سه‌قامگیری و هه‌نگاوی هێواش و ئامانجداره‌".

 

بۆ داهاتوو یەکێتی ئامانجی حکومەتێکی خزمەتگوزارە

 

له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ وێبسایتی PUKMEDIA رایگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم چەند ئامانجێکی هەیە، کەئەوانیش خۆی دەبینێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کە بێ جیاوازی بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات، هاوکات بۆ یەکێتی گرنگە کە شەریکی راستەقینە بێت نەک وەک ئەوەی کەلە رابردوودا هەبووە".

 

"شێوازی حوکمڕانی داهاتووی هەرێمی کوردستان لای یەکێتی گرنگە و ئەو بەڵێنانەشی کەلە بانگەشەدا بە خەڵکی داوە سەرجەمیان جێبەجێدەکات، چونکە بەڵێنەکان لەبەرژەوەندی خەڵک بوەو بڕواشمان وا نییە کە هیچ لایەنێک دژی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی یەکێتی بوەستێتەوە، هەروەها سەقامگیری ئابوری و ئەمنی ئامانجی یەکێتییە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و کاری لەسەر دەکەین"، لەتیف نێروەیی وای وت.

 

دیدی یەکێتی بۆ شەراکەت جیاوازە لە پارتی

 

له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "ئه‌مجاره‌ به‌لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ چ جۆره‌ حكومه‌تێك پێكبهێنرێت و به‌ چ جۆرێك شه‌راكه‌ت بكرێت، چونكه‌ دیدی یه‌كێتی لەگەڵ پارتی بۆ شه‌راكه‌ت لە حکومەت جیاوازه‌ و دەمانەوێت شەراکەتی راستەقینە ببێتە بناغه‌ بۆ بنیاتنانی حكومه‌تێكی یه‌كگرتوو".

 

سەبارەت بە دانوستانەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی حکومەتی نوێی هەرێم، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی وتی: "یەکێتی ئەرکی دانوستانەکانی بە تیمێکی پرۆفیشناڵ بەخشیوە کە بە ئەزمونن لەسەر ئاستی حزب و حکومەت، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وایکردووە کە هیچ لایەنێک بەتەنها نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش پێکهێنانی حکومەت قورستر کردووە، بەڵام یەکێتی پێی باشە هەنگاوەکان هێواش بن و ئەنجامی باشیان هەبێت، بۆیە پەلەمان نییە لە پێکهێنانی حکومەت، بەڵام پەلەمانە بۆ خزمەت و چارەسەری کێشەکان".


یه‌كێتی له‌سه‌ر مافی مووچه‌خۆران بێده‌نگ نه‌بووه‌

 

لەبارەی بێدەنگی یەکێتی لەم قۆناغەدا کە ژیانی خەڵک باش نییە لەتیف نێروەیی رایگەیاند: "یەکێتی لەبارەی بژیوی ژیانی خەڵک هەرگیز بێدەنگ نەبووە، بەڵام دەکرێت لەئێستادا کەلایەنەکان لە قۆناغی دانوستاندان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم رەچاوی هێمنی و ژینگەیەکی باشتری سەقامگیری کردبێت، لەبەرامبەر ئەمانەشدا تیمی یەکێتی لە حکومەت و پەرلەمانی عیراق هاوکات لەسەر ئاستی باڵای حزبیش هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران".

 

"هه‌ر چه‌نده‌ بابه‌تی مووچه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كێشه‌یه‌كی یاساییه‌، به‌ڵام یه‌كێتی له‌سه‌ر مافی مووچه‌خۆران بێده‌نگ نه‌بووه‌ و له‌به‌غدا سكاڵامان تۆمار كردووه‌ و چاوه‌ڕ‌وانی بڕ‌یاری دادگاین، دواتر به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕ‌یاری دادگای فیدراڵ كه‌ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ته‌وتینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمن‌ رێكاری یاساییمان گرتوه‌ته‌ به‌ر، هەروەها دادگای فیدراڵی هه‌ر بڕ‌یارێك له‌باره‌ی ته‌وتین بدات یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بێت و بۆ ئەمەش تیمی ئێمه‌ له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی باڵاش هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هەرێمی داوه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا هه‌نگاوی دیكه‌ ده‌نێین"، نێروه‌یی واده‌ڵێت


هه‌نگاوه‌كانی سویسرا بۆ به‌جینۆسایدناساندنی كه‌یسی ئێزدییان گرنگه‌

 

سه‌باره‌ت به‌ هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کارکردن بۆ پرسی به‌ جینۆسایدناساندنی كه‌یسی ئێزدییه‌كان لە جیهان لەتیف نێروەیی رایگەیاند: "یەکێتی هەر لەو سەردەمەی کەسەرۆک مام جەلال سەرۆککۆماری عیراق بووە هەوڵیداوە ئەو پرسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا لەڕیی تیمەکانییەوە لەبەغدا هەوڵی زۆر دراوە بۆ کاریگەری لەسەر وڵاتان دروستبکرێت، کەئەو پرسە بە جینۆساید بناسێنن، ئەمە جگە لەوەی هەر لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە هەوڵی زۆر دراوە بۆ دەرخستنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی زیانلێکەوتوان".

 

راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرووی جوگرافییەوە دورە لە شەنگال و هەندێک جار نەمانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی ئێزدییەکان بکەین، بەڵام بەهەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوان بوین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و بەجینۆسایدناساندنی ئەو پرسە لەسەر ئاستی جیهان، کە نوێترینیان بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە بوو لەلایەن پەرلەمانی سویسراوە، هاوکات لە رابردووشدا چەند وڵاتێکی دیکە ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە جینۆساید ناساندووە، کە بێگومان رۆڵی یەکێتی تێدابووە".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket