riklam

دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی دەکرێت

کوردستان 12:01 PM - 2022-12-23
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورداتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورداتان

بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی داخستنی ئەو شوێنانەی لەگەڵ ئاینی ئیسلام و نەریتی کوردەواری ناگونجێت، پشتیوانی چین و توێژە جیاجیاکانی لێکەوتۆتەوە و بەبڕیارێکی دروست و مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت.

شەوی رابردوو سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە.

بڕیارێكی پەسەندو جوانە و جێگای دەست خۆشی و دڵ خۆشییە 

لەو چوارچێوەیەدا عەبدولەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی رێبەڕی رەوتی سەلەفی لە کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی دەربڕیوە و نوسیویەتی: "بڕیارێكی پەسەندو جوانە و جێگای دەست خۆشی و دڵ خۆشییە لە لایەن بەڕێز کاک بافڵ، بە هیوای جێبەجێكردن و بەردەوام بوون".
"هەر سەرکردەیەک بڕیاری باش بدات باشە دێتە رێی و میللەتیش خۆشی دەوێت"، عەبدولەتیف سەلەفی وایوت.

بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە و بەبڕیارێکی مێژوویی و خزمەت بە خەڵکی شاری سلێمانی و گێڕانەوەی نەریتی جوانی شارە حەیاتەکە "سلێمانی" وەسف دەکرێت.

بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی باشترین بوو

لاوەند نەوزاد زانای ئاینی و رۆژنامەنوس لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایتی فەیسبوک لەبارەی بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە دەڵێت: "لەمێژووی شاری سلێمانی بەڕای من جوانترین و باشترین بڕیار بۆ ئەم شارە ئەم بڕیارەی سەرۆکی یەکێتی بوو".
"بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی گەڕانەوەی شکۆی دینداری و شکۆی رەوشت و پڕلەوەفا بوو بۆئەوەی جارێکی تر نەریتە جوانەکەن بگەڕێتەوە بۆشاری رۆشنبیری"، لاوەند نەوزاد وایوت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا لاوەند نەوزاد بە سەرۆکی یەکێتی دەڵێت: "بڕیارەکەت جێگای دەست خۆشی و نزای خێرە بۆئەوەی زیاتر شکۆ بگەڕێتەوە بۆ شاری مەولانا و کاک ئەحمدی شێخ و ھەزاران زانای ئاینی و خانەقا و مزگەوت و موسوڵمانان".

بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی کە لەگەڵ ئایین و ژینگەی شارەکەدا ناگونجێت، وەک پاراستنی ئارامی و هێنانە کایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ شاری رۆشنبیری لێیدەڕوانرێت.

یەکێتی هەمیشە پارێزەری مافی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە

عومەر جەبار سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە بۆ PUKMEDIA وتی: "یەکێتی هەمیشە پارێزەری مافی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە و لەکاتی پێویستدا بڕیاری گونجاوی داوە".

"بڕیارەکەی سەۆکی یەکێتی لەپێناو پاراستنی ئارامی و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارە حەیاتەکە و هەموومان پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی دەکەین"، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان وایوت.

دوای ئەوەی رێژەیەکی زۆر گلەیی و سکاڵای هاووڵاتیانی پێگەشتبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی کرد و ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بینی، بۆیە سەرۆک بافڵ بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە، دوای بڕیارەکەش سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی چاودێری داخستنی ئەو شوێنانەی دەکرد.

بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاردانەوەی باشی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکە دەربڕی.

بەشێک لە سەرنجی هاووڵاتییان بۆ بڕیارەکەی سەرۆک بافڵ





‎PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket