riklam

سەرۆک بافڵ: یەکێتی دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی رادەگەیەنێت

کوردستان 03:31 PM - 2023-10-12
سەرۆک بافڵ نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌پانێڵێكی دیداری مێری به‌ناونیشانی (سیستمی سیاسی و ده‌وڵه‌تسازی له‌ عیراق) به‌شداری كردو بۆچوونی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نوكەییه‌كانی هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌ خسته‌ڕوو: " كه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌دوای كۆنگره‌ په‌ڕ‌‌ه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا هه‌ڵبداته‌وه‌و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستپێشخه‌ری بۆ یه‌كڕ‌‌یزی راده‌گه‌یه‌نین".

له‌باره‌ی یه‌كده‌نگی كوردیش له‌ به‌غدا سه‌رۆك بافڵ وتی:"باشتره‌ وه‌ك حزبه‌ كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌به‌غدا بین و به‌رگری له‌ مافی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بین ده‌توانین حكومه‌تی هه‌رێم به‌هێزتر بكه‌ین".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌رۆك بافڵ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:" په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران زۆر باشه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ ئێران دا  هه‌یه‌ و پێشمان خۆشه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر زۆر گرنگه‌، بڕواشم نییه‌ حزبێكی دیكه‌ هه‌بێت له‌كوردستان  وه‌ك یه‌كێتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ باش بێت،  نێوانیشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كاندا زۆر باشه‌، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیاش باش بێت، بۆیه‌ به‌بۆچوونی من كێشه‌كان پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ك به‌عینادی".

دەقی وتەكانی سەرۆك بافڵ لە پانێڵی سیستەمی سیاسیی و دەوڵەتسازیی لە عیراق لە دیداری مێری:


د. عەلائەدین: روانگەت بۆ بنەماكانی دەوڵەتداری لە هەرێمی كوردستان چییە؟

سەرۆك بافڵ: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مێژوویەكی زۆر تایبەتی هەیە، پڕە لە تێكۆشان  و شەهید، بەلای ئێمەوە گرنگە كە یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین، ئامانجی ئێمە زۆر ئاسانە، هەموو توانای خۆمان بۆ ئامانجی سەرەكی  بەگەڕدەخەین، كە ئەویش خزمەتكردنی میلـلەتی خۆمانە، میلـلەتی كورد بە گشتی، پێموایە ئەم سەركردایەتییەی یەكێتی تێكەڵەیەكی زۆر باشی تێدایە لە خەڵكی بە ئەزموون و گەنج، تا لەیەكەوە فێربن، ئەوەش ئامانجێكی دیكەی ئێمەیە، كە كادر دروست بكەین و یەكێتی بەرەوپێشببەین".

زۆرجار باس دەكرێت و دەڵێن: "لە بەغدا بافڵ وایكرد و ئەمەی كرد، بەڕاستی ئەمە وانییە، حەزدەكەم بۆتان رێكبخەمەوە، لەم دوو ساڵە توانیومانە تیمێكی بەهێز لە بەغدا دروستبكەین و بڕیار بەیەكەوە بدەین و دانیشتنەكانمان بەیەكەوە بێت، ئەگەر تێبینیت كردبێت، قسەی زۆر سەیر لەبارەی كۆنگرەكەی ئێمە دەكرا، بە قسەی تێكۆشەرەكانمان، بۆ نموونە كاك عومەر شێخ مووس وتی:"كەمجار كۆنگرەی وا باش و رێكوپێكمان هەبووە"، بەڵام یەك گلەییم لە كۆنگرە هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كە زوو تەواو بوو، ئەو قەرەباڵخییەم زۆر بە دڵ بوو، حەزمدەكرد ماوەكەی درێژتر بێت، گفتوگۆ لەسەر هەموو بڕگەكانی پەیڕەو كرا، بە دوورودرێژی گفتوگۆ لەسەر هەیكەلی حزب كرا، پێشموایە حزبەكەمان بەرەوپَیش ببەین و مۆدێرینی بكەین. بەئاڕاستەی ئامانجە سەرەكییەكەمان  كە خزمەتكردنی خەڵكە".

د. عەلائەدین: زۆر باس لە خزمەت دەكرێت، بۆیە دەمانەوێت بزانین بە كردەیی چی دەكەن؟

سەرۆك بافڵ: "با لە شتە سادەكانەوە دەستپێبكەین، خۆتان دەزانن ئێستا دۆخی مووچە چۆنە، دۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا چۆنە، رەنگە ئێستا نەتوانین وەكو پێویست مووچە بۆ میلـلەتەكەمان دابین بكەین، بەڵام دەتوانین زۆر شت بۆ میلـلەتەكەی خۆمان بكەین، دەتوانین ئاسایش و ئارامییان بپارێزین، كەرامەتیان بپارێزین".

"دەشمەوێت زۆر سەرنج بخەینە سەر  دەسەڵاتی دادوەری، وابكەین دەسەڵاتی دادوەری و دادوەربە تەواوی سەربەخۆبن و دوور بن لە حزبایەتی، خۆشبەختانە ئەمە لە سلێمانی هەیە، بەڵام دەمەوێت بەهێزتر بێت، خەڵك بە ئازادی رای خۆی بڵێت، سلێمانی ببێتەوە بە بەهەشتێك لە بیر و بۆچوونی جیاواز، بۆ نووسەر، بۆ چالاكوان، دەبێت ئێمە چەند پرسیارێكی زۆر قورس لە خۆمان بكەین، ئەم هەموو پارەیە هاتووە و رۆشتووە لە كوردستان و لە ساڵی 1991 ەوە، دەسەڵاتی سەدام لە كوردستان نەما، ئەی بۆچی تائێستا كارەبامان نییە؟ بۆ ئاو وەكو پێویست نییە؟ بۆ گەنجەكانمان لەم وڵاتە رادەكەن؟".


"یەكێك لەو شتانەی زۆر ئازارم دەدەن، بابەتی ژن و گەنجانە، ئێمە زۆرجار دەڵێین:" كوردستان دەوڵەمەندە"، بەڵام دەڵێم: چۆن دەوڵەمەندە؟ دەڵێن: كوردستان گاز و نەوتی هەیە، بەڵام ئێمە بە جەماوەر و گەنجەكانمان دەوڵەمەندین، بۆ گەنجەكانمان كە هەموویان خوێندەوار و كوڕ و كچی باشن، دەبێت كەشێك دروست بكەین كە لە زانكۆ دەردەچن، شوێنێك هەبێت بچن كاری تێدا بكەن، دەبێت ئێمە بەڕاستی سەرنج بخەینە سەر ئەمە، خۆم لەگەڵ برادەران خەریكم كە پلانێك بۆ پێنج ساڵ دابنێین، ئێستا یەكێتی لە كوێیە و دەمانەوێت بۆ كوێ بڕوات؟ بەڵام دڵنیابە ئەمە بە تەنیا بە یەكێتی ناكرێت، بەڵكو لە رێی حكومەتەوە دەكرێت، لە رێی حكومەتەوە دەتوانین خزمەتی باشتر بكەین، ئێمە پێویستمان بە هاوبەشێكە هاوڕابێت لەگەڵمان، بەیەكەوە بەرنامەیەك دابنێین، پێشموایە دەتوانین ئەوە بكەین، لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش هەموویان خزمەتی خەڵكیان دەوێت و دەیانەوێت كوردستان دۆخی لە ئەمڕۆ باشتربێت. دەمەوێت سەرنج زۆر بخەمە سەر مەسەلەی كوردایەتی، دەبێت ئێمە بتوانین قسە بكەین و رای خۆمان بڵێین".

د. عەلائەدین: كوردایەتی و كوردستانێتی جیاوازن، چونكە ئێمە پێكهاتەی زۆرمان هەیە و دەبێت جێیان بكەینەوە!

سەرۆك بافڵ: "هاوڕاتم، بەڵێ، بەرنامەشمان هەیە. جەنابت لەمن جوانتر وتت".

د. عەلائەدین: پێشتر ئەو هەموو دەزگایەی لەنێو یەكێتیدا هەبوون كاریان نەدەكرد، ئەگەر دەزگاكان هەریەكەیان كاری خۆیان بكەن و روانگەی خۆیان هەبێت.

سەرۆك بافڵ:  "دەمەوێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت بە حزبێكی مۆدێرن، لەگەڵ هاوڕێیەكم قسەم دەكرد، وتم: "دەبێت یەكێتی مێریتۆكراسی (Meritocracy) بێت".

د. عەلائەدین: واتە لەسەر بنەمای بەهرە؟

سەرۆك بافڵ:  "ئەوە جەنابت بە كوردی زانیت، چونكە سێ چوار كەس لە ژوورەكەم بوون و پرسیم ئەمە بە كوردی چییە، وتیان بە كوردی هەر نییە، دەی نەگبەتییەكەی ئێمە ئەوەیە كە كەس نەیدەزانی وشەكە چییە؟ ئەگەر ئێمە كەشێكی وا دروست بكەین كە خەڵكی باش بۆ شوێنی خۆی، هەروەها گۆڕانكاریی لە حزبدا ئاسایی بێت و نەبێت بە بڤە، دەبێت كۆنگرە لە كاتی خۆیدا بكرێت، لەنێوان كۆنگرەكان دەبێت پلنیۆم بكەین، دەبێت ئەو دیدارەی كە كردمان (سوپاسی كاك قوباد و تیمەكەی دەكەم بەڕاستی شتێكی سەركەوتووبوو)، یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی كۆنگرە بوو، وابزانم 16هەزار كادیر گفتوگۆیان لەسەر هەموو خاڵەكان كردبوو، دەمەوێت بیروبۆچوون و خوێنی تازە بێنینە ناو حزبەوە. بۆ ژنان نایەنە ناو سیاسەت؟ بۆ گەنجان نایەنە ناو سیاسەت؟  بۆ دەنگمان پێنادەن. نەك تەنیا بە یەكێتی، بە هەموو حزبەكانی دیكەش. چونكە لێمان بێزارن، بێزارن لەو سیاسەتە كۆنە، دەبێت ئێمەش خۆمان بگۆڕین، دەبێت پیشانیان بدەین كە جیاوازین و رای جیاوازمان هەیە، سیاسەتی جیاوازمان هەیە، ئەمەش دەسەلمێنین و دەیكەین، هەروەها دەبێت یاسا، یاسا بێت، دامەزراوە، دامەزراوە بێت، دەبێت رێزی هەموو كەسێك بگیرێت و ئازاد بێت و رای هەبێت، دەبێت چی دەكەن بیكەن، من بیرمە چەند ساڵێك لەمەوبەر یەكێك كاریكاتێرێكی زۆر ناشرینی مام جەلالی دروستكردبوو، زۆر ناشرین بوو.. من لای دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد بووم، بە رێككەوت مام تەلەفۆنی بۆ كرد و وتی: دكتۆر تۆ بیستووتە ئەو پیاوە ئەم كاریكاتێرانە لەسەر من دروست دەكات؟ دكتۆر وتی: بەڵێ. مام پێی وت: ئیشی تۆ ئەوەیە بیپارێزی. دەبێت ئێمە ئەو كەشە دروست بكەین، بێگومان من لەوە تێگەیشتم و زۆر جوان بوو".

د. عەلائەدین: لە نووسینەوەی پەیڕە و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، تێبینییەكی زۆر هەیە، ئەویش زۆربەی دەسەڵاتەكان دراون بە سەرۆك، بەداخەوە ئێستا دەسەڵاتەكانی حكومەت لە دەرەوەی حكومەتەكانە، تێڕوانینی خۆت لەبارەی بەهێزكردنی دەوڵەت بڵێ. پێمان بڵێ چۆن دەتوانیت ئەمە بەهێز بكەیت؟

 

سەرۆك بافڵ:  "من كە باسی ئەوەم دەكرد، كە دامەزراوە بەهێزبێت، رێك مەبەستم ئەمە بوو، ئێستا ئێمە شتێكمان لەناو یەكێتی كردووە، ئێمە ئەنجوومەنی پشتیوانیمان هەیە، خەڵك زۆر دەپرسن ئەم ئەنجوومەنە چ كارەیە؟ ئیشی ئەم ئەنجوومەنە زۆر زۆر گرنگە، لە روویەكەوە هێندەی سەركردایەتی گرنگە، ئەمان چاودێر دەبن، چەندین كۆمیسیۆن دروست دەكەین و بەدواداچوون بۆ ئیشەكانمان دەكەین، دەتوانم بڵێم ئەمە پەرلەمانێكی بچووكە و  بۆ بچووكترین خزمەت بە میلـلەتەكەمان، پێویستە بە زووترین كات هەڵبژاردن بكەین، پەرلەمان، پەرلەمان بێت و حكومەت، حكومەت بێت، حزبەكان ناتوانن ببن بە جێگرەوەی حكومەت، یەكێتی بەنیاز نییە وابكات، ئێمە شەریكێكی زۆر زۆر بەوەفاین، هیچ ئەملاولامان نییە، ئێستاش لەناو حزبەكەمان راو بۆچوونەكان زۆربەیان وەكو یەكن، لەسەر شتی بچووك زۆر زۆر گفتوگۆ دەكەین، زۆر حەزیشم لەو گفتوگۆیانەیە".

"دەبێت كارێك بكەین كە ئەمجارە حكومەتەكەمان جیاوازتربێت لە هەموو حكومەتەكانی تر. ئەوە چۆن دەكرێت؟ دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت كە حكومەتەكەمان ببێت بە حكومەت، من بەكاری نەهێنم بۆ ئەوەی یەكێتی بەهێز بكەم، فڵان كەس بەكاری نەهێنێت بۆ ئەوەی حزبەكەی بەهێز بكات، نابێت حكومەت بۆ بەهێزكردنی حزب بەكاربهێندرێت، دەبێت ئامانجەكەی ئێمە خزمەتكردنی ئەم میلـلەتە بێت، چونكە لێمان قبووڵ ناكەن.ئەمڕۆ گەنجی كوردستان ئەوەی دەوێت كە لە بەریتانیا دەیانەوێت، ئەوەی دەوێت كە لە ئیتاڵیا هەیە".

د. عەلائەدین: كێشەی سەرەكی سیاسی ئێمە، یەكڕیزییە، لە هەرێم و بەغدا و دونیای دەرەوە، دەستپێشخەرییەك دەبێت؟ چونكە چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت.

سەرۆك بافڵ:  "با نهێنییەكی ناو حزب ئاشكرا بكەم، ئێمە بەنیازین وەفدێك بنێرین بۆ لای هەموو حزب و لایەنەكانەكان، هەوڵێك بدەین كە بە بیر و بۆچوونێكی تازە، بەرنامەی خۆمانیان بۆ روون بكەینەوە، ئەوەی كە پێشتر روویانداوە هیچ حسابیان بۆ ناكەین، دەمانەوێت جارێكی دیكە دەستپێبكەین، هەوڵێكی جیدی لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەدەین، ئینشائەڵا ئەوەش بەو نیەتە وەردەگیرێت، كە ئێمە مەبەستمانە".

د. عەلائەدین: لە بەغدا و عیراق، یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە یاریكەرن و نوێنەریان هەیە و خۆشیان هاوپەیمانی سیاسییان هەیە و دەبێت ببن بە بەشێكی گرنگ لە ناوەندی بڕیار و ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بۆ خزمەتی گشتی بەكاری بهێنن، ئەوەش پێویستی بە یەكڕیزییە، ئەوكات كە پرسی گەورە هەبوون لە بەغدا لایەنە كوردستانییەكان لەیەك ترازابوون، دەمانەوێت بزانین ئەو مینبەرەی بەغدا بە سەركردایەتی نوێوە چۆن دەخەیتە خزمەت پرسە گەورەكەی دەوڵەتسازی و وڵاتی سەروەری یاسا؟

سەرۆك بافڵ: "ئێمە دەتوانین لە بەغداوە خزمەتی كوردستان بكەین، بەڵام زۆر باشتر دەبێت بەیەكەوە كار بكەین، هەقوایە هەموو حزبە كوردستانییەكان بەیەكەوە بچین بۆ بەغدا بۆ پشتیوانیی حكومەت. وەفدی حكومەت با بڕوا، بەڵام من پێموایە ئەگەر حزبەكان یەكڕیز بن، هەم وەفدی حكومەت بەهێزتر دەبێت، هەم قسەی دیكە هەیە لە شوێنی دیكە كە خەڵك دەتوانێت بیكات بۆ هەمان ئامانج، نموونەشمان هەیە كە توانیومانە لە چەند بابەتێك بەیەكەوە كار بكەین و رامان نەگەیاندووە. نزیكترین نموونە ئەوەیە كە وەفدی حكومەت بە سەرۆكایەتیی جەنابی كاك مەسرور، كە زۆرم بەدڵ بوو و شتێكی زۆر ئازایانە بوو، كە چوو بۆ بەغدا، ئێمە ئێوارەكەی هەستمان كرد رەنگە چەند لایەنێك ناڕەحەت بن، من و كاك قوباد بەیەكەوە دەستمان كرد بە تەلەفۆنكردن بۆ پشتیوانی حكومەت و تێمان گەیاندن كە ئەمە پرسی میلـلەت و خەڵكە و خەڵك دۆخیان خراپە، واتا دەتوانین بەیەكەوە كار بكەین، بەڵام پێویستی بە ئاپدەیتێكی نوێیە".

"خۆشبەختانە دەتوانین ئەم كۆنگرەیە و ئەم سەركردایەتییە نوێیە بكەین بە بیانووەكە، ئێستا ئێمە بە نیازین ئەمە بكەین، بۆیە دەمانەوێت بە زووترین كات سەردانی هەموو لایەنەكان بكەین، دانیشین بزانین لەكوێ دەتوانین رێكبكەوین و لەكوێ دەتوانین بەیەكەوە كار بكەین؟".

د. عەلائەدین: مەبەستت لایەنەكانی بەغدایە؟

سەرۆك بافڵ: "لەپێشدا لایەنە كوردستانییەكان، بەڵام بۆ بەغدا ئێمە سەردانەكانمان بەردەوامە، بۆ پرسی هاوپەیمانیش، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنێك لە بەغدا هەوڵدەدەین، ئێمە گروپێك هەڵبژێرین، بەڵكو دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەكان پەیوەندیی باشمان هەبێت، چونكە پێمانوایە بەمشێوەیە دەتوانین باشتر خزمەت بكەین".
"راستە یەكێتی توانیویەتی لەم دوو ساڵە خۆی زیندوو بكاتەوە لە بەغدا، دەزانن دوو ساڵ پێش ئێستا قورسایی یەكێتی لە بەغدا وەكو پێویست نەبوو؟ بەڵام ئێستا بە سەردان و گفتوگۆكانمان و بە راستگۆییەكەمان، كە ئێمە دەڕۆین و ئەوەی دەیڵێین، مەبەستمان هەمان شتە، كە دەڵێین شتێك دەكەین، دەیكەین. ئەمە بەشێكی سەرەكی بووە لە دروستكردنی ئەم پەیوەندییانە".

"پێموایە حزبە كوردستانییەكان بەیەكەوەبین، تەواوكەری یەك دەبین، رەنگە من پێوەندیم لەگەڵ لایەنێك باش نەبێت، لایەنێكی دیكە دەتوانێت چاكی بكاتەوە و بەپێجەوانەشەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە پێداچوونەوەی پەیوەندییەكان  هەیە و پشت بەخوا بە زووترین كات ئێمە دەست دەكەین بە هەوڵدان بۆ ئەو پێداچوونەوەیە".

د. عەلائەدین: باست لەوە كرد كە پەیوەندییەكانتان لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەڵام تاوەكو ئێستا پەیوەندییەكانتان سەرنجی خستووەتە سەر چەند لایەنێك، بۆ نموونە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە دەمێكە پەیوەندییەكانتان لەگەڵیان بەهێزە و لە ناو ئەوانیشدا ئەوانەی پێیان دەڵێن وەلائییەكان كە لەگەڵیان پەیوەندییەكی بەرچاوتان هەیە، بەڵام بەو پلانەی كە ئێستا باسی دەكەین، دەبێت پەیوەندییەكانتان گشتگیر بێت، بۆ ئەوەی كێ دەسەڵاتی هەبێت بەلای خۆتدا رایبكێشی كە ئەوەش پلانی پێویستە؟

سەرۆك بافڵ: "بەڵێ، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر لایەن هەیە، كە رەنگە لە تەلەڤیزیۆن نەیبینن".

د. عەلائەدین: ئینجا خۆ گرنگە خەڵك بەرچاوی روونبێت و بزانێت پەیوەندییەكە تەنیا لە لایەك نییە و لایەنی دیكەش هەن؟ ئێستا بەغدا گرنگی بۆ ئێمە زیاتر بووە، لەوەتەی ئەو قەیرانانە دروستبوون، بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی، راگرتنی نەوت، پرسی ناردنی بەشە بودجە ئەستەم بووە، لێرەدا خەڵك دڵەڕاوكێیەكی هەیە، وا بیردەكەنەوە كە یەكێتی یەكێكە لەو پاڵنەرانەی كە دەیەوێت بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات، سەرباری نەخشەی فیدراڵی و ئەو هەموو یاسایانەی هەمانە، ئەوە تا چەند راستە؟

سەرۆك بافڵ: "ئێمە دەتوانین ئێستا ئەمە بكەین. بڕگەیەكمان خستە نێو یاسای بودجە كە دەتوانێت سلێمانی بەرپرسیارێتییەكانی خۆی جێبەجێ بكات و راستەوخۆ مووچە لە بەغدا وەربگرێت، ئەگەر هەر لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەكرد، بەڵام ئەوە ئامانجی ئێمە نییە، ئەوە گەرەنتییەك بوو بۆ خەڵكی سلێمانی، ئەگەر خوا نەكردە، تووشی كێشەیەك بین و ستەمێك لە سلێمانی بكرێت. ئامانجی ئێمە پاراستنی هەرێمە. ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدەكانی یەكێتی و لایەنەكانی دیكە دروستبووە، ئێمە نابێت كورتبینانە بیر بكەینەوە، ئەگەر ئێستا بچین سلێمانی جیا بكەینەوە بۆ چەند مانگێك تاوەكو مووچە وەربگرین و خوا نەكردە لایەنێكی دیكە مووچە وەرنەگرێت، ئەی دوای ئەمە چی روودەدات؟ دەتوانی بەیەكەوەی بلكێنیتەوە؟ نا. ئێمە دەبێت بەیەكەوە كار بكەین".

"من چەند خەم بۆ سلێمانی دەخۆم، ئەوەندە خەم بۆ زاخۆ و دهۆك دەخۆم. ئێستا یەكێك لەو شتانەی كە من دەمەوێت بیكەم، بتوانین بەرنامەیەك دابنێین لەگەڵ دانە گاز، كە گازەكەی زیاد بكات و بتوانین شتێك بكەین و بتوانین كارەبای دهۆك و سلێمانی بكەین بە 24 سەعات. ئێمە وەكو پێویست كارمان نەكردووە، ئاساییترین شت كارەبایە، لە ماقادیشو (پایتەختی سۆماڵ) كە محەمەد فەراح-یان لابرد، دوای 9 مانگ كارەبای 24 سەعاتیان هەبوو. ئێمە سەدام لە 1991ـەوە نەماوە، ئێستاش كارەبامان نییە و دەشمانەوێت خەڵك دەنگمان پێبدات".

د. عەلائەدین: خەڵك دەڵێن یەكێك شێت بوو دەچێتە لای شێخ، ئەی ئەگەر شێخ شێت بوو دەچێتە لای كێ؟ ئێمە ئێستا لەگەڵ شێخ دانیشتووین و باسی روانگەی داهاتوو دەكەین كە چۆن چاكی بكەین، پرسی داخڵكردنی ئەو بڕگەیە لە یاساكە هەر خۆی جێگەی پرسیار و تێڕامانە، ئەوەی خەڵك دەیەوێت لێی دڵنیابێت، ئەوەیە كە دوو ئیدارەییەكە وا قووڵ نابێتەوە، كە وای لێبكات عیراق وەكو پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات، دەبێت رێگە لەوە بگرین؟

سەرۆك بافڵ: "ئێمەش ئەوەمان ناوێت".

د. عەلائەدین: خەڵكیش دەیەوێت كاتێك كە كیانێكت هەیە، پەرلەمان و حكومەتی هەیە، ئەگەر لە ژێرەوەش دوو ئیدارەیی بێت، بەڵام كار بكات، خەڵك خەمی ئەوەی نەبێت مووچە لەكوێ دەدرێت و لەكوێ نادرێت؟

سەرۆك بافڵ: "ئەو بڕگەیەی خرایە نێو یاسای بودجە، ئەمە بۆ ئەگەرەكانە، دەبێت بیر لە هەموو شتێك بكەیتەوە، دەبێت حیسابی هەموو شتێك بكەیت، باشترین دۆخ و خراپترین دۆخ، نابێت ئێمە هەر وا بڕۆین و تەنیا بیر لە سبەی بكەینەوە، دەبێت بیر لە پێنج بۆ دەساڵی دیكە بكەینەوە، هەڵبژاردە گرنگە، خەڵك دەبێت هەڵبژاردەی هەبێت و خۆی نەبەستێتەوە، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە، ئاخر شت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەیەوێت بیبینێت، دوو ئیدارەییە. بەڵام ئێمە ئیدارەیەكمان دەوێت كە ئیدارەی هەموو لایەك بكات و هەموو كوردستان بە یەك چاو سەیر بكەین. چەندە حزبایەتی لە حكومەت دوور بكەوێتەوە، من پێموایە حكومەتەكەمان باشتر دەبێت".

د. عەلائەدین: باسی پەیوەندییە دەرەكییەكان بكەین. قسەیەك هەیە لەسەرتان كە لەم چەند ساڵەی دوایی بە زیادەوە نزیك بوون لە ئێران، بەڵام لە هەمان كاتدا پەیوەندی باشتان لەگەڵ ئەمریكا هەیە و پەیوەندی خراپیشتان لەگەڵ توركیا هەیە، پەیوەندییەكەتان لەگەڵ ئێران چۆن پێناسە دەكەیت؟

سەرۆك بافڵ: "ئێمە سنوورێكمان هەیە لەگەڵ ئێران، چەند سەد كیلۆمەترێكە، چەندینجار كە كورد لێی قەوماوە، ئاوارەی ئێران بوون، پەیوەندییەكی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران دا  هەیە و پێشمان خۆشە و پەیوەندییەكی زۆر زۆر گرنگە، بەڵام یەكێتی هەموو جارێك وابووە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەك دا هەیە، دڵنیاشتان دەكەمەوە، تەسەور ناكەم حزبێكی دیكە هەبێت لە كوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان ئەوەندە باش بێت.  نێوانیشمان لەگەڵ هەموو وڵاتە ئەوروپییەكان دا زۆر  باشە،  ئەمە سیاسەتی مام جەلالە. مام جەلال دەچوو بۆ تاران و لەوێوە دەچوو بۆ واشنتن. چەند مانگێك پێش ئێستا ئێمە لە بەریتانیا بووین، دوای ئەوە چووین بۆ تاران، چەند رۆژێكی دیكە دەچین بۆ ئەمریكا. ئەمە سیاسەتی حزبە، دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەك دا هەبێت". 


د. عەلائەدین: پێناسەیەكی پەیوەندییەكانتان لەگەڵ ئەمریكا بكەن، بزانین ئەو پەیوەندییە چۆنە؟

سەرۆك بافڵ: "زۆر باشە".

د. عەلائەدین: وەكو یەكێتی باس دەكەم، وەكو خۆت پەیوەندیت باشە، بەڵام وەكو یەكێتی چۆنە؟

سەرۆك بافڵ: "بەڵێ وەكو یەكێتی باشە، پشت بە خودا باشتریش دەبێت. یەكێك لە ئامانجەكانمان ئەوەیە مەكتەبی پەیوەندییەكان زۆر بەهێز بكەین. وای لێهاتبوو پەیوەندییەكە بەنزیكەیی من و كاك قوباد بەشێوەیەكی ناڕەسمی بەڕێوەمان دەبرد، بەڵام ئەمجارە خەڵكی باشمان دۆزیوەتەوە لە گەنجان بۆ ئەوەی یارمەتی كەسی ژمارە یەكی پەیوەندییەكان بدەن، كەسی ژمارە یەكی پەیوەندییەكان بەتەنیا ئەمەی پێ ناكرێت، یەكەمجار پێویستە تیمێكی بەهێزی بۆ دروستبكەین، ئەوكات تیمەكەی تەسلیم بكەین. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەك دا بەهێز بكەین".

د. عەلائەدین: لایەنە ئەوروپی و ئەمریكییەكان لێرەن، ئەوان زۆر یارمەتییان داین لە سەقامگیركردنی كوردستان؟

سەرۆك بافڵ: "ئێستاش ئامۆژگاریمان دەكەن لەسەر یەكڕیزی و یەكێتی، سوپاسی هەر هەموویان دەكەم. هەندێكیان لێرە دانیشتوون و حەزدەكەم یەك بە یەك سوپاسییان بكەم، زۆر هاوكارمان بوون. كێشەكە ئەوەیە هەندێكجار ئێمە گوێیان لێ ناگرین".

د. عەلائەدین: ئەوە ئەو خاڵە بوو كە دەمویست باسی بكەم، ئەوان لە شەڕی داعشەوە هاتوون و توانای ئێمەشیان بەرز كردووەتەوە و بەرگرییان لێكردین و ئێمەش قوربانی زۆرمان دا، بەڵام ماوەیەكی زۆرە تكامان لێدەكەن كە هێزێكی نیشتمانیمان هەبێت و پێشمەرگە ناوی بەوە بەرز رابگیرێت كە ببێتە هێزێكی نیشتمانی لەژێر سەركردایەتی حكومەت، دەمەوێت بزانم ئەجێنداتان چییە؟ باسی پلانی كردەیی دەكەین، لەبەر ئەوەی بووەتە پرسێكی دەستبەجێ و پیویستییەكی ئێستایە، دەمەوێت بزانم نیەتی ئێوە چییە؟

سەرۆك بافڵ: "با یەكەمجار لە هێزی 70ـوە دەستپێبكەم، ئێمە چاوەڕێی خوشك و برا بیانییەكانمان نەكردووە و ریفۆرمی خۆمان لەنێو هێزی 70ـدا كردووە. لیواكانمان رێكخستووەتەوە، گەنجەكانمان خستووەتە چەند لیوایەكی تایبەت و بە ئەزموونەكان لە چەند لیوایەكی دیكەن، هێزەكانی یەكێتی هەمووی كۆكراونەتەوە، سەردەمێك بوو فڵانە كەس هێزی هەبوو و فڵانە هێزی هەبوو. ئێستا هێزی یەكێتی هەیە، هێزە تایبەتەكانمان، دژە تیرۆر و كۆماندۆ چوونەتە ئاستێك كە هەموو لایەنێك دڵی پێیان خۆشە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە هێزەكانی 70 و 80 یەكبگرنەوە و بۆ ئەمەش كاری زۆرمان كردووە و قەلەقیشم لەوەی پڕۆسەكە چەقیوە. لەسەر شتێكی زۆر سادە چەقیوە و تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە وەزیرێكی پێشمەرگە بە وەكالەت بێت یان هەر شێوەیەكی دیكە دابنێین، تێناگەم بۆچی ئەگەر راستیت دەوێت. ئەمە بۆ پێشەوە دەڕوات و هێشتا پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەمەش شتێكە كە بووەتە كێشەیەكی سیاسی، كە ئامانجەكە ئەوە بوو دوور بكەوێتەوە لە سیاسەت".

د. عەلائەدین: بە دڵنیایی، بەڵام كاتێك كە دەڵێیت ئەو هێزانە هی یەكێتین، هەر خۆی دەلالەت لەوە دەكات كە لە دەرەوەی حكومەتە؟

سەرۆك بافڵ: "ئەی ئێستا بەم شێوەیەن، ئێمە دەبێت لەگەڵ یەكتردا راشكاو بین، ئێستا هێزی یەكێتی، هێزی یەكێتییە".

د. عەلائەدین: با بچینە سەر توركیا و پەیوەندییەكانی توركیا كە زۆر جەوهەرییە، بەقەد ئەوەی كە باست لە دراوسێیەتی ئێران كرد، دۆستایەتی لەگەڵ هەموو دراوسێكان بەدەر لە بارودۆخ، بووژاندنەوەی كوردستانی لەدوا دێت، گرژی لەگەڵ هەر یەك لەو دەوڵەتانە، گرژی هێناوەتە نێو هەرێمی كوردستانیش، ئێستا دۆخی یەكێتی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا باش نییە، ئەو گورزانەی بەم دواییانەش لێیاندان شایەتی ئەوە دەدەن، لە هەمانكاتدا دەبێت دانی پێدا بنێین كە پرسی پەیوەندی یەكێتی بە پەكەكەوە یەكێكە لە بیانووەكانی توركیا؟

سەرۆك بافڵ: "نا، بیانووە".

د. عەلائەدین: بیانوو بێت یان نا، لێرە باسی پەیوەندییەكانتان دەكەین، ئایا ئێوە چۆن پەیوەندییەكەتان لەگەڵ توركیا پێناسە دەكەن؟ و چۆن چاكی دەكەن؟، لەبەر ئەوەی بۆ هەموو لایەك مەبەستە كە ئەو پەیوەندییە دەبێت سەركەوتوو و باش بێت؟

سەرۆك بافڵ: "كێشەی ئێمە لەگەڵ توركیا قورسە چارەسەر بكرێت، بە گاڵتەوە وتم ناچم بۆ توركیا، بەڵام من بە جدی ناچم بۆ توركیا، ئێستا ناتوانم بچم بۆ توركیا، توركیا سێ پاڵەوانی شەڕی داعش، سێ هاوڕێی خۆمی لە عەربەت شەهید كرد، بێ هۆكار و بێ هیچ بیانوویەك. دەبێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باش ببێتەوە، دەشمانەوێت پەیوەندیمان باش بێت. كێشەكەی توركیا ئەوەیە كە ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە و لە رۆژئاوا دۆخەكە بە جیاواز دەبینین، ئێمە شتێك دەبینین و ئەوان شتێكی دیكە دەبینن. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەكەكە وەكو ئەوەی باس دەكرێت نییە، چەند حزبێك هەن لەنێو سلێمانی كە گلەییان لێدەكرێت ئەمڕۆ دایخەن. چوومەتە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان قسەم كردووە، وتومە ئەو حزبانە مۆڵەتیان هەیە، ئەرێ حزبێك دەتوانێت بچێت حزبێكی دیكە دابخات كە مۆڵەتی هەیە، دەڵێت نەخێر. باشە بۆ توركیا تانە لەو حزبانە نادات و حكومەتی هەرێمی كورستان بڕیار دەربكات و بێن دایبخەن؟ من بۆ دایبخەم. دامەزراوە هەیە لەنێو سلێمانی، دەڵێن ئەمە پەكەكەیە، من نازانم پەكەكەیە یان نا، بەڵام هەموویان رەسمین و مۆڵەتیان هەیە، هەندێكیان لە هەولێر مۆڵەتیان هەیە. باشە من بە چ مافێك بڕۆم ئەو شوێنانە دابخەم؟ منیش پێموایە كێشەكان لەگەڵ توركیا بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، كورد عینادن، بە پاڵەپەستۆ شت ناكەین. من بەیانیان هەڵدەستم درۆنێك لە سەرەوە دەسووڕێتەوە و هەندێك جار سڵاوێكی لێدەكەم. ئێمە حەز دەكەین بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین. دڵنیام شوێنێك هەیە لە نێوەڕاست كە ئێمە بتوانین یەك بگرینەوە، بەڵام كە ئامادە نەبن قسە بكەن و دابنیشن، ئێمە چی بكەین؟ ئێمە بۆ هەموو گفتوگۆیەك، بۆ چارەسەری هەموو كێشەیەك ئامادەین، بۆ چارەسەری پەكەكەش ئێمە دەتوانین هاوكاریان بین، هەموو لایەك دەتوانێت هاوكاریان بێت. پارتیش دەتوانێت هاوكاریان بێت. چوار ساڵ پێش ئێستا كاك مەسعود سوپاسی كردن، نا چوار ساڵ نەبوو، لە شەڕی داعش و لە شەڕی مەخموور كاك مەسعود سوپاسی كردن. من خۆم لە مەخموور بووم و بینیم ئەوان لەملاوە دەهاتنە خوارەوە، ئەمریكی لێبوو، وڵاتێكی دیكەشی لێبوو. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەك رێكبكەوین".

"با لەبیرت نەچێت، ئەوە یەكێتی بوو كە پەیوەندی پارتی لەگەڵ توركیا باش كرد. مام جەلال بوو. ئێمە دەتوانین چۆن مام جەلال هاوكاریكردن ئاگرەكەی پەكەكە كەم ببێتەوە، ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەكی توركیا، بەڵام شتی مەعقول. چەند شتێك هەیە داوامان لێبكەن، ناتوانین جێبەجێی بكەین، قەت نەمانتوانیوە، مام جەلال نەیكردووە بۆ ئێمە بیكەین؟".

"من پێم ناخۆشە ئەوە چەند جارێكە كاك شاڵاو پێم دەڵێت، وەزیری بەرگری هەڕەشەی لێكردووی و فڵانە لایەن هەڕەشەی كردووە، هەڕەشەی چی؟ بۆ؟ ئێمە نامانەوێت كێشەمان لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا هەبێت، بەڵام بەخوا ئێمە بە فشار و هەڕەشە و درۆن گفتوگۆ ناكەین، ئەوە گفتوگۆ نییە، هەر ئەو پڕۆسەیە هەڵەیە، ئەوە مەكینەی شەڕە، تۆ مەكینەی شەڕ چۆن لەگەڵ وڵاتێك بەكاردەهێنیت، كە لەگەڵی لە شەڕدا نیت".

د. عەلائەدین: گەیشتینە كۆتایی دانیشتنەكەمان و ئەگەر قسەیەك هەیە بتەوێت لە كۆتاییدا بیكەی فەرموو؟

سەرۆك بافڵ: "یەكێتی لە هەستانەوەدایە، یەكێتی بە زووترین كات هەڵبژاردنی دەوێت، بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردن بكات، تاوەكو باشتر خزمەتی میللەتەكەمان بكەین، بەتایبەت گەنجەكانمان، حەزیش دەكەم ئێوە چاودێر بن، بزانن ئەو شتانەی یەكێتی دەیڵێت، دەیانكات، لە پرسی ئەمنی و پاراستنی یاسا و ئازادی ئێوە چاودێرمان بن. دڵنیاتان دەكەم رۆژ بە رۆژ گۆڕانكاری لەو شوێنانە دەبێت كە ئێمە دەتوانین كاریگەریمان لەسەری هەبێت. دووبارەشی دەكەمەوە، ئێمە ئامادەین لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ هەموو حزب و لایەنێك دا بكەینەوە هەم لە عیراق و بەتایبەت لە كوردستان، هەروەها  سیاسەتێكی تازە هەڵبدەینەوە، ئینشائەڵا لایەنەكانیش بۆ ئەوە ئامادەن".

"هەقە هەر هەموومان داوای لێبووردن لە میللەتەكەمان بكەین كە هێشتوومانە كێشەی كەسی و حزبی، ژینگەیەك دروستبكات كە وەكو پێویست نەمانتوانیبێت خزمەتیان بكەین. بۆیە من لێرە حەزدەكەم ئەوە بكەم و سوپاسێكی تایبەت بۆ هەموو هاوڕێ بیانییەكانمان كە تەقریبەن شێت بوون بەدەستمانەوە، بەڵام خەمیان نەبێت، ئینشائەڵا ئێمە هەوڵدەدەین دۆخەكە باش بكەینەوە.  هەروەها سوپاسی جەنابت و ئەم بەڕێزانە بكەم كە دەرفەتیان پێدام دابنیشم و بیروبۆچوونی خۆمان روون بكەینەوە".


PUKMEDIA سەرچاوە:دیداری مێری

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket