riklam

کتێبی سازمانی ئینقیلابی و کوردستان بڵاودەکرێتەوە

هەواڵ 08:31 PM - 2023-05-15
ساڵۆنی کوردستانی نوێ PUKMEDIA

ساڵۆنی کوردستانی نوێ

رۆژی شەممە ١٣-٥-٢٠٢٣، لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی ( سازمانی ئینقیلابی و کوردستان) کە لە نووسین و ئامادەکردن و وەرگێڕانی رووناکبیر و رۆژنامەنووسی بە ئەزموون ( حەسەن قازی) ە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا کە لە لایەن رۆژنامەنووس جەواد حەیدەرییەوە بەڕێوە دەبرا، باسێکی کورتی لە بارەی بەرھەم و نووسینەکانی حەسەن قازی پێشکەشکرد و دواتر ھەڵوەستەیەکی لەسەر مێژووی دروستبوونی سازمانی ئینقیلابی کرد.

دواتر نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا لە بارەی کتێبەکەوە وتی: "ئەم کتێبەی کاک حەسەن قازی یەکێکە لە سەرچاوەو کتێبە باش و پڕ بایەخەکان کە مێژووی بەشێک لە بزوتنەوەی چەب دەگێڕێتەوە لە کوردستان و ناوچەکە بەگشتی".

ستران عەبدوڵڵا وتیشی: "ئەم کتێبە بەشێکی زۆری رۆڵی سەرۆک مام جەلالیش لەو مێژووە دەردەخات، بەتایبەت کە مامۆستا حەسەن قازی وەکو رۆژنامەنووس و توێژەر و وەکو تێکۆشەریش لە ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی رابردوودا خزمەتێکی زۆری لەو بوارەدا کردووە".

پاشان، لە رێگەی لایف ڤیدیۆوە، حەسەن قازی قسەی بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد و ئاماژەی بۆ چۆنیەتی وەرگێڕان و ئامادەکردن و ئیزافەکانی سەر کتێبەکەی کرد، کە ئەو لە فارسییەوە وەریگێراوە بۆ کوردی بە ئیزافەکردنی چەند بۆچوونێکی کوردییانەی تر.

حەسەن قازی، لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە دامەزراندن و کارکردن و کاریگەرییەکانی رێکخراوێکی چەپی بەھێز کرد لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لەسەردەمی شای ئێران کە ئەویش رێکخراوی سازمانی ئینقیلابی بوو.

دواتریش باسی لەو کەسانە کرد کە لە رێکخراوەکە رۆڵیان ھەبووە و بە تێروتەسەلیش باسی لە بایەخی کتێبەکەی کرد بۆ نەوەی ئێستا.

ھەر لە کۆڕەکەدا و لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، نووسەر و رووناکبیر عەلی کەریمی قسەی کرد و باسی لە ئەزموون و ماندووبوونی حەسەن قازی کرد بۆ کتێبەکە و قۆناغی سازمانی ئینقیلابی شیکردەوە کە لە شەستەکاندا مەسەلەی چەپ و مارکسزیم و ماویزم چ رۆڵێکیان ھەبووە لە رۆژھەڵات و باشوری کوردستان و بە تایبەت رێکخراوی ( کۆمەڵە) لە باشوری کوردستان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، لە لایەن چەند ئامادەبوویەکەوە سەرنج و بۆچوون لە بارەی کتێبەکەوە خرایە روو.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket