riklam

ئامینە كاكەباوە: دەبێت زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن

ڕیپۆرتاژ 11:47 AM - 2022-06-08

ئەو متمانە پێنەكردنە كە دەنگی لە سەر دەدرێت لەمەڕ وەزیری داد مۆرگان یووهانسۆنە. من و مۆرگان یووهانسوون هاوكارییەكی گەلێك باشمان هەبووە سەبارەت بە كار و خەبات بە دژی  سەركوتكردن بە ناوی نامووس. هیچ وەزیری دادێك تاكوو ئێستا ئەوەندە دەستپێشخەری نەكردووە و ئەوەندە هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە بۆ توندكردنی قانوون لەو بوارەدا. 

ئەگەرچی زۆر هەنگاوی دیكە ماوە كە هەڵبهێندرێتەوە باوەری من بە مۆرگان یووهانسۆن لە سەرجێی خۆیەتی و نەگۆڕاوە.  بە پێچەوانە وەك هەموو دەزانن وتوێژی حكومەت بۆ پەیوەستبوون بە پەیمانی ناتو كاریگەری بووە لە سەر باوەڕی من و زۆر كەسی دیكە بە حكومەت.

 لەڕۆژنامەكاندا ئیدیعائ ئاوا كراوە كە گۆیا من لەپارلەمان لەبەرژەوەندیی كورد كار دەكەم لە جیات ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندییەكانی سوێد كار بكەم. بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە ئەو شتەی منی نیگەران كردووە سەروەری سویدە. 

كاتێك لە ساڵی ١٩٩٢ من گەیشتمە سوید دەبوو هێندێك تاقیكردنەوەی پزیشكیم لە سەر بكرێت. كە ئەو جۆرە تاقیكردنەوانە لە سەر هەموو ئەو كەسانەی كە تازە دێنە سوید دەكرێت. لە شاری وێسترئۆس دوای ئەوەی دوكتۆرەكە چاوی لە ئاكامی تاقیكردنەوەی خوێنی من كرد كاردانەوەی نیشاندا، لە خوێنم دا كەمایەسی هەبوو. ئەوە ئاكامی هێرشی شیمیایی سەدام حوسێن بوو بۆ سەر هەڵەبجە و بۆ سەر كەمپی پێشمەرگەكانی ئێمە، كە لەوێدا بەسەدان كەس لە هاوڕێیانی من كوژران و لە شاری هەڵەبجە زیاتر لە ٥٠٠٠ كورد لەبەر كیمیاباران كوژران. 

ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە كورد دەكرێت بە لەش و پێستی خۆمەوە هەستی پێدەكەم. ئەوە دەخوێنی من دا دەگەڕێت، بەڵام من لە پەرلەمانی سوید ئەركی خۆم وەك سویدییەك  بەڕێوەدەبەم. ئەوەی من باسی لێوە دەكەم بریتییە لە سەربەخۆیی سوید. لە ماوەی چەند ڕۆژی دیكەدا من پێشنیارێك لەگەڵ وەزیری كولتوور دەهێنمە گۆڕێت سەبارەت بەوەی كە نابێت ڕێگا بدرێت دیكتاتۆرە لاوەییەكان لە وڵاتی سوید  كۆڕو كۆمەڵی دینی باربوو بكەن، قسە لە سەر ئەوەیە كە سوید نابێا ئیزن بدا هێزەكانی دەرەوە تەئسیری تێدا بكەن. وە ئەم ڕاوێژو قسەكردنەش هەر لەسەر ئەو بابەتەیە.

بەوە ناتۆ و یێنس ستۆلتنبەری سكرتێری ناتۆیە كە شەرت ومەرج لە سەر سوید دادەنێن، ئەوە توركیا و ئەردۆغانن، ئەردۆغانێكی سەرەڕۆ كە سیاسەتێكی ڕەگەزپەرستانە  بە دژی كوردەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جوغرافیای یەكێتیی ئوڕووپا دا بەڕێوەدەبات و تەنانەت لەم پەرلەمانەش. قسە لە سەر ئەوەیە گەلۆ سوید هەتا چەند ڕێگا دەدا هێزێكی بێگانە بە سەر وڵاتی ئێمە دا حوكم بكات؟  ئەوە پەرلەمانی سویدە كە دەبێت سەبارەت بە قانوونەكانی لەمەر ِهەناردە كردنی چەك و چۆل بڕیار بدات یان ئەوە توركیایە؟  ئایا ئەوە توركیایە كە دەبێت بڕیار بدا سوید لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە بە پشتیوانی ئەمریكا شەڕی داعش دەكەن پێوەندی نەبێت. ئایا ئەوە ڕەوایە ئێمە ئازادیی بەیان و ئازادی كۆبوونەوەی  خۆمان بەپێی داخوازی ئەردۆغان هەموار بكەین؟ ئایا سەرۆكی وڵاتێكی دیكە بۆی هەیە بڕیار بدات  كێ دەبێت وەزیری بەرگری ئێمە بێت؟ ئایا سەفیری وڵاتێكی دیكە لە سوید بۆی هەیە داوا بكات سوید ئەندامەكانی پەرلەمانی خۆی ڕادەستی دەوڵەتەكەی وی بكات؟ 

سەرۆكی بەڕێزی پاڕلمان لەم هۆڵەدایە كە دەبێت قانوونەكانی لەمەڕ ئەم وڵاتە پەسند بكرێن و دابندرێن نەك لە ئانكەرە. من پشتیوانی لەوە دەكەم كە سوید خۆی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بڕیار بدات. 

پارتییەكانی ناو ئەم پارڵمانە هەموویان یەكدەنگ بوون بۆ پشتیوانی لەو شەڕڤانانەی كە لە پێناو مافی ئازادی و ئینسانی خۆیاندا خەباتیان كردووە. من و پارتیی سۆسیال دیموكراتی سوید هاوبیرییەكی نزیكمان هەیە لەمەڕ پێویستی پشتیوانی لە هێزە دیموكراتییەكان لە توركیا و لە ڕۆژئاوا. من باوەڕم وایە كە ئەو پارتییە لە داهاتووشدا ئەو پشتیوانییە دەكات. جەنگاوەرانی ئازادی لە یەپەگە و یەپەژە كە دژی داعش خەباتیان كرد و بەچۆكیان دا هێنا  لە ڕووی سەربازییەوە و جیهانیان لە تیرۆر ڕزگار كرد هەموو جۆرە پشتیوانییەكیان لێ دەوەشێتەوە. هەروەها دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری سێهەمین پارتی هەرە گەورەی توركیا و زیندانییەكانی دیكەی پارتیی هەدەپەش هەر ئاوایە، ئەو زیندانە سیاسییانە، ئەوانەی وا لە بەر بیروباوەریان زیندانی كراون دەبێت ئازاد بكرێن. 

شەڕی ئەردۆغان كشتوكاڵی كوردەكانی لە ناو بردووە و تەنانەت ماڵی مەسیحییەكانیش وەبەر بۆمبەكانی كەوتوون و بە هەزاران خاوخێزانی لە ماڵ و حاڵیان دەرپەڕاندووە، لە هەمان كاتدا ژنان خۆیان ڕێكدەخەن بەدژی ئیسلامی  فوندێمێنتالیستی ( بنچینەگر)  و هەروەها سەركوتكردن بە ناوی پاراستنی نامووس. یەپەگە و یەپەژە پێویستیان بە درێژەكێشانی ئەو یارمەتییانە هەیە كە پێیان دەكرێت و سوید نابێت بكەوێتە ریزی ئەوانەی كە پشتیان تێدەكەن. ئێمە نابێت بێدەنگ بین لە كاتێكدا ئەردۆغان چەكی كیمیایی بە دژی ژن و منداڵان دە كار دەكات.  داخوازی ئەردۆغان  كە دەبێت كوردەكان لە سوید دەر بكرێن زۆر لە سویدییەكانی نیگەران كردووە. مرۆڤ دەبێت متمانە بكات بە پۆلیسی ئەمنییەتی سوید كە گوێ نەداتە قانوونی تیرۆری ئەردۆغان بەدژی ئەو شەڕڤانانەی ئازادی كە ئێمە پشتیوانیان لێدەكەین. من دەزانم مۆرگان یووهانسۆن سیاسەتمەدارێكە كە ڕێز لە مافی ئەمنییەت دەگرێت و ڕەچاوی دەكا. من باوەڕ بەو ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە ناكەم كە دێت لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێت دەستی من لە خەبات لە پێناو ماف و ئازادییەكان و مافی ژنان كورت دەكاتەوە. كاتێك من لەگەڵ  هێندێك لە نوێنەرانی باڵای سۆسیال دیموكراتەكان قسە دەكەم هەست بە بڕێك ئەمنییەت دەكەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە من نیگەرانییەكی زۆریشم نییە. من ئەو نیگەرانییەم لەگەڵ حكومەت بەش دەكەم و زۆر سویدی دیكەش هەست بەو نیگەرانییە دەكەن. 
 ئامینە كاكەباوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket