riklam

ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر بەڕێوەچوو

کوردستان 04:47 PM - 2022-12-01
ئارامگای مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر

ئارامگای مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر

لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر تێکۆشەر و رووناکبیر و سیاستمەدار، لە خانەقین ریورەسمێکی شایستە رێکخرا و لەشاری سلیمانیش تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی خوالیخۆشبوو دانرا.

بە ئامادەبوونی هاوڕێ و هاوخەبات و خێزان و کەسوکارەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە 1-12-2022، لە شاری خانەقین، ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر، تێکۆشەر و رووناکبیر و سیاسەتمەدار بەرێوەچوو.

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "مامۆستا موحسین یەکێک بوو لەو تێکۆشەرانەی کە لە لاوێتییەوە تا ئەوڕۆژەی چووە ئامێزی هەمیشەیی و نەمری، لە سەنگەری کوردایەتی و دیموکراسی و دادپەروەری و رەوشتی سیاسی و وەفای سیاسی مایەوە، دەبێت هەموومان شانازی پیوەبکەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "مامۆستا موحسین رۆشنبیرێک و سیاسییەکی زۆر شارەزا و لێزان بوو، مامۆستا موحسین لە درێژایی ژیانیدا ئازاری کەسی نەداوە و لە خەباتی سیاسی دا پیاوێکی تەواو پاک و راستگۆ بوو".

پاشان پەیامی هاوخەمی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین لەلایەن بەمۆ شێخانی-یەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا: "ساڵێک بەرلەئیستا پیاوێک کە هەموو تەمەنی خۆی بەخشییە کورد و کوردایەتی لەپێناو بەدەسهێنانی ئازادی و رزگاری کوردستان-دا، تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین و رووناکبیر و میدیاکار و هەنورمەند "مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر" ماڵئاوایی یەکجاری لێکردین و بەجێیهێشتین و گەشتە کاروانی نەمران، جارێکی دیکە لەم یادە پڕشکۆیەدا بەناوی لێپرسراو و هەموو هەڤاڵانی مەکتەبی رێکخستنەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەر و هاوڕێ و هاوخەبات و لەخۆشمان دەکەین و ئومێدەوارین کۆتا ناخۆشی ئەم خانەوادە کوردپەروەرە بێت و رۆحی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر هەمیشە ئارام و ئاسودەبێت.

دواتر بە زمانی عەرەبی وتاری مەڵبەندی هەشتی رێکخستنی خانەقین لەلایەن هێرش حەبیب ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی هەشتی رێکخستنی خانەقین خوێندرایەوە.

هەر لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر دا وەک وەفایەک بۆ خەبات و تێکۆشانی مامۆستا موحسین، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڤاڵ سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بەهاوڕێیەتی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندامان و کادیرانی مەکتەب، سەردانی یەکەمین ساڵیادی ئەو تێکۆشەر و و رووناکبیرەیان کرد لە گۆڕستانی سەلیم بەگ لە سلێمانی.
سەرکەوت زەکی دوای دانانی تاجەگوڵینەی مەکتەبی رێکخستن، باسی لە مێژووی خەباتی بێوچانی مامۆستا موحسین کرد کە مێژووێکی پڕسەروەریی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی و یەکێتیش تۆمارکردووە، لە چەندین وێستگەی کوردایەتیدا بەشداریکردووە.
ئاماژەی بەوەش دا: "لەسەرەتای دروستبوونی کۆمەڵە و یەکێتی دا یەکێک بووە لە تێکۆشەرەکانی مەیدانی خەبات، لە دوای راپەڕینیش چەندین پۆست و پلەی حزبی و حکومی وەرگرتووە و سەرکەوتوانە ئەرکەکانی جێبەجێکردووە.

ژیاننامەی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر

مامۆستا موحسین لە خانەقین-ى ئەڵوەنەوە ساڵى 1950 چاوى بەدونیا هەڵهێناوە و قۆناغەکانى خویندنى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیی لە خانەقین تەواو کردووە، لە سەرەتایی لاوێتییەوە هەستى بەو زوڵم و ستەمە کردووە کە دەرهەق میللەتەکەى دەکرێت، پەیوەندى بەشۆڕشی گەلى کوردەوە دەکات و تاوەکو لەو پێناوەدا تێیبکۆشێت و دۆزى رەواى گەل و نیشتمانەکەى بەئامانجى نەتەوەیی بگاتە مەنزڵى رزگارى و مافە زەوتراوەکان بسەنرێتەوە.

مامۆستا موحسین لە ساڵى 1971 لە ئەڵقە رۆشنبیریەکانى کۆمەڵەى رەنجدەرانی کوردستان وەرگیراوە و بۆ ساڵى دواتر بووە بە ئەندام، ساڵى 1974 خوێندنى پەیمانگاى پێگەیاندنى مامۆستایان لە هەولێر تەواو کردووە، ساڵى 1978 پەیوەندى بەڕیزەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە کردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ مەکتەبى راگەیاندن و لەوێ بۆتە بەرپرسی بەشى کوردى لە ئیزگەى گەلى کوردستان.

لە ساڵى 1979 بۆ 1980 نوێنەرى یەکێتى بووە لە شارى سەردەشت لە خۆرهەڵاتی کوردستان و دواتر بوە بە نوێنەرى یەکێتى لە تاران.

لە ساڵى 1985 کراوەتە لیپرسراوى رێکخراوى چوارى سلێمانى کۆمەڵە، لە ساڵى 1986 کراوەتە ئەندامى دەزگاى ناوەندى رێکخستنى کۆمەڵە، ساڵى دواتر وەکو ئەندامى مەکتەبى راگەیاندن کراوەتە لیپرسراوى بەشى چاپخانە و تاکو 1990 لە پۆستەکەى بەردەوام بووە.

مامۆستا موحسین دواى راپەرین بووە بەکارگێڕى مەڵبەندى سلێمانى، ساڵى 1996 بۆ 1998 لێپرسراوى مەڵبەندى گەرمیان بووە، ساڵى 1999 بوە بە لێپرسراوى مەڵبەندى شارەزور، هەر ئەو ساڵە پۆستى وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى وەرگرتوە لە حکومەتى هەرێم ئیدارەى سلێمانی.

 لە دواى روخانى رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 تاوەکو 2006 بۆتە لێپرسراوى مەڵبەندى خانەقین، لە ساڵى 2005 بە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان هەڵبژێردراوە، لە ساڵى 2010 بۆتە ئەندامى لیژنەى باڵاى مەکتەبى رێکخستن، دواتریش لێپرسراوى مەڵبەندى رێکخستنى خانەقین بووە.

راستە مامۆستا موحسین سیاسی بوو  و وەزیر و چەندین پۆستى تری هەبووە، بەڵام لە پاڵ سیاسەتەکەیدا هونەرمەندێکى دەستڕەنگین و رۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب بوو.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket