riklam

دوو هەڤاڵەکەی بادینانمان بەر بدەن

کوردستان 05:23 PM - 2023-01-14
 سەروتاری PUKMEDIA

سەروتاری PUKMEDIA

سه‌روتاری PUKMEDIA

 

*ئاسایشی دهۆك كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتییه‌ دوو كادیری كۆمیته‌ی دینارته‌ی  یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستگیركردووه‌ به‌بێ هیچ په‌ڕاوو ئیزنێكی یاسایی و دادوه‌ری، هه‌ڤاڵانمان  (عاسف حسێن حه‌مۆ، محه‌مه‌د ئه‌مین خدر ) كارگێڕی كۆمیته‌ن و به‌گوێره‌ی لێدوانی هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئه‌مین شێروانی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دهۆك بۆ": PUKMEDIA  ئاسایشی پارتی به‌بێ بڕیاری دادوه‌ر و له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان، ئه‌و دوو كادره‌ی یه‌كێتی-یان رفاندوه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئینتیمای سیاسییان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا یه‌كناگرێته‌وه‌‌ " 

*ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ ئاسایشی پارتی ئه‌و ره‌فتاره‌ نادیموكراتییه‌، نابه‌رپرسانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كادیری حزبه‌كانی دیكه‌ و به‌تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر به‌ كادیره‌كانی یه‌كێتی چه‌ندپاته‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ هیچ پاساوێكی یاسایی،  ته‌نها هه‌ر بۆ چاوترسێنی و گێچه‌ڵی سیاسیی به‌ حزبه‌كانی ژێر نفوزی خۆی وا ده‌كات. 

*به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ هه‌واڵی نۆرماڵ له‌بادینان، وه‌ك هه‌واڵی كه‌شوهه‌واو بانبارینی لێهاتووه‌، بۆچی؟ چونكه‌ ئاسایشی پارتی ئه‌وه‌نده‌ دووباره‌ی كردۆته‌وه‌، خه‌ریكه‌ ته‌نانه‌ت به‌های هه‌واڵی خۆیشی له‌ ده‌ستده‌دات، ئێ به‌ڵام ئاسایشه‌كه‌ی پارتی كه‌ له‌سه‌ر سه‌ركوت و رفاندن راهاتووه‌ هه‌ر كه‌یفی پێدێ و هه‌ر سه‌بووری به‌ پاوانخوازی وا دێت!

*سیناریۆكه‌ی هه‌میشه‌ كۆن و ئه‌زبه‌ر كراون، تۆمه‌ته‌كان ئاماده‌ن به‌جۆرێك فۆرمی ده‌ستگیركردن و په‌راوی ئاساییش، به‌ كڵێشه‌وه‌ ،له‌به‌رده‌سته‌، هه‌ر ناووناونیشانی ده‌خرێته‌سه‌ر و ئیتر ئیعازی جێبه‌جێكردنی ده‌مێنێ. جارێك یه‌كێتیی، جارێك یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ، جارێك گۆڕان و ئینجا جارێكی تر یه‌كێتی، خواپێمان نه‌گرێت كار وابڕوات پارتییه‌كانیش سه‌ره‌ی گرتنیان بێت گوایه‌ وه‌ك پێویست پارتی نین و ره‌نگه‌ هاوزه‌ردییشیان دادیان نه‌دات.

*كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پارتی واز له‌م شێوه‌ حزبایه‌تییه‌، له‌م شێوه‌ حوكمڕانییه‌  و له‌م شێوازه‌ی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ی فره‌حزبی بهێنێت، چونكه‌ وا كه‌شفه‌، كه‌س نییه‌ ئه‌شهه‌دوبیلا بۆ ئه‌م ره‌خنه‌یه‌مان نه‌كات.

 

*بانگه‌وازمان بۆ پارتی ئه‌وه‌یه‌ شێوه‌ی مۆدێرنتری ململانێی سیاسیی بدۆزێته‌وه‌، خۆ ئێستا ساڵی حه‌فتاكان نییه‌، به‌زه‌بر و زبری مامه‌ڵه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ جیاوازه‌كان دا بكات. ئه‌م شێوه‌ زه‌بر و زبره‌ هێند عه‌یبه‌یه‌ حزبی دیكه‌ش ،كه‌ ده‌توانن بیكه‌ن ،نایكه‌ن و پێیان شه‌رمه‌. ئاخر ئێمه‌ به‌ حساب باسی كوردستان و وڵات و حوكمڕانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌كه‌ین،نه‌ك نفوزێك له‌په‌نا گوندێكی زه‌مانی پێشین.

 

* به‌رێزینه‌ !
هه‌ڤاڵه‌كانمان هه‌رئێستا به‌ربده‌ن و مه‌یكه‌نه‌ په‌راوی سه‌رمێزی مفاوه‌زات و گفتوگۆی داهاتوو ، چونكه‌ كه‌س مفاوه‌زات له‌سه‌ر ئازادی و مافی سیاسه‌تكردن ناكات!. هیومان رایتس وۆچیش وای پێوتون و كوردایه‌تی ره‌سه‌ن و حوكمڕانی دیموكرات و مۆدێرنیش هه‌ر واتان پێ ده‌ڵێت.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket