riklam

پێشێلکاری رۆژنامەگەری لە هه‌ولێر و دهۆك زۆرترینە و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكاش نیگه‌رانه‌

کوردستان 10:27 AM - 2024-03-01
پێشێلکاری رۆژنامەگەری PUKMEDIA

پێشێلکاری رۆژنامەگەری

له‌باره‌ی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ده‌ستكه‌وتنی زانیاری بۆ رۆژنامه‌نوسان جارێكی دیكه‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر نیگه‌رانی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "به‌رامبه‌ر به‌پێشێلكاری ئازادی راگه‌یاندن له‌دهۆك و رێگری له‌رۆماڵكردنی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ نیگه‌رانین"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌مافی رۆژنامه‌نوسان و راپۆرتی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسان، "زۆرترین پێشێلكاریی كه‌ له‌ساڵی رابردوودا به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان كراوه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆك بووه‌".

ئەمریکا: ئازادی رۆژنامەنوسان سنوردار نەکرێت

كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر له‌نوێترین په‌یامیدا رایده‌گه‌یه‌نێت: "نیگه‌رانین له‌پێشێلكاریه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر ئازادیی ڕ‌‌اگه‌یاندن، له‌وانه‌ ده‌ستگیركردنی ڕ‌‌ۆژنامه‌نوس و چالاكوان له‌شاری دهۆك له‌هه‌فته‌ی ڕ‌‌ابردووداو هه‌روه‌ها ڕ‌‌ێگریكردن له‌ ڕ‌‌ووماڵی كه‌ناڵه‌كانی ڕ‌‌اگه‌یاندن له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ واده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و پێشێلكارییانه‌ به‌پاڵنه‌ری سیاسی كرابن".

كونسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات:"پشتیوانی ده‌كه‌ین له‌جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی هه‌ردوو یاسای كاری ڕ‌‌ۆژنامه‌نوسی و یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستان و ئازادی سنوردارنه‌كراوی ڕ‌‌ۆژنامه‌نوسان بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان".

کەمترین پێشێلکاری لە هەڵەبجە و سلێمانییە

پێشتریش رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسان، ئاماری پێشێلكارییه‌كانی ساڵی 2023ی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵ و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێی ئاماره‌كه‌، پارێزگای هه‌ولێر پله‌ی یه‌كه‌می به‌ 78 حاڵه‌ت گرتووه‌، پاشانیش پارێزگای دهۆك دێت كه‌ 37 پێشێلكاری تێدا ئه‌نجامدراوه‌، هاوكات كه‌مترین پێشێلكاری له‌ پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانییه‌، كه‌ به‌ هه‌ردوو پارێزگاكه‌ ته‌نها 21 حاڵه‌ت تۆمار كراوه‌.

زۆرترین پێشێلکاری لە هەولێر و دهۆکە

هاوكات به‌پێی راپۆرتی ساڵی 2023 ی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان، له‌ساڵی رابردوودا تێكڕ‌ا 249 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووس و ده‌زگا میدیاییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان كراون كه ‌له ‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌مترین پێشێلكاری و له‌هه‌ولێر و دهۆكیش زۆرترین پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراوه‌.

دەستدرێژی و هەڕەشەی رۆژنامەنووسان رابگیرێت

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داواده‌كه‌ن: "ھه‌ڕ‌ه‌شه‌كردن و ده‌ستدرێژیكردن و به‌ندكردنی سه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر كاره‌كانیان رابگیرێت".

له‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریدا، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، جێنین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق و یونامی و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌نته‌ری میترۆ په‌یامی تایبه‌تیان بڵاوكرده‌وه‌و داوای پیاده‌كردنی ئازادی راده‌ربڕ‌ین و نه‌هێشتنی ھه‌ڕ‌ه‌شه‌ و ده‌ستدرێژی و به‌ندكردنیان بۆسه‌ر رۆژنامه‌نووسان كرد، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی راپۆرتی رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و چاودێری میدیایی ناوه‌ند و نێرده‌ دبلۆماسییه‌كان ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌ولێرو دهۆك له‌پاشه‌كشێی رووندایه‌و چه‌ندینجار هۆشداریان داوه‌.

پێشتریش چه‌ندجارێك كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێرو پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی رۆژنامه‌نوسان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌و داوایان كردوه‌ به‌پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و یاسای ده‌ستكه‌وتنی زایناری له‌هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوساندا بكرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket