riklam

مەحمود عوسمان: سەرژمێرییەكەی عیراق 400 ملیار دیناری تێدەچێت

کوردستان 01:44 PM - 2024-11-18
مەحمود عوسمان بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم PUKMEDIA

مەحمود عوسمان بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم

ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ كورد زۆر گرنگە، جگە لەوەی كە بودجەی هەرێمی پێ دیاریی دەكرێت، هاوكات دەتواندرێت كوردستانی بوونی ناوچە جێناكۆكەكانیشی پێ بسەلمێندرێتەوە، بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمیش دەڵێت: " حكومەتی عیراق زیاتر لە 400 ملیار دیناری بۆ ئەو پرۆسە گرنگە تەرخان كردوە"، دەشڵێت:" "ئەنجامدانی سەرژمێری و بەشداری كارای كورد لەم پڕ‌ۆسەیەدا زۆر گرنگە، چونكە هەرێم پێویستی بەنیشاندەرە ئامارییەكانە".


سەرژمێری بۆ گەشەپێدانی وڵاتە

 

 

مەحمود عوسمان بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا واتا لەساڵی 2004 ەوە، چەندینجار هەوڵدراوە سەرژمێری گشتی لەعیراق ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاری دەكرا، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی سیاسی و بارودۆخی عیراقەوە هەموو جارێك دواخراوە، تاوەكو دواجار دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕ‌یارێكی یەكلاكەرەوەی دەركرد بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و ناوی لێنا (سەرژمێری بۆ گەشەپێدانی وڵات) كە دوور لەهەموو دەستوەردانێكی سیاسییە، بۆیە لەدوو ساڵی رابردوودا هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری چڕ‌كرانەوە، بەپێی بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵیش ئەنجامی ئەم سەرژمێرییە بەهیچ شێوەیەك بۆ یەكلایی كردنەوەی هیچ كێشەیەك لەعیراق بەكار نایەت، هاوكات هیچ پەیوەندییەكی بەو سەرژمێرییەشەوە نییە كە لەماددەی 140 دا بڕ‌یاردراوە ئەنجامبدرێت، كەواتە هیچ كاریگەرییەكی سیاسی نابێت و تەنها بۆ گەشەپێدانی وڵاتە".

"سەرژمێرییەكە بەشێوەی ئەلكترۆنی ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی زوو بكەونە بەردەست و شیكاریان بۆ بكرێت و سوودیان لێببینرێت، هاوكات حكومەت و وەزارەتەكان بتوانن بەو نیشاندەرە ئامارییانە پلانەكانیان دابڕ‌ێژن بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن و پلانی ستراتیجی كورت خایەن، مام ناوەند، درێژ خایەنیان لەسەر دابڕ‌ێژرێت و بتواندرێت لەڕ‌ووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە خزمەتی هاووڵاتیانی پێبكرێت" مەحمود عوسمان وادەڵێت.

 

 

سەرژمێرییەكە بۆ هیچ بوارێكی سیاسی بەكارناهێندرێت

 

 

 

راشیگەیاند: "بەگوێرەی بڕ‌یارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و یاسای ژمارە 40 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە تایبەت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دەركراوە، بڕ‌یاردراوە سەرژمێرییەكە بۆ هیچ بوارێكی سیاسی بەكارنەهێندرێت، بەڵكو چەند ئامانجێكی هەیە كەخۆیان لە راستی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان و خەمڵاندنی بودجەی پارێزگاكان و ژمارەی كورسی پارێزگاكان بۆ پەرلەمان دەبینێتەوە، واتا بۆ پلاندانان و گەشەپێدانەو هیچ زیانێكی بۆ ماددەی 140 نابێت".

 

 

بەشداری كارای كورد لەم پڕ‌ۆسەیەدا زۆر گرنگە

 

 

بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم وتیشی: "ئەنجامدانی سەرژمێری و بەشداری كارای كورد لەم پڕ‌ۆسەیەدا زۆر گرنگە، چونكە هەرێم پێویستی بەنیشاندەرە ئامارییەكانە، جگە لەوەی سەرژمێری بۆ ناوخۆی كوردستان بودجەی پارێزگاكانی پێ دیاریدەكرێت، بۆ ناوچە جێناكۆكەكانیش كوردستانی بوونیان دەسەلمێندرێتەوە". 

 

 

هەر پرسیارێكی سەرژمێرییەكە ئامانجێكی لەپشتەوەیە

 

 

ئەوەشی راگەیاند: "گرنگە خەڵكی هەرێمی كوردستان و كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان، بەشداری كارابن لەم پڕ‌ۆسەیەداو وەڵامی ئەو 70 پرسیارە بدەنەوە كەئاڕ‌استەیان دەكرێت، چونكە بۆ هەر پرسیارێك ئامانجێكی لەپشتەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە ئەگەر مەترسییەك لەم پڕ‌ۆسەیەدا بۆسەر ناوچەكانی ماددەی 140 هەبووبێت، رەواندومانەتەوەو وەزارەتی پلاندانانی هەرێمیش مەترسییەكانی گەیاندووەتە سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیرانی عیراق".


مەحمود عوسمان بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: "ساڵی 2019 بڕ‌یاردرا ئامادەكاری بۆ سەرژمێری گشتی عیراق بكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم هەستیان بەمەترسی كرد، چونكە لەدوای ساڵی 2014 و شەڕ‌ی داعشەوە ئاوارەیەكی زۆر لەناوچە جێناكۆكەكان نیشتەجێكران، هەربۆیە چەندینجار پلاندانانی هەرێم لەگەڵ بەغدا كۆبووەوەو پێیان راگەیاندن كەدەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، چونكە رازی نین ئەو ئاوارانە لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان هەژمار بكرێن و باڵانسی دیمۆگرافیا تێكبچێت هەربۆیە پڕ‌ۆسەی سەرژمێری  نەكرا".

 

 

ئاوارەی ناوچە جێناكۆكەكان تۆمارەكەیان دەچێتەوە سەرشارەكانی خۆیان

 

"لەچوارچێوەی هەوڵەكانمان بۆ ئەگەری مەترسی بۆسەر ماددەی 140، لەڕ‌ێگای د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراقەوە، د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی وەفدێك لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق گفتوگۆیان كردو سەرجەم مەترسییەكانیان خستەڕ‌وو، لەو روانگەیەشەوە سەرۆكوەزیران بڕ‌یاریدا كەئاوارەكانی ناوچە جێناكۆكەكان تۆمارەكەیان بچێتەوە سەر شارەكانی خۆیان و ئاوارەكانی هەرێمیش بەهەمان شێوە، هاوكات ئەو هاووڵاتیانەی لەناوچە كێشە لەسەرەكان تۆماری ساڵی 1957 یان نییە، دەبێت جیابكرێنەوەو ئاماژەی پێبدرێت كەخەڵكی ئەو ناچانە نین و ئەنجامی سەرژمێرییەكەش لەناوچە جێناكۆكەكان بڵاونەكرێتەوە، هەتا لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 بەراورد نەكرێت" مەحمود عوسمان وادەڵێت.

 

سەرژمێری مەترسی بۆسەر كوردستانی بوونی ناوچە جێناكۆكەكان نابێت 

 

 

وتیشی: "رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە لەسەر ئەوەی تاوەكو ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت هیچ گۆڕ‌انكارییەكی دیمۆگرافیا لەناوچە جێناكۆكەكان روونەدات، بەڵام ئێستا روویداوە، هەربۆیە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا كراوە كەئەگەر ئەو ئاوارانە لەو ناوچانەش سەرژمێریان بۆ بكرێت ناوەكانیان تۆمار نەكرێت تاوەكو دەچنەوە جێگەكانی خۆیان، بۆیە بەپێی بڕ‌یاری دادگای فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرژمێری گشتی نابێتە مەترسی بۆسەر كوردستانی بوونی ناوچە جێناكۆكەكان".

بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم ئەوەشیخستەڕ‌وو: "بڕ‌یاردراوە بۆ سەرژمێری گشتی لەناوچە جێناكۆكەكان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی باڵا لەهەر چوار وەزارەتی پلاندانان، ناوخۆ، كۆچ و كۆچبەران، بازرگانی پێكبهێنرێت و هەر وەزارەتێك لەهەرێم و عیراق دوو نوێنەریان هەبێت تاوەكو سوود لەتۆمارەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران وەربگیرێت و بزانرێت ئەو ئاوارانە كێن و دیاری بكرێن، هاوكات سوود لەتۆمارەكانی وەزارەتی بازرگانی وەربگیرێت لەپێدانی فۆڕ‌می خۆراك، جگە لەوەی لەوناوچانە سێ بژمێری كورد، عەرەب، توركمان سەرژمێرییەكە دەكەن، هاوكات لەوناوچانەی مەسیحیان زۆرە نوێنەرێكی مەسیحیش هەبێت جگە لەبژمێری تابلێتەكەش دوو فۆڕ‌می دەستی پردەكرێنەوەو بۆ دڵنیایی لە زانیاریی تۆماركراوەكان، وێنەیەكی بۆ هەرێم دەنێردرێت و وێنەیەكی دیكەشی بۆ عیراق".

 

زیاتر لە 400 ملیار دینار بۆ سەرژمێری تەرخانكراوە

 

 

لەبارەی بودجەی تەرخانكراو بۆ سەرژمێری گشتی عیراق بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم بۆ PUKMEDIA وتی: "سەرژمێری پڕ‌ۆسەیەكی زۆر گرنگ و گەورەیە كە بۆ 44 ملیۆن كەس لەعیراق ئەنجامدەدرێت، هەربۆیە زیاتر لە 400 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی تەرخانكراوەو 70 % ی دراوە بەكۆمپانیا بیانییەكان، بۆ داتا سەنتەرو پێداویستییە ئەلكترۆنییەكانی دیكە".

 

 

سەرژمێری بۆ هەرێم گرنگە

 

 

راشیگەیاند: "لەپارێزگاكانی هەرێمیش پڕ‌ۆسەكە زۆر بەباشی بەڕ‌ێوەدەچێت و داواكارین هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەر كوردێك لەهەر شوێنێك هەیە  لەڕ‌ۆژانی 20 و 21 ی ئەم مانگە لەماڵەكانیان بمێننەوەو هاوكاری تیمەكانمانبن، چونكە گرنگە بۆ هەرێم كەئامارێكی راست و دروستی دانیشتوانی هەرێممان لەبەردەستدا بێت". 


بڕ‌‌یارە رۆژانی 20 و 21ی 11ی 2024، سەرژمێری گشتی لەعیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 120 هەزار سەرژمێركار لەعیراق و هەرێمی كوردستان بەشدار دەبن لە سەرژمێری گشتیی دانیشتوان و وەڵامی زیاتر لە 70 پرسیار لەو خێزانانە وەردەگرن كەسەردانیان دەكەن.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket