riklam

نزیكەی 7 ملیار دینار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەی سلێمانی و دهۆك خەرجدەكرێت

کوردستان 06:18 PM - 2024-05-23
 پێدانی پارە بە ئاوارەکان PUKMEDIA

پێدانی پارە بە ئاوارەکان

نزیكەی هەزار خێزانی ئاوارە لە كامپی ئاشتی لە سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە سنووری پارێزگانی سەڵاحەدین و نەینەوا و 785 ئاوارەی دیكەش لە دهۆكەوە گەڕانەوە بۆ شەنگال و تێكڕاش بڕی 6 ملیار و 880 ملیۆن دیناریان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگای دهۆک کەمترە، بەڵام ژمارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی زیاترە.

 

935 ئاوارەی سلێمانی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كە وێنەیەكی بۆ PUKMEDIA نێردراوە ئاشكرایدەكات كە :" 935 ئاوارەی كەمپی ئاشتی لە سلێمانیەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە سەلاحەدین و نەینەوا".

 

 راگەیەندراوەكە لە زاری ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانەوە رایدەگەیەنێت: "هاوکاریی داراییان بە بڕی چوار ملیۆن دیناری عیراقی بۆ هەر خێزانێک خەرجکردووە كە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان".

 

بەپێی بەدواداچوونی PUKMEDIA بۆ ئەو كاروانەی ئاوارەكان كە لە كامپی ئاشتیەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان بڕی ( 3 ملیار و 740 ملیۆن و دینار) دیناریان بۆ خەرجكراوە.

 

4 ملیۆن دینار دراوی بەهەر خێزانێک

 

ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق  دەڵێت:" ئەو 935 ئاوارەیەی سلێمانی گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە قەزای بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین و قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا و بڕی 4 ملیۆن دیناریش بۆ هەر خێزانێك بە چەكی بانكی خەرجكراوە".

 

"ئاوارە گەڕاوەکانی کامپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی، جگە لە هاوکاریی دارایی، کەلوپەلی دیکەی وەک تەلەفزیۆن، تەباخ و بەفرگرێک و کەرەستەی دیكەی فریاگوزاریشیان بۆ دابینكراوە " وەزیری كۆچ وكۆچبەران وادەڵێت.

 

هەروەك وەزیری کۆچبەران گەڕاندنەوەی زیاتر لە 785 ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆک بۆ زێدی خۆیان لە شنگال راگەیاند و دەڵێت:" ئەم هەنگاوانەی وەزارەت بۆ كۆتاییهێنانی دۆسیەی ئاوارەكان و گێڕانەوەیانە بۆ زێدی خۆیان".

 

وەزیری کۆچ و کۆچبەران رایدەگەیەنێت:" زیاتر لە (785) ئاوارەی ئێزدی لە کەمپی ئیسیان و مامەرشان لە پارێزگای دهۆک بە ویستی خۆیان گەڕانەوە بۆ قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا كە زێدی خۆیانە".

 

بۆ گەڕاندنەوەی 785 ئاوارەی ئێزدی بۆ شەنگال بڕی 3 ملیار و 140 ملیۆن دینار خەرجكراوە كە بۆ هەر خێزانێك 4 ملیۆن دیناری دراوەتی.

 

لە سلێمانی ئاسانکاری زیاتر کراوە

 

لە پارێزگای سلێمانی هاوکاری و کارئاسانی زیاتر کراوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سنورەکە بەراورد بە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر.

سامر مه‌شكور به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا پێشتر به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌راورد به‌ هه‌ولێرو دهۆك له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر هاوكاری و كارئاسانیمان بۆده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌مپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان".

 

"بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە حکومەتی عیراق بڕی چوار ملیۆن دینار و بەفرگرێک و تەلەفزیۆنێک و تەباخێک، وەک هاوکاری پێشکەش بە ئاوارەکان دەکات و کار ئاسانی دەکات بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، هاوکات هەوڵدەدەین لەو وادەیەی دیاریکراوە کە 30-7-2024 ە سەرجەم ئاوارەکانی هەرێم بگەڕێنەوە، چونکە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان لە زێدی خۆیان نەماوە"، سامر مەشکور وای وت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە هەتا 30-7-2024 سەرجەم ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لە ئێستاشدا گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە،  بەڵام بەپێی سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بێت کەلە دادگای فیدراڵی تۆماری کردبوو، لەپارێزگاکانی هەولێر و دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان هەیە.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket