riklam

سەرۆك بافڵ: پێشوازی لەهەر پلانێك دەكەین بۆ رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بنرێت

کوردستان 03:15 PM - 2022-06-28

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا كۆبووەوە‏.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-6-2022 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ‏فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ‌پێشوازی لە جەنەراڵ جۆن برێنان ‏فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا و وەفدێكی باڵای سەربازیی یاوەری كرد.‏
لەكۆبوونەوەیەكدا وەزیری پێشمەرگەو سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری هەرێم و سوپا سالاری پێشمەرگەو ژمارەیەك لەفەرماندەو پلەدارانی ‏پێشمەرگە ئامادە بوون، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەو دوایین هەنگاوەكانی ‏یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكەو پێشنیارێكی ئەمریكییەكان ‏لەمبارەیەوە‌ تاووتوێ كران.‏
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كە لەجەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش هاوكاری هەرێم بوون و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەبوون لەڕووی مەشق و راهێنان و پڕچەكردن و پێشخستنی توانا سەربازییەكان روونیشیكردەوە پەرۆشیتان بۆ یەكخستنەو چاكسازیكردن لەوەزارەتی پێشمەرگە  مایەی دەستخۆشیەو سوپاسگوزارین و راشیگەیاند: هەر پلانێك بۆ رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بنرێت پێشوازی لێدەكەین، بەڵام پێویستە لەم هەنگاوەدا هەلومەرجی هەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لەبەرچاوبگیرێت و هاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییەو بە بەرنامەی كوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوەو هەرهەنگاوێكیش بنرێت دەبێت لەخزمەتی پاراستنی ئاسایشی هەرێم بێت .
هەر لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانان ‏دووپاتكردەوە بۆ ئەو پشتگیری و هاوكارییەی لە كاتی شەڕی دژی داعشدا و ئێستاش ‏پێشكەش بە پێشمەرگەی دەكەن و جەختی لە پشتگیریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگەو ‏یەكخستنەوەی پێشمەرگە كردەوە.‏
لای خۆیەوە جەنەرال برێنان دووپاتیكردەوە كە ئەمر‌یكا لە پشتگیری و یارمەتیدانی ‏پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە  یەك فەرماندەییدا ‏كۆبكرێتەوە،  هێزێكی نیشتمانیی پیشەگەر كە بە هێزو توانا بێت، بتوانێت ئەركی خۆی ‏جێبەجێ بكات. ‏
دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرو پێویستی هاریكاریی نێوان پێشمەرگەو سوپای ‏عیراق و بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، ‏تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.‏

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket