riklam

بەشداربوانی لوتكەی جدە پشتیوانی خۆیان بۆ سەقامگیری عیراق راگەیاند

عیراق 08:40 PM - 2022-07-16

سەركردەكانی بەشداربوو لەلوتكەی جدە لەوڵاتی سعودیە ئەمڕۆ شەممە راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێیدا جەختیانكردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی و راوێژ لەنێوان وڵاتەكانیان لەسەرجەم سێكتەرەكانداو پێشوازیش لەرۆڵی ئەرێنی عیراق دەكەن لەناوچەكەدا.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوی كۆتایی لوتكەی ئاسایش و گەشەپێدانی جدەیە كە 22 خاڵ لەخۆ دەگرێت كە بریتین لە:
* لەسەر بانگهێشتی شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای سعودیە، سەركردەكانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و شانشینی ئۆردنی هاشمی و كۆماری عەرەبی میسرو كۆماری عیراق و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە 16ی تەموزی 2022 دا لوتكەی هاوبەشیان لەشاری جەدە لەوڵاتی سعودیە ئەنجامدا بەئامانجی جەختكردنەوە لەسەر هاوبەشی مێژوویی خۆیان و قووڵكردنەوەی هاوكارییە هاوبەشییەكانیان لەسەرجەم سێكتەرەكان.
* سەركردەی وڵاتانی بەشدار بوو پێشوازییان لەجەختكردنەوەی سەرۆك بایدن كرد لەبارەی  ئەو گرنگییەی كە ئەمریكا دەیدات بە شەراكەتی ستراتیژی دەیان ساڵەی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پابەندبوونی بەردەوامی ئەمریكا بەئاسایشی هاوبەشەكانی خۆی و بەرگریكردن لەخاكیان و هەروەها هۆشیارییان لەبارەی رۆڵی ناوەندییان لەناوچەكە لەبەستنەوەی هەردوو زەریای هیندی و ئەتڵەسی بە ئەوروپاو ئەفریقیاو ئەوروپاوە.
 * سەركردەكانی بەشداربووی كۆنگرە دیدی هاوبەشیان بۆ ناوچەیەكی ئارام و خۆشگوزەران دووپاتكردەوە.
* سەرۆك بایدن جارێكی تر جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەكاركردن لەپێناوی ئاشتییەكی دادپەروەرو هەمەلایەنە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها سەركردەكانیش جەختیانكردەوە لەسەر پێویستی گەیشتن بەچارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی.
* سەركردەكان خواستی خۆیان نوێكردەوە لەسەر پەرەدان بەهاوكاری و تەواوكاری ناوچەیی و پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان وڵاتەكانیان بەشێوەیەك كە بەشدار بێت لەهێنانەدی گەشەپێدانی بەردەوام.
* سەركردەكان ستایشی دەستپێشخەرییەكانی سعودیەی سەوزو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەوزیان كرد كە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعودیەوە راگەیەنرا.
* سەركردەكان جەختیانكردەوە لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی ئاسایشی وزەو سەقامگیری بازاڕی وزە.
* سەركردەكان سەركۆنەی توندی خۆیان بۆ  تیرۆر بەهەموو شێوەو دەركەوتەكانییەوە دووپاتكردەوە.
* سەركردەكان سەركۆنەی توندی خۆیان لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەكان دووپاتكردەوە كەدەكرێنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و كەلوپەلی مەدەنی و دامەزراوەكانی وزە لەشانشینی سعودیەو  ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو.
* سەركردەكان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی عیراق و هەموو هەوڵەكانی لەبەگژداچوونەوەی تیرۆر نوێكردەوە.
* هەروەها سەركردەكان پێشوازییان لەئاگربەست لەیەمەن و پێكهێنانی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرۆك كۆمار كردو هیوای خۆیان دەربڕی بۆ چارەسەری سیاسی.
* سەركردەكان جەختیانكردەوە لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بەچارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا.
* سەركردەكان پشتیوانی خۆیان بۆ سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و هەموو ئەو چاكسازییانەی كە پێویستن بۆ هێنانەدی بووژانەی لوبنان دەربڕی.
* سەركردەكانی پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا بەپێی ئەو بڕیارانەی پەیوەندیدارن بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
* سەركردەكانی بەشدار لەلوتكەی جدە جەختیانكردەوە لەسەر پشتیوانیكردن لەهەوڵەكان بۆ هێنانەدی سەقامگیری لەسودان و تەواوكردن و سەرخستنی قۆناغی راگوزەرو هاندانی لایەنەكانی سودان بۆ گەیشتن بەسازان.
* سەبارەت بە بەنداوی نەهزە لەئەسیوپیا، سەركردەكان پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایشی ئاوی میسر دەربڕی، هەروەها بۆ چارەسەرێكی دیپلۆماسی كەبەرژەوەندی هەموو لایەنەكان بەدیبهێنێت و بەشداربێت لەئاسایش و بووژاندنەوەی ناوچەكەدا.
* سەبارەت بە جەنگ لەئۆكرانیا، سەركردەكان دووپاتیانكردەوە كە پێویستە رێز لەپرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت لەنێویشیاندا پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی وڵاتان و پابەندبوون بە بەكارنەهێنانی هێزو هەڕەشەكردن، سەركردەكانی بەشداربووی لوتكە داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم وڵاتان دەكەن هەوڵەكانیان زیاتر بكەن بۆ گەیشتن بەچارەسەری سیاسی و كۆتایهێنان بەئێشوئازارە مرۆییەكان و پاڵپشتیكردن لەپەنابەرو ئاوارەكان و هەموو ئەوانەی بەهۆی شەڕەكەوە زیانیان پێگەیشتووەو ئاسانكاری بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵە و مادە خۆراكییەكان و پشیتوانیكردن لەئاسایشی خۆراك بۆ وڵاتانی زیانلێكەوتووان بكەن.
* سەبارەت بە پرسی ئەفغانستانیش، سەركردەكان جەختیانكردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناوی پشتیوانیكردن لەگەیشتن بەهاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئەفغانستان و هەستكردن بەمەترسی تیرۆرستان لەو وڵاتەو هەوڵەكان بۆئەوەی گەلی ئەفغانستان بەسەرجەم رەوتەكانییەوە بەماف و ئازادییە بنچینەییەكانیان بگەن بەتایبەتیش لەبوارەكانی خوێندن و تەندروستیدا.
* سەركردەكان كۆبوەوە لەلوتكەی جدە پێشوازییان لەئامادەكارییەكانی قەتەر كرد بۆ میوانداریكردن لە مۆندیالی جیهانی ساڵی 2022 و هەموو پشتیوانییەكیان بۆ سەرخستنی نوێكردەوە.
* سەركردەكان پابەندی خۆیان دووپاتكردەوە لەسەر بەستنی كۆبوونەوەكەیان لەداهاتوودا.
PUKmedia تایبەت
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket