riklam

ژیان لە ئەشكەوتدا

هەمەڕەنگ 08:47 PM - 2022-07-26

نزیكەی سەد ساڵێك لەمەوبەر چەن خێزانێكی چینی بۆ خۆ رزگاركردن لە مەترسییەكانی جەنگ و دروست كردنی پەنایەكی ئارام، روویان لە ئەشكەوتی (ژۆنگدۆنگ میاو) كرد، ئێستاش نەوەكانی ئەو چەند خێزانە چینییە ژمارەیان 98 كەسە و لە چوارچێوەی 22 خێزاندا لە هەمان ئەشكەوتدا دەژین.

ئەو چەند خێزانە دوا هۆزی نیشتەجێی نێو ئەشكەوتن لە وڵاتی چین، ئەم گوندە دوورە دەستە كەهەر ناوی ئەشكەوتەكەشی هەڵگرتوە ناوی گوندی ژۆنگدۆنگ میاوە و دەكەوێتە نزیك گوندی گێجینگ-ی سەر بە شارۆچكەی گێتوهێ لە پارێزگای زییون.

گوندی ژۆنگدۆنگ میاو نزیكەی 1000 مەتر لە زەوییەوە دوورە، ئەشكەوتەكە نزیكەی 100 مەتر پانی و 200 مەتر قووڵ و 50 مەتر بەرزە، لە ناو ئەشكەوتەكەدا چەندین خانوو هەن، كە خێزانەكانی تێدا دەژین، چەن جارێك حكومەتی خۆجێی هەوڵی داوە دانیشتووانی ئەشكەوتەكە رازی بكات  كە بچنە دەرەوە و لە شوێنێكی تر بژین، بەڵام ئەمان هەستیان دەكرد كە ئەشكەوتەكە باشە، لە زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنكە و ئامادە نین بچنە دەرەوە.

  گەشتیارێك دەڵێت: كاتێك بۆ یەكەمجار چووینە ناو ئەشكەوتەكە، بەڕێكەوت ژنێكی تەمەن 20 ساڵم بینی كە لە دەرەوەی ماڵەكەی جلەكانی وشك دەكردەوە، دواندم و پێكەوە چەن قسەیەكمان كرد، ئەو ووتی: هاوسەرەكەم بە درێژایی ساڵ لە دەرەوە كاردەكات و ساڵانە تەنها جارێك یان دوو جار دەتوانێت بگەڕێتەوە، لەگەڵ دوو منداڵەكەم لە ماڵەوەم و كەس نییە یارمەتیمان بدات، من ناچارم بە درێژایی ساڵ لە چیاكەدا بمێنمەوە، چونكە من ناچارم ئاگاداری منداڵەكان بم، لە كاتی كاركردن لە دەرەوە مێردەكەم ناسی كە خۆم لە گوندی گوانگیش نیشتەجێ بووم، پاشان لێرە هاوسەرگیریم كرد و ئێستا ژیانمان خراپ نییە.

دانیشتووانی ئەم گوندە هەفتەی جارێك دەچنە بازاڕ كە 15 كیلۆمەتر دوورە بۆ كڕینی هەندێك پێداویستی رۆژانەی وەك برنج و ئارد و دانەوێڵە و رۆن، لە وەرزی سەرمادا پیاوەكان لە دەوری ئاگر كۆدەبنەوە و شەرابی دروستكراوی ماڵەوەیان دەخۆنەوە، لە كاتێكدا ژنەكان بۆ چێشت لێنان لە ماڵەوە كۆدەبنەوە ژیانی ناو ئەشكەوتەكە زۆر سادەیە و دوو كێشەی سەرەكی هەیە: یەكێكیان ئەوەیە كە ئاو هێنان زەحمەتە، ئەوی دیكەیان ئەوەیە كە هاوردەكردن و هەناردەكردنی كەلوپەل گرانە.

لە ئەركە گرانەكانی خەڵكی ئەم گوندە، گواستنەوەی شت و مەك و كەل و پەلە بۆ گوندەكەیان، كە دەبێت نزیكەی دوو كیلۆمەتر بە رێگەیەكی شاخاوی و سەختدا بارەكانیان بە شان بگوازنەوە بۆ ماڵەكانیان،  لە رابردوودا ئاوی بارانیان  دەخواردەوە، دواتر حكومەت هاوكاری كردن لە دروستكردنی سەرچاوەیەكی ئاو لە بناری شاخەكەوە و سەرخستنی بە ترومپا، بۆ لوتكەی شاخەكە.

بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا دەوڵەت كارەبای بۆ راكێشاون و سیگناڵی مۆبایل و تەلەفزیۆنیان هەیە و ئێستا ئاگاداری جیهانی دەرەوەن.

PUKmedia ئامادەكردنی.. عەبدوڵڵا كۆمەڵە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket