riklam

سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی حكومه‌تی عیراق راده‌گرێت

عیراق 10:57 AM - 2022-11-29
 سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی حكومه‌تی عیراق راده‌گرێت

سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی حكومه‌تی عیراق راده‌گرێت

حكومه‌تی نوێی عیراق له‌سه‌ر رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان پێكهێنراوه‌و لایه‌نه‌كان گه‌شبینن به‌ هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكهێنراوه‌.

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا به‌رده‌وام جه‌خت له‌گرنگی جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌پرسه‌ نیشتمانییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ناو به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تی نوێی عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌پێویستی پشتبه‌ستن به‌ده‌ستوور بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

ده‌ستوور بكرێته‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

 

زوهره‌ به‌جاری ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی وڵاتم نیشتمانمه‌ به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و رێزگرتن له‌ده‌ستوور هه‌نگاوی گرنگن، بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی سه‌قامگیری سیاسی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارو كاری هاوبه‌ش له‌سایه‌ی یاسادا پێویستمان به‌جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و ته‌وافوقی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌".

"حكومه‌تی نوێی عیراق پێویستی به‌پشتیوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودی حكومه‌ته‌كه‌ له‌ئه‌نجامی رێككه‌وتنی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بۆ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی وڵات پێكهاتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ رێز له‌رێكه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت بگیرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا هاتووه‌ جێبه‌جێ بكرێت" زوهره‌ به‌جاری وایوت.

 

حكومه‌تێكی جیاواز 

 

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حكومه‌تی نوێی عیراق جیاواز بێت له‌حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی و هه‌نگاوی كرداری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بنێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عیراق ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌وافوقییه‌ و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌مووانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ جیاواز ده‌بێت له‌وانه‌ی پێش خۆی، هه‌روه‌ها پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه‌ بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین حكومه‌تێكی به‌هێزبێت و هیچ پاساوێك بۆ به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی نییه‌".

ده‌ستوور گره‌نتی مافی هه‌موانه‌ 

 

چاره‌سه‌ری بنه‌ڕ‌ه‌تی كێشه‌كان و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵاتدا فاكته‌ری ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منین.

كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "جه‌ختكرنه‌وه‌ی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستوور بكرێته‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ده‌ستوور گره‌نتی مافی هه‌موانی كردووه‌و زۆرینه‌ی گه‌لانی عیراقیش په‌سه‌ندیان كردووه‌، پێمانوایه‌ ده‌بێت كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌رێم و به‌غداش هه‌ر له‌رێی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن". 

"ئێمه‌ به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ حكومه‌تمان پێكهێناوه‌ كه‌ حكومه‌تێكی ته‌وافوقی نیشتمانییه‌و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی به‌ڕ‌ێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێكهاتووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی حكومه‌تی له‌سه‌ر پێكهاتووه‌ جێبه‌جێبكرێن به‌تایبه‌ت ئه‌و خاڵانه‌ی داواكاری كوردو ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانن"، كاروان یاروه‌یس وا ده‌ڵێت.

رێككه‌وتنه‌كان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو جێبه‌جێ ده‌كرێن

 

لێتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه‌كان و حكومه‌ت دۆخی عیراق به‌ره‌و سه‌قامگیری زیاترو خزمه‌تی زیاتر ده‌بات.

حوسێن مه‌ردان په‌رله‌مانتار له‌پێكهاته‌ی فه‌یلی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "رێكه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان دایانڕ‌شتووه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و ئه‌رێنی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش بارودۆخی عیراق به‌ره‌و ئارمی و خزمه‌تی زیاتر ده‌بات".

حوسین مه‌ردان ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر ده‌ستوورمان كرده‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، بێگومان كۆتایی به‌ ناكۆكییه‌كان دێت".

لایه‌نه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت ئامانجیان پاراستنی هاوسه‌نگی و به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی عیراقه‌و ده‌یانه‌وێت ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان بكرێته‌ بنه‌مای كاركردنی حكومه‌تی نوێی عیراق و هه‌موومان له‌پێناو سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیان هه‌وڵبده‌ن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket