riklam

بێگەرد تاڵەبانی: وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵیدا زۆر زیادیكردوە

چاوپێکەوتن 06:10 PM - 2022-04-25

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەسەر ئاستی كۆی سێكتەرەكانی كشتوكاڵ گۆڕانكاریی گەورە بەدیهاتوون و لە داهاتوودا دەبینن چ هەنگاوێكی گەورە نراوە و دەشڵێت: بەهۆی یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ چەندین هەلیكار دەرەخسێن، لەبارەی وشكەساڵیشەوە ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵسەنگاندنی تەواوەتیان بۆ رێژەی كەمبوونەوەی ئاو كردووە، دوای ئەوە راپۆرتی تایبەتی خۆیان دەدەنە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئاستی وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵیدا زیادیكردووە 
بێگەرد تاڵەبانی  وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەرنامەڕێژی تەواوكراوە بۆ ئەوەی پەرە بەسێكتەری كشتوكاڵ بدەن و وەك یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی ئابووری كاری لەسەر بكەن توانیویانە پلان و ستراتیژییەتی خۆیان دابڕێژین و لەسەر ئاستی كۆی سێكتەرەكانیش گۆڕانكاریی گەورە بەدیهاتوون، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە گەورەی ئەوان دەیانەوێت بەچاوی خۆیان دەرەنجامەكەی ببینین، چونكە سێكتەری كشتوكاڵ وەكو دەزانین هەنگاوەكانی نەرم نەرم بەرەو پێش دەچێت، بۆیە رەنگە لە داهاتوودا ببینن چ هەنگاوێكی گەورە نراوە. 
وتیشی: ئەو پلانەی دایانڕشتووە لە بواری پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە سێكتەری كشتوكاڵ و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی یەكێك بوو لە بەرنامە هەرە گرنگەكان و دوای ئەو فیدباكانەی وەریانگرتەوە لە دەستەی وەبەرهێنان ئێستا ئاستی وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵیدا لە  1.5% گەیشتووەتە سەروی 8% كە ئەوەش مژدەیەكی خۆشە بەوەی وەبەرهێنان لە لایەن سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان و بیانیش ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی پیشەسازی خۆراكی و كشتوكاڵیی بەرز بكەینەوە، بێگومان هەر كات بووینە خاوەنی كارخانەی تایبەتی خۆمان لە بواری كشتوكاڵیدا، ئەو كات پڕۆسەی ئاسایشی خۆراكمان دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵ و دەكرێت پشتی پێ ببەستین. 
یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ چەندین هەلی كار دەڕەخسێنێت
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی یاساكەوە رایگایاند: یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ یەكێكە لە یاسا هەرە گرنگەكان و دوو ئەركی گرنگ دەپێكێت، یەكێكیان رەخساندنی هەلیكارە بۆ دەرچووانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری و پەیمانگەكان و ئامادەییەكان كە هەلی دامەزراندنیان لە كەرتی كشتوكاڵی نەبووە، دەتوانن ببن بە سەرپەرشتیار لە پڕۆژەكان، دوای ئەوەی خولی شیاندنیان بە گوێرەی ناوەڕۆكی یاساكە بۆ دەكرێتەوە، كە بە هەزاران پڕۆژەی كشتوكاڵی هەیەو لەچوارچێوەی ڕێنماییەكدا كە لیژنەی یاسایی لە وەزارەت سەرقاڵی ئەوەن بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەن و لە هەفتەی داهاتوودا دوای ئەوەی ڕێنماییەكە بڵاو دەكرێتەوە، دەرگا دەكەنەوە بە‌ڕووی ئەو دەرچووانەی هەلی كاریان بۆ نەڕەخساوە لە كەرتی گشتیدا، بۆ ئەوەی لە خولی شیاندن بەشداربن و ئەزموون فێر ببن بۆ ئەوەی لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دابمەزرێن. 
رونیشكردەوە: پڕۆژەكە رێگر دەبێت لەوەی یەكێك لە هەر دوو كەرتی تایبەت و گشتیدا سوودمەند بێت و ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن هەمان مافی خانەنشینی دەبێت وەك ئەوانەی لە كەرتی گشتیدا كار دەكەن، بۆیە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە لە وەزارەتی كار خۆیان تۆمار بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ئەوەی بتوانین لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان هەم چاكسازیی هەمیش دەرفەتی كار بڕەخسێنین.
كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێم چارەسەر دەكرێن 
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو كێشانەی لە نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا دروست دەبێت لە كاتی قەدەغەكردنی بەروبوومەكاندا دەڵێت، لە كۆتا دانیشتنیان وەفدی هەر دوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە لەسەر ئاستی عیراق یەك رۆژنامەی كشتوكاڵیمان هەبێت و ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەردەچێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئێمە بێت و ئەو ڕێگریانەی لە ناردنی بەروبوومی ئێمە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق هەیە بە هەموو شێوەیەك لا ببرێت، چۆن ئەوان لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ئەوان دەرگایان بۆ دەكەنەوە بە هەمان شێوە دەبێت ئەوانیش وا بكەن، بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بووە، بەڵام بەشێكیان هێشتا ماون، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزیری كشتوكاڵی عیراق واژۆی لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنە كرد، كە ئومێد دەكەن ببێتە سیاسەتی هەر دوو لایان بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی لە ڕابردوودا هەبوون نەمێنن.
ئامادەكاری بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی دەكرێت
بێگەرد تاڵەبانی سەبارەت بە وشكەساڵی رایگەیاند: سیاسەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی روونە، رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژكاریان تایبەت كردووە بەدیاردەی وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ راپۆرتێكی ئامادە كردووە، شار بەشار، ناوچە بەناوچە، لادێ بەلادێ و هەڵسەنگاندنی تەواوەتیان بۆ ڕێژەی كەمبوونەوەی ئاو كردووە.
دەشڵێت: دوای ئەوە ڕاپۆرتی تایبەتی خۆیان دەدەنە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دیارە ئەمە پێویستی بەپشتیوانیەكی گەورەی ماددی هەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو پڕۆژانەی كە گرنگن، چ لە دروستكردنی پۆندەكان كە بڕیاریان لەسەر دراوە و نزیكەی 25 پۆند لە هەرێمی كوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست دەكرێت، چ لە دانانی بەردی بناغەی ئەو بەنداوانەی كە گرنگ و ستراتیژین و كۆگای گەورەی ئاون لە هەرێمی كوردستان، چ لە تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی كە بەشێك لە پارەیان بۆ تەرخان كراوە و هەروەها لە پڕۆژە ئاودێرییەكان و سیستمی پێشكەوتوو لە پاراستنی ئاو، كە ئەمانە هەمووی دەبنە پاكێجێك و وەزارەتی كشتوكاڵ كاریان لەسەر دەكات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو: ئەمانە هەمووی بە حكومەت ناكرێت و پێویستی بەتێگەیشتنی تەواوەتی جوتیارانیش هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكەوە بتوانین دەست بە ئاوەوە بگرین، راپۆرتی خۆیان دەبەنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە پشتیوانی دارایی، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی بۆیان دابین بكرێت.
ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكرێت
لەبارەی وەرگرتنی گەرنمی جوتیارانیشەوە دەڵێت: یەكێك لە بەرهەمە هەرە گرنگەكان كە لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین بەرهەمی هەبووە، گەنم بووە، بەڵام ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش بەهۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام سایلۆكان ئامادەن و دەتوانن گەنمی جوتیاران وەربگرن، پێویستیان بە میكانیزمێكە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەشی كە حكومەتی عیراق داویەتی لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی عیراق.
ئەوەشی رونكردوەتەوە: چۆن دەتوانین هاوسەنگییەك دروست بكەین لەگەڵ ئەو سایلۆیانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، جوتیاریش مافی خۆیەتی لە كوێ گەنمەكەی پارەی زیاتر بكات، گەنمەكەی ڕادەستی ئەو سایلۆیە بكات، دەبێت لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتە یەكلا بكەنەوە لە دیاریكردنی نرخ و چۆنیەتی پاڵپشتیكردنی ئەو پڕۆژانە، كە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی ژێرخانی ئابووری وڵاتن.
PUKmedia 

 

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket