riklam

بەغدا پشکی هەرێم دەنێرێت و قەرز رادەگرێت

کوردستان 04:52 PM - 2024-01-14
لۆگۆی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان PUKMEDIA

لۆگۆی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە ساڵی نوێدا حکومەتی عیراق پشکی هەرێم دەنێرێت و لە یەکەم مانگدا بڕی 618 ملیار دیناری نارد کە دەکاتە رێژەی 12.67٪، چیتر قەرزی 700 ملیار دیناری بە هەرێم نادات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "کورتهێنانی بودجە لە هەرێم بە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە" و حکومەتی هەرێمیش بۆ مووچەی مانگانە پێویستی بە 914 ملیار دینارە.

ئەنجومەنی وەزیران بەپێی یاسا پشکی هەرێم دەنێرێت

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەپێی یاسای بودجە کە تا ئێستا هەموار نەکراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی بەردەوامن، پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 مانگانە دەگاتە  618 ملیار دینار واتە 12.67٪، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم لەم ڕووانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە".

"بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران هەتا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە و رێککەوتنی لەسەر دەکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجی حاکیمە جیادەکرێتەوە، حکومەتی عیراق مانگانە ئەو بڕە پارەیە وەک پشکی خۆی بۆ هەرێم دەنێرێت، نەک وەک قەرز"، د. نەرمین وای وت.

حکومەتی هەرێم بۆ مووچە 300 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA حکومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی کە زیاتر لە ملیۆنێک و 150 هەزار مووچەخۆرن، پێویستی بە 914 ملیار دینار هەیە، واتا لەگەڵ ئەو 615 ملیار دینارەی کە حکومەتی عیراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، حکومەتی هەرێم نزیکەی 300 ملیار دینار کورتهێنانی بۆ مووچە هەیە و پێویستە لە داهاتی ناوخۆ پڕیبکاتەوە.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا 14-1-2024، بڕیاریدا هەتا هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە، حکومەتی عیراق مانگانە بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

 

پێشتریش لە رۆژی 17-9-2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مانگەکانی 9و10و11 وەک قەرز بۆ هەرێم بنێرێت.

داهاتی هەولێر و دهۆک نادیارە

بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە سایتی شەفافیەت بڵاوی كردونەتەوە، داهاتی ساڵی 2023 ی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 1 ترلیۆن و 173 ملیار دینارە  بە داهاتی نەختینە و چەک و مقاصە، کە تێکڕای داهاتی مانگانە لەو سنوورە بە هەر سێ داهاتەکەوە دەگاتە زیاتر لە 97 ملیار دینار، بەڵام هەتا ئێستا لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ژمارەیەکی راست و دروست لەبارەی داهات لەبەردەستدا نییە و نازانرێت داهاتی ئەو دوو پارێزگایە چەندن و چۆن بەشداری لەو کورتهێنانەدا دەکەن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket