riklam

رێنماییه‌كانی كۆتوبه‌ندكردنی میدیا له‌هه‌رێم ره‌تكرایه‌وه‌

کوردستان 01:58 PM - 2024-02-15
مایکی PUKMEDIA PUKMEDIA

مایکی PUKMEDIA

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێمی كوردستان رێنمایی تایبه‌ت به‌ (ڕ‌ێكخستنی كاری میدیایی له‌ هه‌رێمی كوردستان) هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌  كه‌ "دیاریكردنی پێوه‌ره‌كانی ناوه‌ڕ‌ۆكی میدیاكانی دابووه‌ ده‌ست حكومه‌ت"، و پسپۆرێكی میدیاش ده‌ڵێت:" ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ئازادی كاریی میدیایی له‌هه‌رێم".

 

رێنماییه‌كه‌ نیگه‌رانی رۆژنامه‌نوسان و پسپۆڕانی لێكه‌وته‌وه‌

ئه‌م رێنماییه‌ له‌ساڵی رابردوودا وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌ریكرد، كه‌  ناڕ‌ه‌زایی رۆژنامه‌نوس و راگه‌یاندنكار و نوسه‌رانی لێكه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ رێوشوێنی بۆ ئازادی بڵاوكردنه‌وه‌و قسه‌كردن دانابوو.

 

وه‌زاره‌تی ڕ‌ۆشنبیری و لاوان به‌یانی ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠٢٤ی ده‌ركردوو له‌ ڕ‌ۆژنامه‌ی (وه‌قایعی كوردستان) ژماره‌ (٣١٤) له‌ ڕ‌ۆژی ٢٠٢٤/١/٢٨ بڵاوكرایه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕ‌ێنمایی ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبه‌ت به‌ (ڕ‌ێكخستنی كاری میدیایی له‌ هه‌رێمی كوردستان) كه‌ پێشتر له‌ ڕ‌ۆژنامه‌ی (وه‌قایعی كوردستان) ژماره‌ (٣٠٥) له‌ ڕ‌ۆژی/٥/٢٢ بڵاوكرابووه‌وه‌و تێبینی و سه‌رنجی له‌ لایه‌ن میدیاكار و یاساناسانه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆماركراو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بڕیاریدا له‌رۆژی ٢٠٢٤/٢/١ كار به‌و ڕ‌ێنماییه‌ ناكرێت.

 

 په‌رله‌مان ئه‌ركی یاسادانانه‌ نه‌ك حكومه‌ت

به‌پێی به‌دواداچوونێكی PUKMEDIA  حكومه‌تی هه‌رێم له‌غیابی په‌رله‌مانی كوردستان دا ئه‌و رێنماییانه‌ی ده‌ركردبوو كه‌ به‌ وته‌ی پسپۆر و میدیاكار و مامۆستایانی زانكۆ " بۆ كۆتوبه‌ندكردنی ئازادی میدیا و راده‌ربڕ‌ین" بووه‌، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان ئه‌ركی یاسادانانه‌ نه‌ك حكومه‌ت.

 

به‌رێنمایی میدیا له‌قاڵب درابوو

د.سامان فه‌وزی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای راگه‌یاندن له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" ئه‌و رێنماییانه‌ مه‌ترسیدار بوون له‌ سه‌ر ئازادی راگه‌یاندن و كاریی میدیایی و پاشه‌كشه‌كردن بوو له‌ئازادی میدیا و دیموكراسی له‌ هه‌رێم و به‌مه‌به‌ست ئه‌و رێنماییانه‌ ده‌ركرابوون تاوه‌كو میدیا و ئازادی له‌ قاوغ بدات".

 

" ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌، هه‌نگاوێكی گرنگه‌و جێی ده‌ستخۆشییه‌ و خه‌مخۆرییه‌ بۆ پاراستنی ئازادیی میدیایی و ناكرێت ئازادی میدیایی به‌رته‌سكبكرێته‌وه‌و كۆتوبه‌ند بۆ كاری راگه‌یاندن و چوارچێوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م دابنرێت". د.سامان وایوت.

 

حكومه‌ت غیابی په‌رله‌مانی به‌هه‌لزانی

د. سامان فه‌وزی ده‌شڵێت:" حكومه‌تی هه‌رێم غیابی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌هه‌لزانی و ئه‌و رێنماییانه‌ی ده‌كرد، له‌كاتێكدا له‌غیابی په‌رله‌مانیشدا ده‌بوو ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئه‌و رێنماییانه‌ ده‌ربكات و نابێت سه‌ربه‌حكومه‌ت بێت" .

 

"به‌پێی رێنماییه‌ ره‌تكراوه‌كه‌ رسوماتێكی زۆر بۆ میدیا دانرابوو، كه‌ سه‌ته‌لایت (40) ملیۆن دینار، ته‌له‌فزیۆن (20) ملیۆن، رسوماتی كۆمپانیاكانی په‌خش (30) ملیۆن دینار بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ لێدان بوو له‌ میدیای ئازاد كه‌ ناتوانێت ئه‌و بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ بدات" د. سامان وایوت.

 

" مه‌ترسییه‌كی دیكه‌ی رێنماییه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ پێوه‌ره‌كانی ناوه‌ڕ‌ۆكی میدیایی، فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری سه‌ربه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ریده‌كات، ئه‌مه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌بوو، واتا ده‌سه‌ڵات به‌حكومه‌ت درابوو كه‌ میدیاكان چی بڵێن و چی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، هاوكات بۆردێك درووستده‌كرا له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و رۆشنبیری و فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، واتا حكومه‌ت خۆی رێنماییه‌كه‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌نووساندا جێبه‌جێ ده‌كرد". د. سامان وایوت .

 

رێگه‌ی له‌ئاشكراكردنی دۆكیۆمێنته‌كانی حكومه‌ت ده‌گرت

مامۆستاكه‌ی زانكۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:"هه‌ر له‌ رێنماییه‌ ره‌تكراوه‌كه‌دا داخستنی ئامرازی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لكترۆنی و په‌یجی تۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دانرابوو، ئه‌مه‌ سزایه‌كی زۆر توندبوو وه‌كو له‌سێداره‌دان وابوو بۆ رۆژنامه‌گه‌ری، هه‌روه‌ها رێگه‌ی له‌ ئاشكراكردنی دۆكیۆمێنته‌كانی حكومه‌ت ده‌گرت كه‌ له‌مه‌ودوا نابێت هیچ به‌ڵگه‌و دۆكۆمیۆمێنێكی حكومه‌ت بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری ناو حكومه‌ته‌، به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ كاری میدیایی له‌هه‌رێم ده‌خرایه‌ ژێر ده‌ستی حكومه‌ته‌وه‌و له‌قاڵب ده‌درا".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket