riklam

یەكێتی هەوڵەكانی بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم چڕ دەكاتەوە

کوردستان 11:43 AM - 2022-12-29
  یەكێتی هەوڵەكانی بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم چڕ دەكاتەوە

یەكێتی هەوڵەكانی بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم چڕ دەكاتەوە

یەكێتی جەخت لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە و دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "یەكێتی دەیەوێت كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن".

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "یەكێتی هەمیشە پێوابووە باشتر وایە كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا مووچە و قوتی هاووڵاتیانی هەرێم فەراهەم بكرێت".

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكایەتی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە و زیاتر لە ساڵێكە كێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەركراوە و 200 ملیار دیناریش لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، لە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیش، یەكێتی جەختی لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كردووەتەوە كە نابێت بكرێتە ململانێی سیاسی" كاروان یاروەیس وادەڵێت.

یەكێتی دەیەوێت كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و لەرێی سەرۆك بافڵەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەنێویشیاندا كێشە داراییەكان و دیاریكردنی پشكی كوردستان  لە بودجەی عیراق.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند: "ئێستا كە لە سەروبەندی گفتوگۆ و گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق-داین، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی  لە بەغدا و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم هەوڵەكانیان بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عیراق چڕكردووەتەوە".

"لە سەرەتای ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەك یەكێتی هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان رێكبەكەوین و نەچینە هیچ هاوپەیمانییەك تا بەڵێنی دیاریكردنی بەشەبودجەی هەرێم و فەراهەمكردنی قوتی هاووڵاتیانی هەرێمان پێنەدەن" كاروان یاروەیس وایوت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket