riklam

هەولێر.. ئەستەمە كۆمەڵگایەك بۆ هەموو پزیشكان دروست بكرێت

کوردستان 03:37 PM - 2022-06-30

شەقامی پزیشكانی شاری هەولێر یەكێكە لەبەناوبانگترین شەقامەكانی شارەكە كە تا چەند ساڵێك لەمەوبەر نۆرینگەی سەرجەم پزیشكەكان لەو شەقامە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی گەورە بوونی شارەكە لەشوێنیتریش نۆرینگەی پزیشكی كراوەتەوە و شەقامی پزیشكی تازە دروستبوون، بەڵام ئەوەی كێشەی بۆ هاووڵاتییە نەخۆشەكانی هەولێر دروستكردووە نەبوونی مەرجی تەندروستی و نەگونجاوی شوێنی شەقامی پزیشكانە هەروەك بێسەروبەری لەهەڵواسینی تابلۆی نۆرینگەی دكتۆرەكانیشە كە هەر نەخۆشێك ڕوو لەو شەقامە و شەقامەكانی تری هاوشێوەی بكات دوای چەندین پرسیارو گەڕان بەدوای ناوەكان، ئینجا ناوی ئەو دكتۆرەی بەنیازە بۆ چارەسەر سەردانی بكات دەدۆزێتەوە یا بینای نۆرینگەكان بچووكن یا لەخانوودان كە ئەمەش زەحمەتی بۆ نەخۆشەكان دروست دەكات.

سوداد عەبدولڕەحمان هاووڵاتیەكی تەمەن 40 ساڵی شاری هەولێرە لەوبارەیەوە دەیوت : هەركاتێك خۆم یا كەسێكی بنەماڵەكەم نەخۆش كەوتووە جگە لەكێشەی نەخۆش كەوتنەكە كێشەی ئەوەشمان هەبووە كە چۆن بتوانین بەشێوەیەكی ئاسایی و خێرا نۆرینگەی ئەو دكتۆرە لەو شەقامە بدۆزینەوە كە بۆ چارەسەری رووی تێدەكەین ، چونكە ناونیشان و تابلۆی دكتۆرەكان زۆر بەشێوەیەكی كۆن و لەشوێنێكی خراپ و تێكەڵ لەناو یەكتری هەڵواسراون.

ئەو هاووڵاتییە دەیوت: ئەگەر یەكێك لەشاری هەولێر نەخۆش بێت ، چۆن دەتوانێت بۆ دۆزینەوەی نۆرینگەی دكتۆرێك چەند كۆڵان و دوكانێك بكات لەكاتێكدا توانای رۆیشتن و قسەكردنی نیە، بۆیە داوا لەشارەوانی هەولێر دەكەم شێوازی نووسین و هەڵواسینی تابلۆی ناوی دكتۆرەكان بۆ شێوازێكی نوێ بگۆڕێت بۆ ئەوەش دەتوانێت سوود لەوڵاتانی پێشكەوتوو ببینن كە چۆن ئەوان چارەسەری ئەو كێشەیان كردووە.

باسی لەوەشكرد شەقامی پزیشكانی شاری هەولێر لەئێستادا كەوتۆتە ناو سەنتەری شار كەواتە شوێ،ێكی زۆر قەرەباڵغە كە ئەمەش وادەكات گەیاندنی نەخۆش بۆ نۆرینگەكان زۆر قورس بێت هەروەك ژمارەیەك لەدوكانی تر لەو شەقامە هەیە كە ئەوانیش ئاڵۆزی زیاترین بۆ نەخۆش و نۆرینگەی پزیشكی دروست دەكەن ، بۆیە داوا لەحكومەت دەكەم شوێنێكی شیاوی گەورە لەدەرەوەش شار لەسەر زەویەكی فراوان وەكو كۆمەڵگایەك بۆ نۆرینگەی پزیشكان دروست بكات. 

محەمەد ئەبوبەكر یاریدەدەرێكی پزیشكی یەكێك لەدەرمانخانەكانی شەقامی پزیشكانی شاری هەولێرە سەبارەت بەو كێشەیە دەڵێت : ئێمەی كارمەندانی دەرمانخانەكانی شەقامی پزیشكانی هەولێر پێمانباشە ئەو تابلۆیانەی ئێستا لاببرێن بەشێوەیەكی باشترو رێكوپێك تر لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە دیزاین بكرێن و هەڵبواسرێن، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە شێوازێكی زۆر كۆنە و كەسانی نەخۆش و كەسوكارەكانیشیان بەشێوەیەكی زەحمەت ئەو ناونیشانانە دەدۆزنەوە.

ئەو یاریدەدەر پزیشكییە باسی لەوەشكرد كە ئەوانیش بەهۆی ناڕێكی ناونیشانی پزیشكەكان تووشی كێشە و بێزاری بوون و دەڵێت: بەهۆی تێكەڵی و خراپی شوێنی تابلۆكان هاووڵاتی نەخۆش ناونیشانەكان نادۆزنەوە ، بۆیە بەناچاری روو لەئێمەی كارمەندو خاوەن دەرمانخانەكان دەكەن بۆ پرسیاركردن لەشوێنی نۆرینگەی دكتۆرەكان كە ئەو كارەش زۆر كاتمان لێدەگرێت و تووشی بێزاریەكی زۆریش بووین بەهۆیەوە بەتایبەتی رۆژ دوای رۆژ ژمارەی دكتۆرەكان زیاتر دەبن و ناونیشانەكانیشیان زیاتر ئاڵۆزترو تێكەڵ بەیەكتر دەبن.

هەر سەبارەت بەو كێشەیە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند: ئێستا دكتۆرەكانی هەولێر بەسەر چەند شوێنێكی شاری هەولێر دابەش بووینە ، بەڵام بەنیازنین لەئێستادا شوێنێكی تایبەتیان بۆ دابین بكەین ، بەڵام ئێمە بەرنامەیەكمان لەبەردەستە بۆ ئەو شوێنانە كە رێكبخرێنەوە كە لەقۆناغی یەكەمدا رێكخستنی تابلۆی دكتۆرەكانە كە بەپێی رێنماییەكان دەبێت كە قەبارەن بچووك و كەم دەكەین ، بەڵام بۆ جێگا خۆیان ئازادن كام جێگاو شوێن هەڵدەبژێرن كە ئێستا لەزۆر شوێنی شاری هەولێر وەكو كۆمەڵگا نۆرینگەیان كردۆتەوە بەتایبەتی ئێستا ژمارەی دكتۆرەكان زۆر زیادبوونە.

لەگەڵ ناڕێكی تابلۆی پزیشكەكان ، ئەو شارە رۆژبەڕۆژ ژمارەی دكتۆرەكانی بەهۆی هاتنی دكتۆرێكی زۆری عەرەب و بیانی و دەرچوونی ژمارەیەكی زۆری خوێندكاری بەشی پزیشكی زانكۆكانی كوردستان زیاد دەكات كە وادەكات جەنجاڵی لەشەقامە پزیشكیەكانی ئەو شارە زۆرتربن ، لەوبارەیەوە د. ئامانج وەفایی وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان ئاشكرای دەكات لەئێستادا زیاتر لە 5 هەزار پزیشك لەشاری هەولێر بوونی هەیە كە لەو ژمارەیە نزیكەی 1100 پزیشك نۆرینگەی تایبەتی خۆیان هەیە جگە لەوەش ئێستا نزیكەی 80 كۆمەڵگای پزیشكی و 80 سەنتەری پزیشكی جۆراوجۆرو نزیكەی 30 نەخۆشخانەی تایبەت هەیە ، وتیشی : چاوەڕێ دەكرێت لەداهاتوودا ئەو ژمارانە زیاتر بن.
د. وەفایی باسی لەوەشكرد ئێستا جگە لەشەقامی پزیشكی كۆن لەبەشێكی شەقامی چل مەتری بۆتە شەقامی پزیشكان كە زۆرترین ژمارەی پزیشكی تێدایە جگە لەوەش لەزۆربەی نەخۆشخانە تایبەتەكان نۆرینگەی پزیشكی تایبەت بەخۆیان هەیە كە هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نۆرینگەی زۆربەی پزیشكەكان لەشەقامی كۆنی پزیشكانی هەولێر نەماون كە لەوانەیە لە 1100 نۆرینگە تەنیا 200 نۆرینگەی لێ مابێت.
سەبارەت بەقەڕەباڵغی و ناڕێكی شوێنی نۆرینگەی پزیشكەكان و گواستنەوەیان و كۆكردنەوەیان ، وتەبێژی سەندیكاكەی هەولێر رایگەیاند : راستە بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و تەسكی شەقامەكانی ناو سەنتەری شار شوێنی نۆرینگەكان كێشەیان هەیە ، بەڵام تاڕادەیەك وایلێهاتووە كە نۆرینگەی پزیشكەكان تەنیا لەیەك شوێن كۆنەبێتەوە ، بەڵام ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگایەكی زۆر فراوان بۆ سەرجەم پزیشكانی شارەكە لەیەك شوێن دروست بكرێت ئەو كارە زۆر ئەستەمە كە بتوانین كۆنتڕۆڵی 1100 نۆرینگەی تایبەت بكەین و ئەوكاتیش جەنجاڵیەكی زۆر لەو شوێنە دروست دەبێت و رێگای چوونە ناوەوەشی ئاسان نابێت ، بۆیە ئێمە پێمانوایە بەپێچەوانەوە دەبێت پزیشكان لەهەموو شوێنی شارەكە نۆرینگەیان هەبێت و گرنگ ئەوەیە پابەندی رێنماییەكان بن.    

لەبارەی كێشەی تابلۆی پزیشكان د. ئامانج وتی : دەستەی باڵای سەندیكای پزیشكان رێنماییەكی دەركردووەو خراوەتە بەرنامەی كار كە لەنزیكترین كات بتوانرێت كاری لەسەر بكرێت كە هەموو تابلۆكانی ئێستا بەتایبەتی ئەوانەی زیادەن رێكدەخرێن كە ئەو كارەش بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی هەولێرو شارەوانی هەولێرو سەندیكای پزیشكان كە هەر پزیشكێك بۆی هەیە تەنیا یەك تابلۆی هەبێت و نابێت لە 90 سانتیمەتر كەمترو 1 مەترو 20 سانتیمەتر زیاتر بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد زۆر قورسە بەگوێرەی پیت و شوێن تابلۆی نۆرینگەی پزیشكان دابنرێت ، بەڵام دەكرێت لەداهاتوو شێوازی رەنگ بەكاربێت بۆ نمونە دەتوانرێت تابلۆی پزیشكی هەناوی رەنگی زەرد بێت یا پزیشكی نەشتەرگەری رەنگەكەی سوور بێت ، بەڵام ئێستا رێگا چارەی باشتر بۆ دۆزینەوەی نۆرینگەكان لەزۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت ئەویش بڵاوكردنەوەی ناونیشانەكانیانە لەسۆشیال میدیاو تەلەفۆن كردن كە ئەمە وادەكات نۆرینگەكان زۆر بەئاسانی ببینرێنەوە هەروەك چەند ئەپڵیكەیشنێك ئێستا دەركەوتووە كۆی ناوی هەموو پزیشكەكان دەچێتە ناو ئەو ئەپڵیكەیشنە هەروەك پزیشكەكانیش چەند جارێك نۆرینگەی خۆیان دەگۆڕن ، بۆیە ئێمە دەتوانین وابكەین كە نەخۆش بەشێوازێكی زۆر ئاسان پزیشكەكان بدۆزینەوە. 

PUKmedia رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket