riklam

ئێمە بۆ کارەسات خوڵقاوین

بیروڕا 11:04 PM - 2022-04-14

ئێمە بۆ کارەسات خوڵقاوین ، یان خودانی ویژدانێکی لاوازین، یان...!!

سیروان جه‌لال

ساڵانەو لە دوو رۆژی دیاری کراودا یادی کیمیابارانی هەڵەبجە و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دەکەینەوە، ئەوەی لەم یادەدا من دەمەوێت بیڵێم جیاواز لە جارانی دیکە ئەوەیە ، من نازانم کارەساتەکانی بەسەر میللەتەکەماندا هاتون گچکەن ،یان ئێمە گەلێکین لەگەڵ کارەسات و نەهامەتی و شەهیدبوون و قڕکردن دەست و پەنجەمان نەرم کردوە، ئەگەر نا بۆ دەبێت کە یادی هەڵەبجەو شەهیدبونی نزیکەی پێنج هەزار مرۆڤ لە چرکەساتێکدا و ئەنفال و زیندە بەچاڵ و بێسەرو شوێن کردنی (١٨٢٠٠٠) مرۆڤ دەکەینەوە ، کەچی تەزویەک بە لەشمان دا ناهێنێت و ویژدانمان ناجوڵێنێت،یا ئەوەیە ئێمە بۆ کارەسات خولقاوین ، یان نەمان توانیوە گەورەیی ئەم کارەساتانە بەرینە ناو ویژدانی تاک بە تاکمانەوە.

 

مییللەتانی دونیا دەشێت بە کەمترین قوربانیدان بوبن بە خاوەنی دەوڵەت و کیانی خۆیان، رەنگبێت نەتەوەهەبێت (١٠٠) شەهیدی نەدابێت ئێستا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا خاوەنی ئاڵای خۆی بێت،کەسەیری مێژوی مرۆڤایەتی دەکەیت کەم گەل دەبینیت ڕەنگە هەر نەشی بینیت گەلێک بە ئەندازەی کورد قوربانی دابیت و ڕوبەڕوی کارەساتی جینۆساید و لەناوبردنی بە کۆمەڵ بوبێتەوە، داگیر کەرانی خاک و خەڵکی کوردستان هەر بە لەناو بردنی مرۆڤەکانیەوە نەوەستاونەتەوە بەڵکو هەوڵی سڕینەوە و شێواندنی سیمای شارستانی و ڕەگ و ڕیشە کللتوریەکانیشی داوە،کەواتە کوردستان وەک جوگرافیا و مرۆڤی کورد وەک تاکی سەربەست ،هەردەم لە مێژودا لە ململانێی مان و نەمان و نوشست و هەستانەوەدابوە، بەڵام ئەوەی بوەتە جێگای پرسیارێکی لۆژیکی ئەوەیە بۆ دەبێت ئێمە وەک پێوسیت نەمان توانیبێت کەڵک لەو تراژیدیایانە وەربگرین بە ئومێدی دروستکردنی مرۆڤی کوردی خاوەن ویژدانێکی هەژاو وبەدیهێنانی خەونە لە مێژینەییەکانی گەلەکەمان،میللەتانێک هەن، لەبەر نەبونی ڕابردویەکی پرشنگداری سەلمێنراو ،بەناچاری داستان و ئەفسانە و حیکایەتی هەڵبەستراو دەهۆننەوە و بە درۆ قارەمانی مێژویی بۆخۆیان دروست دەکەن،لەبەرمبەردا کورد خودانی مێژویەکی پڕ لە کارەسات و بەرەنگاریە کەچی نەمان توانیوە تەوزیفی بکەین و لەڕێگەیانەوە بە لوتکەی ئامانجەکانمان بگەین،کورد بۆ ئەوەی سەنگی نەهامەتیەکانی وەک خۆی ڕابگرێ و نیشانی دونیای بدات دەبێت وەک جولەکە مامەڵە لەگەڵ ڕابردوی کارەسات باریخۆیدا بکات، هۆڵۆکۆست بۆ جولەکە بوە بە خاڵی یەکێتی و یەکگرتەیی ویژدانیی و بناغەی دامەزراندن و مانەوەی کیانی دەوڵەتیی خۆیان، بەجۆرێک کاریان لەسەر هۆڵۆکۆست کردوە رەنگبێت کەم کەس هەبن لەم سەر زەمینە سەبارەت بە هۆڵۆکۆست زانیاریان نەبێت و لەو خاڵەدا هاوسۆزی جولەکە نەبن، ئەمەش لە ڕێگای پلانی تۆکمەی ستراتیژی ،چ لەبەر هەم هێنانی فیلمی سینەمای و دراما و گۆرانی و مۆزیک و تابلۆو کارەهونەریەکانیانەوە، چ لەڕێگای نوسینەوە و بە دۆکیومێنتکردنی ئەم کارەساتە، لە ڕوی پەروەردەو خوێدنیشەوە منداڵانی جولەکە لە باخچەی ساوایانەوە بەم مێژوەیان ئاشنادەکەن و تا دوا قۆناغی خوێندن لەوانەسەرەکیەکانیانن، بەدەیان و سەدان توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی و تێزی ماستەر و دکتۆرای لەسەر نوسراوە، بەڵام ئایا ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم کاولکاری و ماڵوێرانیەکانی بەسەر گەلەکەماندا هاتوە تاچەند ئێمە کارمان لەسەر کردوون ، ئایا تاچەند تانیومانە بیکەین بەبەشێک لە بونیادی کەسێتی کوردی؟!

 

ئاشکرای هەمولایەکیشە ئاست و قەبارەی ئەنفال و کیمیاباران هاوشێوەی زۆر کەمە دەشکرێت بڵێین هەر نیە،

 

لێرەوە ڕەخنە و قسە جدیەکە ئەوەیە بۆ دەسەڵاتی (٢٣)ساڵەی هەرێم و دەستەبژێرو ڕوناکبیر و هونەرمەند و نوسەرانی میللەتەکەمان،ئایا لەناوەندەکانی خوێندندا تاچەند بایەخ بەم بابەتەدراوە؟ ئایا ئەو وانانەی کە تەرخانکراون بۆ قسەکردن لەسەر مێژووی خوێناوی گەلەکەمان تاچەندە لەلایەن مامۆستایانی پڕ ئەزمون و بە جدیەتەوە دەیان ڵێنەوە ، یان هەروەک وانەی وێنە و هونەر و وەرزش مامەڵەیان لەگەڵدادەکەن ، یان دەیانخەنە وانەی کۆتایی رۆژ ، یان زۆربەی جار بە بیانوی جۆراو جۆر ئەم وانانە ناخوێنرێن ، لەوەش سەیرتر ئەوەیە بەشێکی زۆر لەمامۆستایانەی وانەی هۆشیاری نیشتمانی و پەروەردەی مەدەنی دەڵێنەوە بۆ خۆشیان بابەتەکان بۆیان جێگەی بایەخ نیەوە زۆر سەرپێی پێشکەشیان دەکەن،ئەوەحاڵی ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردنە بۆ مامەڵەیان لەگەڵ جینۆسایدی میللەتەکەمان، لەولاشەوە ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەریەکانمان کام فیلمیان لەسەر جینۆسایدی گەلەکەمان بەرهەم هێناوەو توانی بێت خەڵاتە نێودەوڵەتیەکان بەدەست بهێنێت،

 

کام تابلۆ و کاری هونەری توانیویانە لە ئاستی جیهانیدا قورسایی کارەساتەکانمان وەک خۆی بگەیەنێت، من لێرەوە ناڵێم هیچ هەوڵێک نەدراوە بەڵام هەوڵەکان چ لە ڕوی جۆری و ژمارەشەوە هێندکەمن کەنابنە جێگەی ئومێدمان،ئەڵبەت ئەرکی کەرتی تایبەت و ڕوناکبیرانیش کەمتر نیە لە کەرتی گشتی ، کەبەداخەوە ئەمانیش جێگەی رەخنە و گللەییەکی زۆرن لەم ڕوەوە،کەوابوو ئەوە ئاست و جۆری مامەڵەکردنمان بێت لەگەڵ مێژوو ی خوێن و بەرخودانی میللەتەکەماندا ، دەبێت ویژدان و ئاوەزی ئێستای نەوەی نوێ و ڕادەی تێگەیشت و بە قوڵی خوێندنەوەی ئەو ڕابردوە بەم شێوە کرچوکاڵ ولاوازەبێت، کە وەک بابەتێکی راگوزەر و سانا بیبینین و تەنها لە ساڵ رۆژەکانیاندا بەبیرمان بهێننەوە، لەگەڵ ناو هێنانیشیاندا نە مومان گرژ ببێت و نە ویژدانمان بورکان ئاسا بەگڕ بێت.

 

هیوام وایە داو دەزگا پەیوەندی دارەکان لەم بارەوە کۆنفرانس و وۆرک شۆپی جدی ساز بکەن و خوێندنەوەیەکی بابەتی و زانستیانەی بۆبکەن، لەپێناوی خوڵقاندنی بیر و باوەڕێکی قوڵ و پڕ هەڵوێست و ساز و ئامادە بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونە ڕەواکانی میللەتەکەمان.

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket