چین بۆ رێزلێنان لە سەرۆك مام جەلال دەست لە 7 ملیار دۆلار هەڵدەگرێت
کوردستان 10:05 AM - 2022-10-31باڵیۆز د.محەمەد سابیر دیپلۆماتكار و سیاسەتمەداری كورد
باڵیۆز د.محەمەد سابیر دیپلۆماتكار و سیاسەتمەداری كورد دەڵێت:" كۆماری گەلی چین لەبەر خاتری مام جەلال دەستی لە 7 ملیار دۆلار هەڵگرت" و " یەكێتی رۆڵی هەبوو لە كردنەوەی كونسوڵخانەی چین لە هەولێر" دەشڵێت:" گرنگە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی چین و یەكێتی سەردانی ئەو وڵاتە بكات".
باڵیۆز د.محەمەد سابیر دیپلۆماتكاری كورد كە 6 ساڵ باڵیۆزی عیراق بووە لە چین، لە دیدارێكی سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت:" شی جیپینگ سكرتێری حزبی كۆمۆنیست و سەرۆك كۆماری چین، دژایەتی گەندەڵی لەوڵاتەكەی كردووە و 2 ملیۆن بەرپرسی گەندەڵی حزبەكەی خستەزیندانەوە و سەدان ملیار دۆلاری گەڕاندەوە" بۆیە سەرۆكی چین لەلای چینییەكان خۆشەویستە و شین بەروە ئامانجی گەورە ئاڕاستە دەكات.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر كەسایەتییەكی سیاسی و روناكبیر و قاڵ و بە ئەزموونە، تێكۆشەرێكی دانەبڕاوە و لە كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە لە شۆرشی نوێوە خەبات دێژەپێدەدات و خۆی وتەنی " هەڵگری ئایدۆلۆژیای ماركسی – لینینی بوو".
د.محەمەد سابیر لە بزووتنەوەی رزگاریخوازدا تێكەڵ بەكاری سیاسیی بووە و لە جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی ساسیی لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964 ئەویش، لەگەڵ هەڤاڵەكانی روو لە باڵی مەكتەبی ساسیی دەكات.
ئەم كاراكتەرە سیاسییە، زۆرترین تەمەنی لە خەباتی دیپلۆماسییدا بووە و هەر بەتایبەت لە قۆناغی دوای راپەرینەوە لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كردووە لە ژمارەیەك وڵاتانی ئەوروپا و دواتریش ئەمریكا، بەڵام ئەم دیپلۆماتكار و سیاسییە چەپە، دەبێتە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە وڵاتێكی سەرمایەداری وەك ئەمریكا.
باڵیۆز د.محەمەد، لە ساڵی 2006-2007 جارێكی دیكە، دەچێتەوە ژینگەی سۆسیالیستی لە عیراقی دوای دیكتاتۆری، ئەم دیپلۆماتكارە كوردە دەبێتە باڵیۆزی عیراق لە كۆماری گەلی چین و شەش ساڵ دەمێنێتەوە و هێشتا بەوردی و لە نزیكەوە بە ئاگایە لە گۆڕانكاریی و پێشكەوتنەكانی كۆماری گەلی چین و كۆنگرەی بیستەمی حزبی كۆمۆنیستی چین و بەراشكاوی دەڵێت:" ئەو شەش ساڵەی لە چین بووم، قۆناغی زێرینی تەمەنمە".
قەڵاچوالان ئاراستەی دیپلۆماسی بەرەو چین دەگۆڕێت
باڵیۆزە كوردەكە، لە نێو هەشت باڵیۆزی دیكەی كورد دا لە پشكی كورد لە سلكی دیپلۆماسی دادەنرێت و سەرەتا د.محەمەد وەك باڵیۆزی عیراق لە ئیسپانیا دیاریی دەكرێت و لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە واشنتۆنەوە خۆی ئامادە دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام قەڵاچوالان ئاڕاستە و چارەنووسەكەی دەگۆڕێت بەرەو چین.
باڵیۆز د.محەمەد باسی ئەوە دەكات، كە هاتبوومەوە بۆ سلێمانی و ئێوارە سەردانی سەرۆك مام جەلالم كرد لە قەڵاچوالان لەدوای پڕۆسەی ئازادی من نوێنەری یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بووم لە واشنتۆن لە ساڵی 2001 تا 2004، عیراق ویستیان كۆمەڵێك سەفیری تازە دابمەزرێنن، كە پێشتر موخابەرات زاڵ بووە بەسەر دیبلۆماسییەتدا، كەئەو كەسەی نوێنەری موخابەرات بوو هەرچی بوتایە جێبەجێ دەكرا، بۆیە لە پڕۆسەی ئازادی حكومەتی تازە كۆمەڵێك سەفیری تازەی دانا كەبەرۆحی عیراقێكی تازەی دیموكراسی فرە حزبی فیدراڵی كاربكەن و كوردیش 9 سەفیری بۆ دانرا، منیش یەكێك بووم لە ناوەكان وەك سەفیری عیراق بۆ وڵاتی ئیسپانیا، كەسەفیری ئیسپانیا زۆر خۆشحاڵبوو بەدانانام لەو پۆستە و وتیان هەموو شتێكیك بۆ جێبەجێ دەكەین و وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاش ئاگادار دەكەین كە دۆستێكی خۆمان دەنێرینە لایان، منیش بەمەبەستی ئامادەكاری هاتمەوە سلێمانی و چومە قەڵاچوالان ئێوارە لەسەر خوان مام جەلال وتی: "حەمە بۆ كوێ دانراوی"؟
وتم: "بۆ ئیسپانیا"
مام وتی: "نابێ بچیت بۆ ئیسپانیا دەبێت بچی بۆ چین یان روسیا".
وتم: "بۆ"؟
مام وتی: "رۆڵە یەكەم چین ئەندامی هەمیشەییە لە ئاسایش، دووەم چین وڵاتێكی گەورەیە و داهاتوویەكی رونی هەیە و ئەستێرەی ئەو وڵاتە بەرە و هەڵكشان دەچێت".
منیش وتم: "بەسەرچاو تۆ چیت بوێت من ئەوە دەكەم، دواتر خۆی نووسراوی كرد بۆ وەزیری دەرەوەی عیراق و ئیسپانیایان گۆڕی بۆ چین.
"شەش ساڵ وەك سەردەمی زێڕینی ژیان"
ئەم دیدار و ئێوارە خوانەی سەرۆك مام جەلال ئاڕاستەی دیپلۆماسی، د.محەمەد سابیری لە ئیسپانیاوە گۆڕی بۆ چین و خۆی دەڵێت:" ئەو شەش ساڵەی لەچین بووم، سەردانی هەموو شوێنێكی ئەو وڵاتەم كردووە، كە سەرنجی زۆر راكێشام و لەهەموو ئەو وڵاتانەی تر كە زیاتر لە 65 وڵاتم دیوە، ئەو شەش ساڵەی تەمەنم لە چین بە سەردەمی زێڕینی ژیانم هەژمار دەكەم".
مام جەلال ساڵی 1955 چووەتە چین و ماوەی شەش مانگ لەوێ ماوەتەوە، هەموو شوێنێك و هەموو سەركردەكانی چینی بینیووە، پەیوەندییەكی باشی لەوێ هەبووە " ئەم بنەمایەی مام جەلال داینابوو، كارئاسانی بوو بۆ من".
كۆماری گەلی چین لەبەر خاتری مام جەلال دەستی لە 7ملیار دۆلار هەڵگرت
سەرۆك مام جەلال زۆر سەرسام بوو، بە كۆماری گەلی چین و چەند جارێك سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە، سەردانی یەكەمی وەك سیاسەتمەدارێكی ئۆپۆزسیۆن بووە لە ساڵی 1955، بەڵام دوای ئەوە وەك سەرۆك كۆماری عیراق لەو وڵاتە لە ئاستی باڵادا پێشوازیی دەكرێت.
پاش نزیكەی 50 ساڵ مام جەلال یەكەم سەرۆكی عیراق بوو بەڕەسمی بانگهێشتی چین بكرێت
د.محەمەد سابیر دەڵێت:" ساڵی 2007 مام جەلال سەرۆككۆماری عیراق بە بانگهێشتی رەسمی هاتە چین، هیچ سەرۆكێكی عیراق لە دوای ساڵی 1958ەوە بەسەردانی رەسمی نەچووەتە چین، كە مام جەلال بووە سەرۆك كۆمار من لەچین بووم و بەڕەسمی بانگهێشتی مام جەلالیان كرد".
"لەو سەردانەدا بەرپرسانی باڵای چین ویستیان شتێك وەك بەخێرهاتن و رێزلێنان پێشكەشی مام جەلال بكەن و ئەویش ئەوەبوو لەبەرخاتری ئەو لە 80% قەرزەكانیان بۆ سەر عیراق خۆشبوون، كە بەنزیكەی 7 ملیار دۆلار بوو، هاوكات پێنج رێككەوتنیان ئیمزا كرد، كەئەمەش سەردانێكی مێژووی بوو لای چینییەكان و رۆڵی مام جەلالی نیشاندەدا لە دروستكردن و توندكردنەوەی پەیوەندی" باڵیۆز محەمەد سابیر وایوت.
پێشتر چین چەكی زۆری بە رژێمی سەدام فرۆشتبوو، بەو هۆیەوە عیراق زۆر قەرزاری چین بووە كە نزیكەی 10 ملیار دۆلار بوو، پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان چین و عیراق لەساڵی 1958، بەڵام چین لەبەر خاتری سەرۆك مام جەلال و وەك رێزلێنانێك ئەو قەرزانەیان سڕییەوە.
"پەرەپێدان و پەیوەندییەكانی یەكێتی و چین پێویستە"
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی كۆمۆنیستی چین، پەیوەندییەكی باش و پتەویان هەبووە و هەیە، ساڵانە دوو وەفدی یەكێتی بانگهێشتی رەسمی دەكرێن.
"ساڵانە دوو وەفدی سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشت دەكرێن و لەلایەن چینەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوە، یەكەمیان لەئاستێكی باڵای مەكتەبی سیاسیدا، بۆ پەیوەندی و ئاشنابوون لەگەڵ سەركردە چینییەكان و باسكردن لە دۆخی ئابوری و رۆشنبیری و پەیوەندییەكان، دووەمیش وەفدێكی تری كادیران بۆ كردنەوەی خولی پێگەیاندن" باڵیۆز محەمەد سابیر وایوت.
"لەبەر یەكێتی چین كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەرێم كردەوە"
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكەمین حزبە لەسەر ئاستی عیراق و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ كۆماری گەلی چین دا هەیە، ئەو پەیوەندییەش وایكرد كە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بكرێتەوە.
باڵیوز د. محەمەد سابیر دەڵێت:" رۆڵم هەبووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی نێوان چین و حزبە سیاسییەكانی تری عیراق و بانگهێشتی چین كراون، لە كردنەوەی كونسوڵخانەی چین لە هەولێر رۆڵمان هەبووە".
"ساڵی 2011 وەفدێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بانگهێشتی چین كرا، بەندەشی تێدابوو، كە گرنگییەكی زۆر باڵایان بەو وەفدە یاو زۆرینەی بەرپرسانی حزی ئەو وڵاتە وەفدەكەیان بینی، كەبە گەشتێكی زۆر سەركەوتووی وەفدی یەكێتی بۆ وڵاتانی جیهان هەژمار دەكرا".
"لەو سەردانەدا باس لە كردنەوەی بیرۆی یەكێتی كرا و رەزامەندییان دەربڕی كە نوێنەرایەتی یەكیتی لە پەكین بكرێتەوە، بەڵام كە نووسینگەیەكی بازرگانی بێـت و ئەوكەسەی دادەنرێت نوێنەرایەتی حزبی یەكێتیی دەكات". ئەو دیپلۆماتكارەی یەكێتیی وایوت.
سەرۆك مام جەلال هەمیشە دەیوت:" لە گرنگی چین تێبگەن، چین ئەستێرەیەكی هەڵكشاوی درەوشاوەیە، پێویستمان پێیان دەبێت، چونكە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ چین، ئەوان گەلێكی گەورەن، كەدەبێت گرنگییان پێبدرێت".
"گرنگە سەرۆكی یەكێتیی سەردانی چین بكات"
د.محەمەد سابیر دەڵێت:" پێویستە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتی ئێستای یەكێتی ئەو پرۆژەیە نوێ بكەنەوە و زیاتر گرنگی پێبدەن و نوێنەرایەتی یەكێتی لە چین بكرێتەوە، كەمن وەك خۆم هەموو كات ئامادەم بۆ دروستكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بچمەوە چین بەو مەرجەی سەرۆكایەتی یەكێتی لەگەڵم بن".
" لە ئێستادا كە دووبارە پۆستی سەرۆككۆمار عیراق لای یەكێتییە، بەتایبەتریش كاك بافڵ دەتوانێت وەك سەرۆكی یەكێتی بچێت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ببینێت و پەیوەندییەكان توندوتۆڵتر بكرێنەوە" باڵیوز محەمەد سابیر وایوت.
كۆنگرەی بیستەمی حزبی كۆمۆنیستی چین بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و جارێكی دیكە( شی جیپینگ) بۆ خولی سێهەم بە سەرۆك هەڵبژێردرایەوە و هەر 5 ساڵ جارێك ئەو حزبە كۆنگرە دەكات، چینییەكان "شی جیپینك بە ماوتسی تۆنگی سەدەی نوێ ناودەبەن".
" 128ملیار دۆلار بۆ رێگای ئاوریشمی"
لەبارەی گرنگی و رۆڵی حزبی كۆمۆنیستی چین و سەرۆك جی شیپینگ، باڵیۆز د.محەمەد سابیر دەڵێت:" سەرۆك جی شیپینگ كاری گرنگی بۆ چین كردووە و یەكێك لە كارانە ئەوەیە رێگای ئاوریشمی تازەی بنیاتناوە كە لەساڵی 2013 بڕیاری كردنەوەی داوە و یەك پشتێن و یەك رێگای داناوە، یەك پشتێنەكە دەلالەتە لە رێگای ئاوریشمی كۆن، یەك رێگاكەش یەكێكە لە ئەدمیڕاڵەكانی ئەوان لە سەدەی پانزەهەما بە رێگای ئاوییدا گەیشتووەتەوە ئەفریقا، هەم بۆ ئەوەی بگاتە ئەفەریقا و ئاسیا و ئەوروپا ئەم رێگا ئاوریشمییە تازەیەی داهێناوە، كە بڕی 126 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكردووە".
تا ئێستا 68 وڵات پێشنیاریان كردووە لەو رێگایەدا بەشداربن كە چین ئەبەستێتەوە بەهەموو كیشوەرەكانی جیهانەوە، هەروەها چین دوو بانكی بزنسی كردووەتەوە و دەیەوێت یوان كە دراوی وڵاتەكەیەتی بگاتە ئاستی دۆلار لە بەكارهێنان و مامەڵە، ئەمانە لە كارە هەرە گرنگەكانی سەرۆك شی جینپینگ.
" دوو ملیۆن بەرپرس و گەندەڵكاری حزبی كۆمۆنیست خرانە زیندانەوە"
چینییەكان سەرۆكی وڵاتەكەیان خۆش دەوێت و پشتیوانی دەكەن لە پرۆژە و ستراتیژەكانیان بۆ گەشەپێدانی وڵاتەكەیان، هۆكاری سەرەكی پشتیوانییەكەشیان ئەوەیە كە "دژایەتی گەندەڵی كردووە".
باڵیۆز محەمەد سابیر ئاشكرایدەكات كە هەزارەها ملیاردێر لە چین هەن و هاوكاتیش گەندەڵی هەیە، بەڵام "شی جینپیگ ئازایانە رووبەرووی گەندەڵكاران بووەوە و زیاتر لە 2 ملیۆن گەندەڵكاری لە حزبی كۆمۆنیست دەستگیر كرد و سزای یاسایی دان".
ژمارەی دانیشتوانی كۆماری گەلی چین 1 ملیار و 350 ملیۆن كەسە بەگوێرەی ئاماری رەسمی وڵاتەكە و ژمارەی ئەندامانی حزبی كۆمۆنیستی چین 90 ملیۆن ئەندامە.
"بەسەدان ملیار دۆلار لە دژایەتی گەندەڵیدا گێڕدرایەوە بۆ حكومەت و كەرتی گشتی و بەگوێرەی گەندەڵییەكانیش بەرپرسانی حزبەكەی سزا دا كە 2 ملیۆن بەرپرس و گەندەڵكاری حزب بوون و ئەوەش چینییەكانی خۆشحاڵ كرد و سەرۆكیشی خۆشەویست كرد" د.محەمەد سابیر وایوت.
"داهاتی تاك لە 50 دۆلارەوە بۆ 9000 دۆلار"
بەگوێرەی ستراتیژی ئابووری چین كە زۆربەی سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدارن، بۆیە گەشە و پێشكەوتنی چین بە قۆناغ بووە و كە ئامانجی سەرەكی خۆشگوزەرانییەو داهاتی تاكی ساڵانە لە 50 دۆلارەوە گەیشتووەتە 9 هەزار دۆلار.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر دەڵێت:"لە سەردەمی جی شیپینگ دا چاكسازی زۆر باش كراوە و چینی مامناوەند 700 ملیۆنە لە كۆی 1ملیار و 350 ملیۆن كەس و هەروەها رێژەی هەژاری زۆر دابەزیوە و گەورەترین بیمەی كۆمەڵایەتی هەیە، زۆری تریش كە سەركەوتنی گەورەن" هەروەها" لە كۆنگرەی 19ی حزبی كۆمۆنیستەوە، حزب بەرپرسە لە هەموو شتێك و گەشەو پێشكەوتنەكانیش خاوەنداری دەكات".
"سەرۆك مام جەلال زۆر لە مێژبوو لە بایەخ و گرنگی ئەو وڵاتە تێگەیشتبوو، ئامۆژگاری دەكردین كە بایەخ بە پیوەندییەكانمان بدەین لەگەڵ چین".
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
پەیامەكان بۆ ساڵیادی شكۆی نەتەوەو نیشتمان
11:21 AM - 2024-10-03 -
ژمارهو ناوی كاندیدانی یهكێتی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان
12:50 PM - 2024-09-25 -
ئەدهەم بارزانی: کەلێنی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بڕنەبۆتەوە
11:07 PM - 2024-10-03 -
سەرۆک بافڵ: کاردەکەین لەسەر دیدگای سەرۆک مام جەلال بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو ئاوەدان
09:10 PM - 2024-10-03
ئەمانەش ببینە
کوردستان 04:58 PM - 2024-10-03 رێوڕەسمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لەکەرکوک دەستیپێکرد
سەركردە عیراقییەكان: مام جەلال هێزی دیالۆگ و چارەسەر بوو
01:39 PM - 2024-10-03
كۆمسیۆن: رێژەی ساختەكاری لەهەڵبژاردندا سفر دەبێت
12:15 PM - 2024-10-03
سودانی: خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەدژی ستەم و دیكتاتۆرییەت بوو
10:24 AM - 2024-10-03
ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال لە بەسرەو كەركوك دەكرێتەوە
09:07 AM - 2024-10-03
زۆرترین خوێنراو
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بۆ وەرزشوانان:یەکێتیی پلانی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی وەرزشی هەیە
ی ن ک 01:47 PM - 2024-10-03 -
سەركردە عیراقییەكان: مام جەلال هێزی دیالۆگ و چارەسەر بوو
کوردستان 01:39 PM - 2024-10-03 -
كۆمسیۆن: رێژەی ساختەكاری لەهەڵبژاردندا سفر دەبێت
کوردستان 12:15 PM - 2024-10-03 -
پەیامەكان بۆ ساڵیادی شكۆی نەتەوەو نیشتمان
کوردستان 11:21 AM - 2024-10-03 -
حەوت ساڵ بەبێ شكۆی نەتەوەو نیشتمان
کوردستان 10:44 AM - 2024-10-03 -
سودانی: خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەدژی ستەم و دیكتاتۆرییەت بوو
عیراق 10:24 AM - 2024-10-03 -
وتارەكەی بافڵ تاڵەبانی و ئاسۆ نوێیەكان
بیروڕا 09:35 AM - 2024-10-03 -
وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند
کوردستان 09:30 AM - 2024-10-03