باڵیۆزی چین: سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبوو لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و عیراقدا
کوردستان 11:17 AM - 2023-06-20باڵیۆزی چین لە عیراق
لە دیدارێکدا لەگەڵ تسوی وی باڵیۆزی کۆماری میللیی چین، کە تێیدا رۆشنایی دەخاتە سەر رۆڵی وڵاتەکەی و ئەو دەستپێشخەرییانەی کە چین لە پێناوی ئاشتیی و ئاسایش و ژینگە و ئابووری لە جیهاندا دەیخاتەڕوو و کاریش بۆ چەسپاندنیان دەکات. هەروەک ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی چین لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆل مام جەلال لە پەرەپێدانیدا و پەیوەندییەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین و حزبەکانی عیراق و کوردستان و بەتایبەتیش لەگەڵ ی.ن.ک-دا دەدات.
باڵیۆزی چین لەبارەی پەیوەندییەکانی عیراق و وڵاتەکەیەوە رایگەیاند: پەیوەندییەکی قووڵ عیراق و چین پێکەوە دەبەستێتەوە و عیراقیش یەکەمین وڵاتی عەرەبی بووە کە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ چینی نوێدا دامەزراندووە و عیراق هاوبەشێکی گرنگی چینیشە لە هاریکاریدا بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی (پشتوێنە و رێگا).
وتیشی: لە ساڵی 2015دا پەیوەندیی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات دامەزرا و لەوکاتەوە متمانەی سیاسی بەرامبەر یەکتریی لە پتەوبوونی بەردەوامدایە و هاریکاریی زانستیی نێوانیشیان دەستکەوتی بەرچاوی بەدیهێناوە لە هەموو بوارە جۆربەجۆرەکاندا.
تەوافوقێکی گرنگ لەنێوان بەغدا و پەکین
ئاماژەشی بەوە دا کە لە کۆتایی ساڵی 2022دا شی جین بینگ سەرۆکی چین چاوی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کەوتووە و سەرکردایەتیی هەردوو وڵات گەیشتوونەتە تەوافوقێکی گرنگ سەبارەت چۆنێتی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و هاریکاریی دۆستانە لە نێوانیاندا لە هەموو بوارەکاندا.
راشیگەیاند کە چین ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ عیراقدا بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەب - چین و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەڕووی چۆنایەتییەوە کە ئایندەیەکی گەشتر بخوڵقێنێت.
لەبارەی ئاسایشی جیهانیشەوە، جەخت لەسەر پابەندبوون بە چەمکی ئاسایشی هاوبەش و هەمەلایەنە دەکاتەوە، وەک رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بە ئامانج و بنەما یەکگرتووەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و خۆبەدوورگرتن لە سیاسەتی جەمسەربەندیی و روبەڕوبوونەوەی جەمسەرەکان و پابەندبوون بە گرنگیدان بە نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی سەرجەم وڵاتان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ناکۆکی و ململانێکان.
سەبارەت بە دەستپێشخەریی شارستانیی جیهانیشە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە بە هاوبەشی داوای رێزگرتن لە هەمەجۆریی شارستانییەکان بکەن و پەرە بە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بدەن و گرنگی بە میرات و داهێنەرانی شارستانییەکان بدەن و پەیوەندیی و هاریکاریی نێودەوڵەتی لە بواری مرۆیی و کەلتوریدا بەهێز بکەن.
رێکەوتنەکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە
تسوی وی لەبارەی ئەو رێکەوتنە ستراتیژییەشەوە کە لەسەردەمی کابینەکەی د. عادل عەبدولمەهدیدا لە نێوان عیراق و چیندا ئیمزاکرا، رایگەیاند: ئەو رێکەوتنە
لە مانگی تەمموزی 2022دا بە رەسمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و عیراقیش لە رێی چەند پڕۆژەیەکەوە سوودی لێ بینیووە.
لەبارەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانیشەوە لە عیراق وتی: عیراق بە پلەی سێیەم دێت لەبواری وەبەرهێناندا و کاریگەرییەکی گرنگی هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عیراقە و گەورەترین کڕیاری نەوتەکەشێتی.
روونیشیکردەوە کە لە ساڵی 2022دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتۆتە 53.37 ملیار دۆلار و ساڵانە 43.1 % زیادیکردووە، بەو پێیەی قەبارەی هاوردەی چین لە عیراقەوە 39.38 ملیار دۆلار بووە، ساڵانە 47.8 % زیادیکردووە، هەروەها قەبارەی هەناردەی چین بۆ عیراق بڕی 13.99 ملیار دۆلار بووە، کە ساڵانە 31.3 % زیادیکردووە.
سکوڵەر شیپ و ئاستەنگەکانی وەرگرتنی ڤیزای چین
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنی ڤیزای وڵاتەکەشی لەلایەن عیراقییەکانەوە، باڵیۆزی چین وتی: باڵیۆزخانەکەمان هەوڵێکی زۆر دەدات تا کاری وەرگرتنی ڤیزا ئاسان ببێت و جەختیکردەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر کاتەکانی دەوامیان لە کونسوڵگەرییەکانیان زیادکردووە بۆیە ئێستا داواکاریی ڤیزا زۆر زیادیکردووە.
باڵیۆزی چین لەبارەی رەخساندنی دەرفەتیش بۆ خوێندکارانی عیراق بەمەبەستی خوێندن لە وڵاتەکەی روونیکردەوە کە چین ژمارەیەکی دیاریکراو لە سکوڵەرشیپی حکومی بۆ عیراق دابین دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە تا لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە داواکاری بۆ سکوڵەرشیپی چین پێشکەش بکەن. وتیشی: ئەو خوێندکارانەی کە دەیانەوێت لە چین بخوێنن، دەتوانن لە کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر پرسیار بکەن.
لەبارەی کردنەوەی خولی راهێنانی فرەلایەنیش لە چین بۆ عیراقیەکان، وتی: چین ساڵانە خولی راهێنانی دوولایەنە و فرەلایەنە و دەرفەتی خوێندنی ئەکادیمی بۆ عیراقییەکان دابین دەکات لە چەندین بواردا. بۆ نموونە ساڵی رابردوو 275 عیراقی بەشدارییان لە 84 ۆرکشۆپ-دا کردووە و سەرەڕای توندیی رێکارەکانی خۆپارێزییش لە چین، بەڵام 16 خوێندکاری عیراق لە زانکۆ و پەیمانگەکانی چیندا ناویان تۆمارکردووە.
«حزبی کۆمۆنیستی چین و ی.ن.ک دۆستایەتییەکی قووڵیان هەیە و ساڵانی رابردووش شایەتی ئەو گۆڕانکارییە بەرفراوانەن کە لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبەدا هاتۆتە ئاراوە لەسەر هەموو ئاستەکان»
ئاستی بەرەنگاربوونەوەی پەتای گەندەڵی
سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتەکەشی لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیدا و سوودگەیاندن بە عیراق لەو بوارەدا، روونیکردەوە کە لە ساڵی 2012 تا 2022 ئۆپەراسیۆنی سکاینێت 10هەزار و 668 هەڵاتووی گەڕاندەوە و 44.79 ملیار یوانی وەرگرتەوە، 61 کەسی داواکراوی لە لیستی ئاگاداریی سوور کە 100 هەڵاتووی داواکراون خراونەتە بەردەم دادگا، بەوەش ژمارەی گەندەڵکارە هەڵهاتووەکان کەمیکردووە.
وتیشی: چین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چالاکانە رێکخراوی دژە گەندەڵی بەرەوپێش دەبات و بەشداری لە چاکسازی و بنیاتنانی سیستمی حوکمڕانیی نێودەوڵەتی دژە گەندەڵیدا دەکات.
سەبارەت بە بواری پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوونیش رایگەیاند: وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون دەدات و ئامادەییشی نیشاندا بۆ پەیوەندیی و هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانیان لەگەڵ عیراق و وڵاتانی دیکەدا.
مام جەلال و چین حزبی کۆمۆنیست و یەکێتی
لەبارەی رۆڵی سەرۆک مام جەلال لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و پەیوەندییەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین و ی.ن.ک-یش، وتی:"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە هێزە سیاسییە گرنگەکانی عیراق و مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی عیراق بوو و یەکەم سەرۆکی عیراقیشە کە سێ جار لە قۆناغی جیاجیادا سەردانی چینی کردووە لەدوای دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عیراق و چینەوە لە ساڵانی 1955 و 2004 و 2007، ئەو هاوڕێیەتییەکی دێرین و گەرموگوڕی لەگەڵ گەلی چیندا هەبووە. وتیشی: حزبی کۆمۆنیستی چین و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆستایەتییەکی قووڵ و تەقلیدییان هەیە و ساڵانی رابردووش شایەتی گۆڕانکاریی بەرفراوانن لە نێوان ئەو دوو حزبەدا لە هەموو ئاستە جیاجیاکاندا.
هەروەها وتی: لە ساڵی 2021 دا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی چینی کرد. لە شوباتی 2023 دا وەفدی حزبی کۆمۆنیستی چین سەردانی عیراقیان کرد و چاویان بە بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی کەوت.
روونیشیکردەوە کە وڵاتەکەی حەز دەکات هەوڵی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی عیراقدا بدات، بۆ درێژەدان بە قووڵکردنەوەی پەیوەندیی حزبی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئاسایشی هەرێمایەتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لەبارەی سیاسەتی رەسمیی وڵاتەکەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵبینینی ئەم دواییە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز-یش، تسوی وی رایگەیاند: نێوەندگیریی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران، کارێکی دیپلۆماسی گرنگی چینە لە جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وتیشی: وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دۆستی باش و هاوبەشی ئازیزی ئێمەن، بۆیە هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ بنیاتنانی هاریکاریی هەمەلایەنە و گەشەپێدانی کاری هاوبەش و ئاستێکی نوێی پەیوەندییەکان. روونیشیکردەوە کە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە رێزگرتن لە پێگەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتی لە سەربەخۆیی ستراتیژییان دەکەن و دژبە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباریاندا دەوەستنەوە.
دیدی پەکین بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا
لەبارەی ئاستی ململانێ و هاوکات هاوئاهەنگیی پەکین و واشنتۆنیش باڵیۆزی چین لە بەغدا روونیکردەوە کە چین لەسەر بنەماکانی رێزگرتن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە هاوکارە و چاوی لە پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ ئەمریکادا بەڵام وتی: گرژییەکانی ئێستای پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا لە سیاسەتی هەڵەی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بە چین کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی هەڵە لە چین، بنیاتنراوە.
تسوی وی پێیوابوو کە پێش ئەوەی باس لە لابردنی مەترسییەکان بکرێت، پێویستە مەترسییەکانی بزانرێت و دەڵێت: چین پابەندە بە پێشخستنی ژینگەیەکی بازرگانی ئاڕاستەکراوی بازاڕ بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاریکاریی بازرگانی و زانست و تەکنۆلۆژیا و وەبەرهێنان لەگەڵ هەموو وڵاتاندا لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و سوودمەندبوون و پاراستنی دادپەروەریی نێودەوڵەتی و ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژەوە. بۆیە وڵاتێکی لەم جۆرە سەرچاوەی دەرفەتە نەک مەترسی. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو مەترسییە راستەقینانەی جیهان رووبەڕوویان دەبێتەوە، وروژاندنی ململانێی بلۆکەکان و دروستکردنی جەنگی سارد و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، تەئکیدیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ هەردوولا و بۆ جیهانیش بەگشتی.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەشی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، رایگەیاند: چین پشتیوانی لەوە دەکات کە هەموو لایەنە عیراقییەکان یەکڕیزیی و هاوکاری لە نێوانیاندا پتەوتر بکەن، هەروەها وتی لەبەر ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەی لەگەڵ عیراقدا هەمانە، سروشتییە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا بەشێکی گرنگی ئەو پەیوەندییانە بێت و لەو رووەشەوە دەڵێت: حزبی کۆمۆنیستی چین پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ پ.د.ک و ی.ن.ک و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە دەپارێزێت. وەک چینینش ئامادەین بەردەوام بین لە هاوکاریی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە، گەشتوگوزار، پەیوەندییەکان و ...هتد.
PUKMEDIA المسری
هەواڵی زیاتر
-
ژمارهو ناوی كاندیدانی یهكێتی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان
12:50 PM - 2024-09-25 -
عیماد ئەحمەد: هێنانەکایەی حکومەتێکی رەشید هەر بە یەکێتی دەکرێت
05:06 PM - 2024-10-07 -
نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدانی ئیدارەی راپەڕین دروست دەکرێت
04:19 PM - 2024-10-07 -
فەرمانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ ئیمزا کرا
02:32 PM - 2024-10-07
ئەمانەش ببینە
سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتی: وهك جێگرهوهی ههژماری من ههوڵی كردنهوهی بانكه فیدراڵییهكان دهدهین
03:10 PM - 2024-10-07
لیستی ١٢٩ هێزی کۆتایی پێهێنانە، ئەوانی دیکە هێزی پۆستەر دڕاندن
01:52 PM - 2024-10-07
وتەبێژی لیستی ١٢٩: یەکێتی بەڕەسمی هەژماری من رەتدەکاتەوە
12:37 PM - 2024-10-07
یەکێتی ناهێڵێت غاز بەدەردی نەوت بچێت
09:21 AM - 2024-10-07
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ دەبێتە هاوسەرۆكی هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازی 119 حزبی جیهانی
ی ن ک 09:43 PM - 2024-10-06 -
هاوخەمی مەكتەبی سیاسی بۆ كۆچی دوایی خاتوو تەلیعە فەرمان
پرسەنامە 09:30 PM - 2024-10-06 -
شێخ جەعفەر لەشارەزوور پەردە لەسەر وێنەی سەرۆكی یەكێتی لادەدات
ی ن ک 08:28 PM - 2024-10-06 -
رەفعەت عەبدوڵڵا: یەكێتی خەباتی راستكردنەوەی حوكمڕانی دەكات
ی ن ک 08:19 PM - 2024-10-06 -
قوباد تاڵەبانی : سەردەمی بەکارهێنانی دەنگی مردو بۆ لایەنێک بەسەرچوو
ی ن ک 08:07 PM - 2024-10-06 -
شێخ جهعفهر: بۆ راستكردنهوهی رێڕهوی حكومهت دهبێت دهنگ بهیهكێتی بدهین
ی ن ک 06:50 PM - 2024-10-06 -
لیستی پارتی و 7 كاندیدی سزادەدرێن
کوردستان 06:37 PM - 2024-10-06 -
مووچهخۆران ههژماری من رهتدهكهنهوهو پشتیوانی ههڵوێستهكهی سهرۆك بافڵ دهكهن
کوردستان 06:11 PM - 2024-10-06