riklam

هەڵسەنگاندنی كردنەوەی بەشی عەرەبی وێب ساتی گەلاوێژ دەكرێت

هەواڵ 09:43 PM - 2022-06-13

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی كردنەوەی بەشی عەرەبی وێب ساتی galawzh.com  لە ئۆفیسی نوێی خاتوو گەلاوێژ لە هۆڵی خاك مێزگردێكی ئەدەبی و فەرهەنگی و رۆشنبیری، بەهاوكاری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، بەڕێوەچوو.
بەئامادەبوونی باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیرو مامۆستا یوسف زۆزانی و ستافی وێب سایتی galawzh.com و ژمارەیەك ئەكادیمی و ڕۆژنامەنووس، بایەخی كردنەوەی بەشی عەرەبی و گرنگی زمانی عەرەبی بۆ زیاتر نیشاندانی گوتاری كوردی بە وڵاتانی عەرەبی و بەجیهانی بوونی ئەدەبی كوردی لە چوارچێوەی ئەدەبی بەراوردكاری و بەرهەمە ئەدەبیەكانی خاتوو گەلاوێژ بەنمونە، تەوەری سەرەكی ئەو مێزگردە ئەدەبیە بوو.
سەرەتاش دكتۆر ژینۆ عەبدولڵا لە وێب ساتی galawzh.com، ئامانج و مەبەستی ئەم دیدارو مێزگردەی بۆ ئامادەبوان روونكردەوە بەوەی هاوكارمان بن لە دەوڵەمەندكردن و پێشخستنی بەشی عەرەبی وێب سایتی خاتوو گەلاوێژ بەسەرنج و پێشنیازەكانیان و ئەم دیدارە ئەدەبی و فەرهەنگیانەش دەبێتە نەریتێك و مانگانە ئەنجامدەدرێت.
پ.د.زاهیر لەتیف كەریمیش لە وێب سایتی galawzh.com باسی كورتەیەكی لەكارو چالاكی و بەرنامەو پلانی بەشی كوردی و عەرەبی وێب سایتی galawzh.com كردو ئامانجەكان و بایەخی بەشی عەرەبی بۆ رۆشنبیرانی عەرەب  باسكردو هەروەها ئاماژەی  بەبایەخ و گرنگی ئەدەبی بەراوردكاری كرد بۆ بە جیهانی بوونی ئەدەبی كوردی و باسی لەوەش كرد پلانی داهاتوو كردنەوەی بەشی ئینگلیزیە لە وێب سایتی galawzh.com.
هاوكات باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیر وێڕای پیرۆزبایكردن لە خاتوو گەلاوێژ لە كردنەوەی بەشی عەرەبی وێب سایتەكەی، نمونەی سەرۆك مام جەلال-ی باسكرد كە چەند لەبایەخ و گرنگی زمانی عەرەبی تێگەیشتبوو بۆیە بەردەوام هانی ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژەرلانی كوردی دەدا بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و باسی چەندین نمونەی زیندووی كرد كە بەهۆی زمانی عەرەبیەوە دەتوانرێت گوتاری كوردی زیاتر بناسرێت و دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان زیاتر بچێتە پێشەوەو بناسرێت و هیواشی خواست دامەزراوەو ناوەندە ڕۆشنبیری و ئەكادیمیەكان هاوشێوەی گرنگیدان بەزمانی كوردی بایەخی تایبەتی بەزمانی عەرەبی بدرێت.
هەر لەو مێزگردە ئەدەبیەدا، مامۆستا یوسف زۆزانی داوایكرد بەشی توركیش بكرێتەوەو بەرهەمە ئەدبیەكانی خاتوو گەلاوێژ وەڕبگێڕدرێتە سەرزمانی توركی، چونكە بەشێكی زۆر لەباكوری نیشتمان زیاتر بەزمانی توركی دەنووسن و دەخوێنەوەو دواتریش فراوان بكرێت وێب سایتی خاتوو گەلاوێژ بۆ زمانە زیندووەكانی درواسێ و جیهان.
 لای خۆشیەوە، پ.د.دلێر حەمە میسریش پێشنیازی تایبەتی بۆ بەشی عەرەبی و ئینگلیزی و وەڕگێڕانی لە كۆلێژی زمان كرد لە زانكۆی سلێمانی بەوەی بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ لە چوارچێوەی باسی دەرچوونی كۆتای ساڵ وەڕبگێڕن و پاشان بۆیان چاب بكرێت و بڵاوبكرێتەوە ئەمەش هەنگاوێگی گرنگە لە بواری ئەدەبیاتی بەراوردكاریدا و بە جیهانی بوونی ئەدەبی كوردی.
پ.د.دنیان نەوشیروان فواد مەستیش لەوێب سایتی galawzh.com باسی لەوەكرد ئەدەبیاتی خاتوو گەلاوێژ سەر بەقوتابخانەی واقعیە هاوشێوەی توفیق حەكیم و نەجیب مەحفوز و عەزیز نەسین و ئەدیبانی تر هەربۆیە لە چوارچێوەی ئەدەبی بەراوردكاریدا دەتوانینی بە گوێڕەی قوتابخانە كانی ئەدەبی بەراوردكاری ئەدەبیاتی خاتوو گەلاوێژ بخینە ئەو خانەیەوە.
رۆژنامەنووس كاروان ئەنوەر سەرنووسەری ساتی pukmedia باسی لەوەكرد ئەم هەنگاوی كردنەوەی بەشی عەرەبی وێب سایتی galawzh.com زۆر گرنگە، چونكە زمانی عەرەبی زمانێكی ئەدەبیەو ئێمەی كورد پێویستی زۆرمان بەزمانی عەرەبیە بۆ ناساندنی زیاتر دۆزو ماف و لایەنەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیمان و نمونەی ئەزموونی خۆی باسكرد لە پەیوەندیكردنی چەندین ڕۆشنبیری عەرەبەوە، كەپرسیاری سەرەتای دەربارەی گەلی كورد دەكەن و بەوتەی ڕۆژنامەنووس كاروان ئەنوەر ئەگەر بێت و گوتارێكی بەهێزمان هەبوایە بەزمانی عەرەبی ڕەنگە چەندین هەنگاوی گرنگمان ببڕیایە لەسەر جەم بوارەكاندا
دكتۆر ئیبراهیم سەعید مامۆستای زانكۆش وەك یەكێك لە ئامادەبوونی ئەو دیادە چەند پێشنیازێكی خستە ڕوو بەوەی وێب سایتی خاتوو گەلاوێژ بكرێتە ناوەندێكی ئەدەبی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەدەبی كوردی و تەنها لە بواری ئەدەبیاتی خاتوو گەلاوێژ كارنەكات بە ڵكو وەك سەنتەرو ناوەندێك ببێتە ناساندنی ئەدەبی كوردی بەوڵاتانی جیهان و هاوكات چەندین پێشنیازی بۆ لایەنی تەكنیكی و نووسین بۆ پێشخستنی ئەم وێب سایتە خستەڕوو.
رۆژنامەنووس محەمەد شیخ عوسمانیش باسی لەوەكرد بەكردنەوەی بەشی عەرەبی وێب سایتی galawzh.com لە سایتی كەسیەوە دەبێتە سایتێكی ئەدەبی  و پێشنیازی پەیوەندی لە گەڵ زانكۆكانی عێراق و میسرو لوبنان و ئەدیبانی عەرەبیش كرد كە توێژینەوە بكەن دەربارەی ئەدەبیاتی خاتوو گەلاوێژ بە تایبەت و ئەدەبی كوردی بەتایبەت.
رۆژنامەنووس سۆران عەلی بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەلمەسرا بە زمانی عەرەبی، وێڕای باسكردن و خستنەڕووی كردنەوەی بەشی عەرەبی باسی لە چەند پێشنیازێك كرد بۆ دەوڵەمەندكردنی بەشی عەرەبی وێب سایتی galawzh.com لە وانە گرنگی دان بە لایەنی زمانەوانی و ئیملاو شێوازی نووسن بە شێوەیەك هەڵەی "نەحوو سەرفی" نەبێت وبابەتەكان هانی خوێندنەوە بدات و خوێنەر بێزار نەبێت و ئامادەیی هە موو هاوكارییەكیشی پیشاندا.   
دواتر دەقی مێزگردەكە بەهاوكاری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بڵاودەكەینەوە.
PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket