riklam

زیاتر لە 100 ناوەندی دیکەی خوێندن لە سلێمانی بایکۆتیان شکاند

کوردستان 05:16 PM - 2024-02-06
خوێندکاران کوردستانی نوێ

خوێندکاران

لە ماوەی پێنج رۆژدا زیاتر لە 100 خوێندنگە و باخچەی ساوایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتیان شکاندووە و خوێندنیان دەستپێکردۆتەوە، جێگری پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: "ئەم هەڵوێستەی مامۆستایان لەبیرناکرێت و پێزانینمان بۆیان هەیە کە رێگایان نەدا ساڵێکی خوێندنی ئەم سنوورە بفەوتێت".

بەپێی نوێترین ئامار کە دەست PUKMEDIA کەوتووە، لەڕۆژی 1-2 تا ئەمڕۆ 6-2-2024، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 101 خوێندنگە و باخچەی ساوایان بایکۆتیان شکاندووە و پڕۆسەی خوێندنیان دەستپێکردووە.

جێگری پارێزگاری سلێمانی:سوپاس و پێزانینمان بۆ مامۆستایان هەیە

شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "مامۆستایان بەشکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەی خوێندن، سەلماندیان کە پەرۆشی رۆڵەکانیانن و رێگا نادەن ساڵێکی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بفەوتێت، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانیان دەکەین، سوپاس و پێزانینیشیان ئاڕاستە دەکەین بۆ ئەو هەڵوێستە مەردانەیەی نواندویانە، هەم لەکاتی بایکۆت و خۆپیشاندان کە زۆر بە هێمنانە داواکاریەکانیان خستەڕوو، هەمیش لەئێستادا کە پڕۆسەی خوێندنیان دەستپێکردۆتەوە".

"پەیام و داواکاری مامۆستایان بە حکومەی هەرێم و عیراق و تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکانیش گەیشتووە، ئەرکی حکومەتیشە داواڕەواکانیان جێبەجێ بکات، هەروەها داوا لەو مامۆستایانە دەکەم کە تائێستا بایکۆتیان نەشکاندووە، دەرگای خوێندنگەکان بکەنەوە و هەمان هەڵوێستی هاوپیشەکانیان هەبێت کە دڵنیام بایکۆت خواست و ویستی ئەوان نەبووە و بەناچاری پەنایان بۆبردووە"، شاهۆ عوسمان وادەڵیت.

زیاتر لە چوار مانگ دەرگای خوێندنگەکان داخران

لەگەڵ ئەوەی 13-9-2023، بەڕەسمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لێدرا، بەڵام مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەیان داواکارییان بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست، بایکۆتی خوێندنیان کرد و بۆ زیاتر لە چوار مانگ دەرگای خوێندنگەکان داخران.

مامۆستایان رێگایان نەدا 700 هەزار خوێندکار ساڵێکی خوێندنیان بفەوتێت

له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 900 هه‌زار خوێندكار هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 700 هه‌زار خوێندكار له‌ سنووری پارێزگای سلێمانییه‌ كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر 10 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا كه‌ بریتین له‌ (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی چه‌مچه‌ماڵ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سه‌ید سادق، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی دووكان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ده‌ربه‌ندیخان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شارباژێڕ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی پێنجوێن، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی قه‌ره‌داغ)، و له‌ئێستادا له‌هه‌ر 10 به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كه‌ خوێندن ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌و رۆژانه‌ش ژماره‌ی خوێندنگه‌كان كه‌ ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌نه‌وه‌ زیاد ده‌كات.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket