riklam

پێشبینییەکان بۆ بازاڕی نەوت لە 2024دا

ئابوری 03:45 PM - 2024-01-16
ئەگەری هەیە خواست لەسەر نەوت زیاد بکات کوردستانی نوێ

ئەگەری هەیە خواست لەسەر نەوت زیاد بکات

لە سەرەتای 2023وە نرخی نەوتی خاوی برێنت و خۆرئاوای تەکساس زیاتر لە %10 دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هەرچەندە چەند هۆکارێکی کەم رۆڵیان لەو گۆڕانەی نرخدا هەبوو، بەڵام شرۆڤەکارە گەشبینەکان، رایان وایە بۆ ئەمساڵ 2024، چەند هۆکارێک هەن دەشێ نرخی نەوت بەرز بکەنەوە.


لەو هۆکارانە، بەردەوام کەمکردنەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن (ئۆپیک پڵەس)ەوە، کۆتوبەندە لۆجیستییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بە گشتی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە هۆکاری داشکانی وەبەرهێنان بۆ پەرەدان بە کێڵگە نوێیەکانی نەوت، بەڵام کلیلی سەرەکی هەڵكشانی نرخی نەوت ئاستی خواستە، بە تایبەتی دوای ئەوەی چەندین شرۆڤەکار پێشبینییەکانی خۆیان بۆ گەشەکردنی خواست لەسەر نەوت بەرزکردەوە.

ئەگەر دابڕان روو نەدات

بە پێی ئەو پێداچوونەوانە، پێنج بانکە گەورەکەی ئەمریکا، پێشبینی دەکەن نێوەنجی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە 2024دا بگاتە 85 دۆلار. ئەمەش ئەگەر هاتوو هیچ دابڕانێک لە خستنەڕووی نەوت روونەدات. لەو رووەوە بانکی گۆڵدن ساکس، پێشبینی کرد نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەم ساڵ لە نێوان 70 بۆ 90 دۆلاردا بێت، ئەمەش دوای کەمکردنەوەی پێشبینییەکانی پێشووی دێت، کە لە نێوان 80 بۆ 100 دۆلاردا بوو.


بەر لەو پێداچوونەوەیەی دوایی، بانکەکان پێشبینی 92 دۆلاری بۆ یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا رایان وایە ساڵی 2024 لە ساڵی 2023 باشتر دەبێت. بانکەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا هۆکاری پێداچوونەوەیان بووە بە پێشبینییەکانیاندا، بە جۆرێک لە ساڵی 2023 بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2024 ئاماژە بۆ گەشەیەکی زۆر خاو دەکەن، کاتێک ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات کە گەشەکردنەکە بە زەحمەت رۆژانە دەگاتە 180 هەزار بەرمیل، بەراورد بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلی پێشتر، بێگومان دەبێ ئیدارەی زانیاریی وزە هۆکاری دیاریان بۆ پێشبینییەکەیان هەبێت.

 

گۆڕانکاریی لە پێشبینییەکاندا

لە هەمان کاتدا، بانکی سیتی گروپ، پێشبینی ئەوە دەکات، کە لە ساڵی 2024، نێوەنجی نرخی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی 75 دۆلار دەبێت، ئەمەش نزمترین ئاستی پێشبینییەکانی پێنج بانکە گەورەکەی ئەمریکایە. ئەم هەڵوێستە نزیکترینی ئەوەی لە ساڵی 2024 بۆ نرخی نەوت روویدا. چونکە بانکی سیتی گروپ پێشبینی کردبوو کە نرخی نەوتی خاوی برێنت 80 دۆلار دەبێت، ئەوەش لێیەوە نزیکە. راڤەکارانی بانکەکان هۆکاری ئەو پێشبینییە بە ئاگایەیان بۆ نرخی نەوت بۆ پاشەکشێی گەشەی خواست لەسەر بەرهەم دەگێڕنەوە، کە پێیان دەوت (بای پێچەوانەی ئابووری و گواستنەوەی وزە). هەروەها بانکەکان ئاماژەیان بە هەڵكشانی بەرهەمی ئەمریکا دا وەک هۆکارێکی تری دابەزاندنی پێشبینییەکەیان و پابەندبوونی ئۆپیک پڵەس بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان تا سنوورێک بۆ لانیکەمی نرخ دابنێن.


لە کاتێکدا سێ گەورە بانکەکەی تر، پێشبینییەکانیان بۆ نرخی نەوتی خاو لە 2024 لە نێوان 83 بۆ 90 دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاری کرد. جەی بی مۆرگان پێشبینی کەمترین نرخی بە 83 دۆلار بۆ بەرمیلێک کرد، بەڵام بانک ئۆف ئەمریکا گەشبینیتر بوو، پێشبینی نێوەنجی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە 90 دۆلار کرد، بانکی مۆرگان ستانلی لە نێوان هەردوو ئەو بانکەدا بوو، بە نێوەنجی نرخی 85 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت.

ئۆپیک پڵەس

لە واقیعدا، پێنج گەورە بانکی وەبەرهێنان پێشبینی دەکەن، نرخی نەوت لە 2024دا لە چوارچێوەی نرخی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا، هەڵكشانی خستنەبازاڕی نەوتی بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپیک پڵەس یەکێکی ئەو هۆکارانەیە. ئەمریکا پێشەنگی دەوڵەتانی دەرەوەی ئۆپیک پڵەسە، هەروەها گۆیانا، بەرازیل و نەرویج ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزکردۆتەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەوەی لە کۆنگرەی کەشوهەوا (کۆپ 28)دا ئیمزایان لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی هایدرۆکاربۆن کردووە.
ساڵی رابردوو، زیادبوونێکی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی دەرەوەی ئۆپیک، رۆژانە بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل هەبوو، ئەمەش گوشاری سەر ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی تا پشتیوانی سەقامگیری بازاڕ بکات، زیاد کردبوو. بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2024دا، گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی دەرەوەی ئۆپیک بۆ خوار دوو ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە پاشەکشێ بکات، ئەمەش ئاستی ئەو گوشارەی لە ساڵی 2023دا لەسەر ئۆپیک هەبوو، کەم دەکاتەوە.

رێڕەوی دەریای سوور

لەلایەکی ترەوە، هەواڵە دووبارەبووەوەکان لەمەڕ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی دەریای سوور، دەشێ هەڵكشانی نرخی نەوتی لێبکەوێتەوە، هەرچەندە بەر لەو هێرشانە لە بنەڕەتدا نرخ بەرز بوو.


لەم ماوەیەدا، گۆڕانێکی کەم لە ناوچەکانی بەرهەمهێنان روویداوە، بازاڕی نەوت توانی ئەو نەمانی هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 450 هەزار بەرمیل نەوت بوو تێپەڕێنێت، کە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی مەرجەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتدان. لیبیا ئێستا وەک دەوڵەتێکی تاڕادەیەک جێگیر لە رووی هەناردەی نەوتەوە دەردەکەوێت، هەریەک لە فەنزوێلا و گۆیانا ئامادەیی خۆیان دەربڕی تا ئەو کێشمەکێشە ئیقلیمییە هاوبەشەی نێوانیان بە دبلۆماسییانە چارەسەر بکەن. پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئۆپیک بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل گەشە بکات، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی، لە ساڵی 2024 خواست لەسەر نەوت بە شێوەیەکی خێراتر لەوەی پێشتر پێشبینی کراوە گەشە دەکات. پێشبینی دەکرێت جارێکیتر ئاسیا بەشێکی گەورەی گەشەی خواستی بەربکەوێت، ئەویش بەهۆی خواستی چین و هیندستانەوەیە.

زۆر جار پێچەوانە دەبێتەوە

لێرەدا جێی ئاماژەیە، زۆرجار دەردەکەوێ پێشبینییەکان هەڵە دەردەچن، چونکە چەند گریمانەیەک دەخەنەڕوو، بە گریمانەی لاوازی گەشەی خواست لەسەر نەوت، بەڵام چەندین جار خواست لەسەر نەوت پێچەوانەی پێشبینییەکان بووە.


بۆ نموونە، بە پێی کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم، وا گریمانە کرابوو کە لە ساڵی 2019 خواست بگاتە ترۆپک، بە پێی هەندێک سەرچاوەی تریش وا گریمانە کرابوو ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش گەشەکردنی خواست پاشەکشە بکات. لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا خواست لەسەر نەوت بەرزترین ئاستی تۆمار کرد، هەندێک لایەن بەم دوواییە پێشبینییەکانیان بۆ 2024 نوێکردەوە، بەوەی خواست خێراتر لەوەی پێشبینی کرابوو گەشە دەکات. هەموو ئەوانە وا دەکەن کە ساڵی 2024 ساڵێکی دڵخۆشکەر بێت بۆ نرخ نەوت.

PUKMEDIA / کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket