riklam

دامەزراوەی مید یەکەمین تۆڕی کواڵیتی هەوا بەکاردەخات لە عیراق و کوردستاندا

کوردستان 06:56 PM - 2024-03-12
تۆڕی کوالێتی هەوا MEED Foundation

تۆڕی کوالێتی هەوا

لە دەستپێشخەرییەکی سەردەمییانەدا، دامەزراوەی مید، کە تایبەتە بە گەشەپێدانی ناوچەیی، یەکەمین تۆڕی کواڵیتی هەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەکاردەخات. ئەم پرۆژەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای بەناوبانگی سویسری (ئای کیو ئایر – IQAir) ئەنجامدراوە کە پسپۆڕن لە سیستەمەکانی چاودێری و پاڵاوتنی هەوادا. ئامانجی پرۆژەکە نیشانەکردنی پرسی گرنگی پیسبوونی هەوایە لە عێراقدا، کە یەکێکە لە پیسترین وڵاتەکانی جیهان لە کواڵیتی هەوادا.

 

دەربارەی تۆڕی کواڵیتی هەوا

پرۆژەی تۆڕی کواڵیتی هەوا کە لە مانگی 11ی 2023 لە کۆنفرانسی دامەزراوەی مید راگەیندرا، پێکهاتووە لە 30 هەستەوەری زیرەک بۆ چاودێریکردنی کواڵیتی هەوا لە ڕووبەرێکی فراوانی حەڤدە هەزار کیلۆمەتر دووجادا (17,000km2) و شوێنە سەرەکییەکانی تەواوی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە بە ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕێن و گەرمیانیشەوە.

ئەم هەستەوەرە پێشکەوتووانە بە ڕاستەوخۆیی زانیاری لەسەر کواڵیتی هەوا کۆدەکەنەوە کە هەموو 3 خولەک جارێک داتا تۆماردەکەن لە سەر پیسی هەوا، پلەی گەرما، پەستان و شێ. کۆکردنەوەی زانیاری گشتگیر ئاسانکاری دەکات بۆ شیکارییەکی قووڵی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بڕیاری ئاگادارانە و بەر مەبنای داتا بدەن بۆ گەشەپێدانی بەردەوام. سەرەڕای ئەمەش، ئەم داتایانە لە ڕێگەی داشبۆردێکی تایبەتەوە لە ماڵپەڕی (IQAir) و ئاپلیکەیشنی مۆبایلی (AirVisual) بەردەست دەبن، ئەمەش شەفافیەت و بەشداریکردنی گشتی بەرز دەکاتەوە.

 

هاوبەشەکانی تۆڕی کواڵیتی هەوا

ئەم دەستپێشخەرییە بە پاڵپشتی کۆمپانیای بواری ئینتەرنێت (iQ Group) و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) پشتگیری دەکرێت. کۆمپانیای (iQ Group) کە پێشەنگی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە لە عێراقدا، بەردەوام دەبێت وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لەگەڵ دامەزراوەی مید و رۆڵی سەرەکی هەبووە لەم پرۆژەیەدا، ئەویش بە بەستنەوەی هەستەوەرەکان بە هێڵی ئینتەرنێت و کارەبای بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە بەرفراوانەکەی فایبەر ئۆپتیکەوە لە ناوچە دیاریکراوەکاندا.

 

کواڵیتی هەوای عێراق

عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی ژینگەیی هەستیار بوەتەوە، کە ڕیزبەندی دووەم وڵاتی پیسبووی وەرگرت لەسەر ئاستی جیهانی لە ساڵی 2022دا و بە سەرچاوەیەکی پێشەنگی سووتانی غاز ناسێندرا. ئەم پرسە مەترسیدارانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی دەستپێشخەرییەکانی وەک تۆڕی کواڵیتی هەوای دامەزراوەی مید دەکەنەوە. ئەم پڕۆژەیە تەنها وەڵامێک نییە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمی ئاو، سوتانی گازی کێڵگە نەوتییەکان و بیابانبوون بەڵکو هەنگاوێکی چالاکانەیە بەرەو چارەسەری بەردەوام.
ئامانجی تۆڕی کواڵیتی هەوا گۆڕینی ڕێبازی عێراقە بۆ بەڕێوەبردنی ژینگە لە ڕێگەی دابینکردنی داتای ورد و ڕاستەقینەی کواڵیتی هەوا کە هەمووان دەستیان پێ بگات. ئەم داتایانە پاڵپشتی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی و داڕێژەرانی سیاسەت دەبێت بۆ بڕیاردانی ئاگادارانە، پاڵنەرە بۆ وەرگرتنی وزەی پاک، جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی هەوای پاک، و بەرزکردنەوەی هەوڵە پەروەردەییەکان لەسەر داتا ژینگەییەکان. لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە، دامەزراوەی مید هەوڵدەدات تەندروستی گشتی بپارێزێت و عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامتر و دۆستی ژینگەیی ئاڕاستە بکات.

 

گرنگی داتاکانی کواڵیتی هەوا

تۆڕی کواڵیتی هەوا بە شێوەیەکی وورد بەدواداچوون بۆ ئاستی گەردیلەکان (PM – Particulate Matter) دەکات، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی هەیە، لەوانە:

>> جۆری (PM2.5) گەردیلە بچووکەکانی سووتانی سوتەمەنی (ئۆتۆمبێل، کارگە) دەتوانن بگەنە قووڵایی سییەکان و سووڕی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی هەناسەدان و دڵ، هەروەها کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک و گەشەکردنی کۆرپەلە دەبێت.

>> جۆری (PM10) هەڵمژینی گەردیلە گەورەکانی هەوا لە تۆز و بیناسازییەوە دەتوانێت کۆئەندامی هەناسەدان هەستیار بکات و دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە.

>> جۆری (PM1) بچووکترین تەنۆلکەکان، لە سووتانی سووتەمەنی و کۆنبونی تایەکان دروست دەبن، دەتوانن کاریگەری قووڵیان هەبێت لەسەر سییەکان و ئەندامەکانی تر، لەوانەش دڵ.

ئەم داتایانە زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا، ڕێنماییکردنی ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن، و ڕێسا ئاگادارکەرەوەکان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لەو ناوچانەی کە دەردانی گازی پیشەسازی و گازی ئۆتۆمبێل زۆرە.

دەستپێشخەری شۆڕشی داتا

عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمیی داتاکان لە گشت بوارەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بڕیاردان دروستکردوە لە هەردوو کەرتەکانی گشتی و تایبەتدا. بە مەبەستی ڕوبەڕووبونەوەی ئەم ئاڵنگاریە بەرفراوانە، لە مانگی 11ی 2023 لە کۆنفرانسی دامەزراوەی مید )دەستپێشخەری شۆڕشی داتا( راگەیەندرا لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی بۆشاییەکانی داتا و زانیاری گشتی و ئابووری بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک بۆ دروستکردنی داتای نوێ. تۆڕی کواڵیتی هەوا یەکێکە لە پرۆژەکانی دەستپێشخەری شۆڕشی داتا کە تایبەتە بە ژینگە و تەندروستی. 

 

دەستپێکردن و دەستڕاگەیشتن

تۆڕی کواڵیتی هەوا لە پاییزی 2023 دەستیپێکردووە و بڕیارە لە مانگی ئازاری 2024دا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەست بخرێت بۆ هەموان، کە دەستڕاگەیشتنێکی بێ وێنەی داتای کواڵیتی هەوا بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دابین دەکات. ئەم پرۆژەیە نەک هەر نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو دەکات لە چاودێریکردنی ژینگە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بەرەو داهاتوویەکی تەندروستتر و بەردەوامتر.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket