riklam

ساڵح موتڵەگ: ئەگەر پڕۆسەی دیموكراتی بەراستی بڕۆیشتایە، خەڵك بڕوای لەق نەدەبوو

عیراق 11:56 AM - 2023-05-10
ساڵح موتڵەگ PUKMEDIA

ساڵح موتڵەگ

ساڵح موتڵەگ سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی رایدەگەیەنێت، "ساڵی 2017 چووینە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە بۆ راستكردنەوەی ئەو پڕۆسەیە، پێشموانییە شكستمان هێنابێت، بەڵام نەمانتوانی ئەوەش بەدیبهێنین كە بەرنامەمان بۆ دانابوو  و جەماوەرەكەمان دەیانخواست".

 

ساڵح موتڵەگ سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: هەر وڵاتێك داگیربكرێت، چەندین  لێكەوتەی  خراپ بەدوایدا دێت و هەڵە روودەدات و دەزگا و دامەزراوەكانی وڵات و  ژێرخانەكەی وێرانی دەبن و پێیوابوو دەتوانرێت هەموو ئەوانە چارەسەر بكرێن، بەڵام كێشە هەرە گەورەكە كە من لێی دەترسام دزەكردنی ئەو داڕووخانە بوو بۆ  ناو بەها كۆمەڵایەتییەكان،  بۆیە هەر لە ساڵانی 2004 و 2005  هۆشداریم لەو رووەوە دەداو تەنانەت ئەو نیگەرانییەم لە یەكەم دیدارمدا لە كەناڵی رەسمی سوریادا راگەیاند. بەبۆچوونی موتڵەگ لە دوای ساڵی  2003 وە  بەها كۆمەڵایەتی و  ئەخلاقییەكان كرانە ئامانج و لەدوای ئەوەشەوە ئەو بەئامانجگرتنە درێژەی پێدرا و بە بڕوای زۆرێك لەوانەی لە دوای «داگیركردنی عیراق»ەوە هاتنە سەر دەسەڵات هەریەكەیان ژمارەیەك  كەسیان لە پۆستەكاندا بە لێشاو دادەمەزراند بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئاستی تواناكانیان، بەوەش  وەزارەتەكان و  دامەزراوەكانی  حكومەت پڕبوون لەو كەسانەی  كە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە.

 

ئامانجی پڕۆژەكەی بەرەی دیالۆگ  

لەبارەی بەشداریكردنیشیان لە پرۆسەی سیاسیدا سەرەڕای تێبینییەكانیان لەسەر ئەدای دەسەڵاتدارانی نوێ، ساڵح موتڵەگ وتی: كاتێك  چووینە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە، پڕۆژەیەكی نیشتمانیمان  هەبوو،  دژی هەستی تایفی بووین لەناو پڕۆسەی سیاسی و كۆمەڵگەی عیراقیشدا، بەڵام ئەو پڕۆژەیەی ئێمە لەلایەن زۆربەی لایەنە سیاسییەكانەوە دژایەتی دەكرا چونكە بە وتەی ئەو «گرنگترین شت  بەلای ئەوانەوە  تایفەگەری  و پشك پشكێنەی حزبی بوو» تا لەو رێگەیەوە دەسەڵات لەدەستیاندا بمێنێتەوە. 

 

وتیشی: لە ساڵی 2017دا كە چووینە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە بۆ راستكردنەوەی  ئەو پڕۆسەیە چووین، پێشموانییە شكستمان هێنابێت،  بەڵام  نەمانتوانی ئەوەش بەدیبهێنین كە بەرنامەمان بۆ دانابوو  و جەماوەرەكەمان دەیانخواست.

 

لە وەڵامێكیشدا سەبارەت بەوەی هەندێك پێیانوایە ئەوانیش شەریك بوون لە شكستدا، موتڵەگ وتی: دەشێت ئێستا بۆچوونێكی وا هەبێت، بەڵام لە راستیدا  ئێمە هاوبەش نەبووین، چونكە كاتێك ئێمە لە 2005  چووینە ناو هەڵبژاردنەوە و ژمارەیەك كورسیمان لە نوێنەران مسۆگەركرد، بەڵام ئێمە بەشداریكردنمان لە حكومەتدا رەتكردەوە  كە سێ وەزارەتیان پێ دەداین، بۆیە هەر بە ئۆپۆزسیۆن ماینەوە كە ئەوە بۆ ئەوكاتە زۆر ئازاربەخش بوو ، زۆرێك لە سەركردەكانمان  لەناوبران چ لەڕووی سیاسیی جەستەییشەوە و لەهەموو لایەكەوە  گەمارۆ درابووین، بۆیە ئێمە ئەوكاتە تەنها دەمانتوانی ئەو زیانانە كەم بكەینەوە  كە بەر وڵات و كۆمەڵگەكەمان دەكەوتن.

 

روونیشیكردەوە كە ئەوان بۆیە لە لایەنەكانی دیكە دابڕان، چونكە زۆریەیان بە رێگەی ئایینی و تایفی بیریان دەكردەوە.

 

هەڵبژاردنی 2010 متمانەی خەڵكی  بە پڕۆسەی سیاسی لەق كرد

ساڵح  موتڵەگ پێیوابوو ئەگەر لە ساڵی 2010 دا بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئازاری ئەو ساڵە كە فراكسیۆنی ئەلعراقیە بەسەرۆكایەتی دكتۆر ئەیاد عەلاوی پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، پڕۆسەی دیموكراتی بە راستی بڕۆیشتایە، ئەوا گۆڕانێكی ریشەیی روویدەدا و خەڵك بڕوای یە هەڵبژاردن لەق نەدەبوو، وڵات لەسەر رێچكەیەكی مەدەنی و نیشتمانی بنیات دەنرایەوە ‌و لە لۆژیكی ئایین ‌و ئایینزا دووردەخرایەوە و وتی: لەو سەردەمەدا گورز  لە پڕۆسەی دیموكراتی وەشێنرا. سەرنج بدەن كە ئێستا ئەگەر رێژەی %80 ی خەڵك بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، ئەبێ ئیتر مانای دیموكراسی لەكوێدا بێت ؟ 

جەختیشی كردەوە كە بەبڕوای ئەو  ئەمەی لە هەڵبژاردنی 10/10/ 2021 یشدا روویدا دووەمجار بوو و پێشی وابوو كە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان كارێكی دروست نەبوو.

 

یەكەم كەس بووم پێشنیازم كرد سودانی بكرێتە سەرۆك وەزیران

ساڵح موتڵەگ لەبارەی كابینەی ئێستای حكومەتی عیراقەوە بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند: ئەگەرچی هەرگیز وەسفی هیچ سەركردەیەكی سیاسی نەداوە، بەڵام رەنگە من  یەكەمین كەس بووبم پێشنیازی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی-م  كردبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، چونكە بە كەسێكی دەستپاك ناسیومە و لەدوو  خولی پەرلەمانیشدا پێكەوە كارمانكردووە و جگە لەوەش  وەك كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر دەمبینی و روونیشیكردەوە كە راستە ئەو  شیعەیە، بەڵام  من تەماشای ئەوە ناكەم ئەو شیعەیە  یان سوننە و جەختیشی كردەوە لەوەی كە پێیوانییە  پۆستی سەرۆك  وەزیران  تایبەت بێت بە هیچ ئاینزایەكی دیاریكراوو دەكرێت  كەسێكی مەسیحی ئەو پۆستە وەربگرێت، یان كورد  بێت یاخود سوننە بۆیە دەكرێت كەسێكی شیعەش بێت، بەڵام گرنگ ئەوەی نوێنەرانەیەتی تەواوی وڵات بكات، وتیشی: بۆیە پێشنیازی كاندیدكردنی سودانیم كرد، چونكە دەستپاك بوو، رۆڵەی ناوخۆی وڵاتیشەچونكە ئەو جۆرە كەسانە لە نزیكەوە ئاگاداری كێشە و  گرفتە راستەقینانەكانن.  چونكە زۆرێك لەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتنەوە  پێیانوابوو هەر كەسێك  نەچووبێتە دەرەوەی عیراق، واتە هاوكاری رژێمی پێشوو بووە! وتیشی: گەشبینم بەڵام  ناتوانم  هەڵسەنگاندنێكی كۆتایی بدەم پێش ئەوەی هەنگاوە راستەقینەكان ببینم  بۆ چاكسازیكردن لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا و جەختی كردەوە كە تا ئێستا هەنگاوەكانی جێگەی قبووڵكردنە، بەڵام هێشا لە ئاستی خواستی مندا نییە، بەڵام ئومێدم پێیەتی شتێك بكات، چونكە ئەو لەمن ئارامترە و لەسەر ئاستی  خزمەتگوزارییەكان   پێشكەوتن  هەیە وە لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەكییەكانیش بە هاوسەنگی ماوەتەوە، ئەگەرچی نییەتەكەی هەیە، بەڵام پێموانییە هەموو شتێكیشی پێ بكرێت، چونكە بەهۆی هاوبەشەكانییەوە دەستی لەزۆر بواردا بەستراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە.


سودانی هەنگاوی باشی ناوە  بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ  كورددا، پێشبینی ئەوەشی لێ ناكەین عەسای سیحریی پێ بێت و بتوانێت بە شەو و رۆژێك  هەموو كێشەكان چارەسەر بكات

چ پێشنیازێکی بۆ نوری مالیکی کردووە؟

وتیشی: جگە لەوە دەبینم هەنگاوێكی باشی ناوە  بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ  كورددا لەرووی هەناردەكردنی نەوتەوە و بابەتەكەی خستۆتە دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە و دەركردنی یاسای  نەوت و  گاز و پێشبینی ئەوەشی لێ ناكەین  عەسای سیحریی پێ بێت و بە شەو و رۆژێك  هەموو كێشەكان چارەسەر بكات مەگەر كودەتا بكات بەسەر  تێكڕای پرۆسەی سیاسیدا.

لەبارەی ریشەكێشكردنی گەندەڵییشەوە، ساڵح  موتڵەگ رایگەیاند: ساڵی  2012  لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەدا لەماڵی خۆیان پێكەوە دانیشتوون و بە سەرۆك وەزیرانی وتووە: ئەگەر  گەندەڵی  بەو شێوەیە هەڵبكشێت و زیاد بكات، باندەكانی گەندەڵی دەست بەسەر هەموو شتێكی  حكومەت و  وڵاتدا دەگرن  و لە رێی كۆنترۆڵكردنی داهات و برسیكردنی خەڵكەوە، هاووڵاتیان  ناچار دەكەن ملكەچیان بكەن، وەڵامی نوری مالكی ئەوەبوو كە ئەو گەندەڵانە شارەزاییان پەیداكردووە و  هیچ كەس ناتوانێت بە بەڵگەوە بیانگرێت، فێری  فرت و  فێڵ بوون  لە دزیكردندا، منیش پێمووت : ئەو دۆسێیە بدەرە دەست من، لە ماوەی ساڵێكدا  گەندەڵی  بەڕێژەی  40 – 60 % دادەبەزێنم، پێنج  كەس لە گەورە گەندەڵكارەكانی وڵات هەڵدەبژێرم سوننەیەك و شیعەیەك  كوردێك، یەكێكی تر لە پێكهاتەكان، تا كەس نەڵێت لایەنێك بە ئامانج گیراوە، یەكێكیش لە پێكهاتەكانی تر و لە گۆڕەپانی  تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا هەڵیاندەواسین، رەنگە بەهۆی ئەم  قسانەوە هەڵایەكی گەورەم لەسەر دروست بێت، بەڵام بڕوام پێ بكە هیچ چارەسەرێك نییە  جگە لەوەی كۆمەڵێك لە گەندەڵكارەكان بەبەرچاوی  خەڵكە هەڵبواسین، چونكە گەندەڵكار  نە شەرم دەیگرێت  و نە دەشترسێت، بەڵام وتی: مەبەستم كتومت هەڵواسین نییە..دەیهێنم و  هەرچییەكی بردووە  لێی وەردەگرمەوە و دواتر سزای دەدەم، نەك تەنیا پارەكە بگەڕێنمەوە وەك ئەوەی لەسەردەمی مستەفا كازمی بەرامبەر هەندێك كرا.

 

سەركردەی بوێر و دادپەروەرمان دەوێت

لەبارەی سیستمی سانت لیگۆ (1.7) و تا چەند بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئایندەدا دەكات، ساڵح موتڵەگ پێیوابوو كە بەشداری نەكردن شەرەفمەندانەترە ئەگەر نەتوانرێت رێگریی لە گەندەڵكاران بكرێت لە خزانە ناو پڕۆسەی سیاسی، بۆیە باشترە بەرەی دیالۆگ وەك رێكخراوێكی مەدەنی ببێتە ئۆپۆزسیۆنی پڕۆسەی سیاسیی ئێستا. تەنانەت ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردنیش بكەین ، ئەگەر نەتوانین هیچ كارێك بكەین، دەبینە ئۆپۆزسیۆن  لەناو پەرلەماندا بە ئامانجی چاكسازی.

وتیشی  پێویستمان بە سەركردەی بوێرە بەڵام دادپەروەر بێت، چونكە بوێریش بێت، دادپەوروەر نەبێت وڵات پێش ناكەوێـت و  هەر لەو بارودۆخەی ئێستادا  دەمێنینەوە. 

لەبارەی سەركردە سوننە گەنجەكانیشەوە وتی: زۆربەی سەركردە سوننەكانی سەرەتا بەئامانج گیران، سیستمی سیاسیی ئێستا   زیاتر كەسانی شوێنكەوتەی دەوێت ، نەك  نەیار  و رەخنەگر، پشتیان بە شوێنكەوتووەكان بەست، ئەوانەی بەخواستی ئەوان دەڕۆیشتن، ئێمە  كەسانێكی ئاژەوەگێڕ نەبووین، بەڵام  لە دژی  كاری هەڵە دەوەستاینەوە،بۆیە هەندێك لە گەنجەكانیان  رازی كردبوو و پێیان وتبوون ئێوە بۆ خۆتان بەو ناوانەوە لكاندووە و دەتوانن لە سیستمەكە سوودمەند بن.

 

پەراوێزخستن و بایكۆتكردنی كورد هەڵەیە

لەبارەی تێڕوانینیشی بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كورد، موتڵەگ وتی: دەبێت لێكگەیتنیش هەبێت و پێكەوە رێكبكەوین  لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات  بەشێوەیەكی  دروست، ئێمە  لەگەڵ ئەوەدا نیین (كورد هەرچییەكی بوێت  پێیان ببەخشین)، بەتایبەتیش كاتێك پێمانوابێ ئەوە نا واقیعینو بەڵام  هاوكات پەراوێزخستن و بایكۆتكردنیان هەڵەیە، و وتیشی: پەیوەندیییەكی  دۆستانە و رێز لەنێوان من  برایان لە پارتی  و بەڕێز  مەسعود بارزانی  و  هەروەها یەكێتی و سەركردەكانیدا هەیە.

پرۆفایلی د.ساڵح موتڵەگ

*ساڵی 1947 لە قەزای فەلوجەی سەربە پارێزگای ئەنبار لەدایكبووە.

*ساڵی 1968 كۆلێجی كشتوكاڵی لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە و وەك مامۆستای یاریدەدەر تا ساڵی 1971لە زانكۆی بەغدا دامەزراوە.

*ساڵی 1974 دكتۆرای لە بەشی ئەندازەی ژینگەدا وەرگرتووە لە سكۆتلەندا و گەڕاوەتەوە عیراق و وەك توێژەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كاریكردووە و لە چەند رێكخراوێكی زانستیی وڵاتانی عەرەبیدا ئەندام بووە.

*كادری پێشكەوتووی حزبی بەعس بووە تا ساڵی 1977 و دواتر لەریزەکانی ئەو حزبە دوورخراوەتەوە.

*لەدوای 2003 وە وەك سیاسییەكی دیاری پێكهاتەی سوننە دەركەوتووە و چەند خولێك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە و لە خولی 2010 - 2014ش لەسەر پشكی سوننە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراقی وەرگرتووە.
*ئێستا سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانییە.

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket