riklam

لەدوای بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی ژنێك بە ناسنامەوە بەخاك دەسپێردرێت

کوردستان 04:16 PM - 2022-02-03

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-2-2022 بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ئاشتی عەبدوڵڵا نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری جێندەری و ژمارەیەك زۆر لە ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی تەرمی ژنێك بە ناسنامەوە بە خاكسپێردرا.

لە مەراسیمەكەدا ئاشتی عەبدوڵڵا نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری جێندەری ڕایگەیاند مرۆڤ بەڕێزەوە لەدایك دەبێت كە مردیش دەبێت بەڕێزەوە بە خاك بسپێردرێت، بۆیە لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نابێت هیچ ژنێك بەبێ ناسنامە بەخاك بسپێردرێت و پێویستە ناو و ناسنامەی خۆی پێبدرێتەوە. 

 وتیشی: ئێمە ئەمڕۆ لێرە كۆبوونەتەوە كە ئەم كلتورە بگۆڕین كە ژنەكان دەكوژرێن و بە ژمارە دەنێژرێن، بۆیە ئەمڕۆ دێكان، ئەو ژنەی كە ماوەیەك لەوە پێش كوژرا، بە ناسنامەو ڕۆژی لەدایكبوون و ڕۆژی كوژرانی بەخاك بسپێرین. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ وەك نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و ڕێكخراوەكان و چالاكانی مەدەنی بووین بە كەسوكاری دێكان و بە خاكمان سپارد.    

دواتر عەمید سەركەوت عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئاماژەی بەچۆنێتی كوشتنی ژنێك بە ناوی دێكان كرد و ڕایگەیاند: دێكان یەكێك بوو لەو كچانەی كە وەك هەر كچێكی دیكەی ئەم وڵاتە بەهۆی بارودۆخێكی كۆمەڵایەتی لە خێزانەكەی دابڕا و پاشان لە شوێنێك كاری دەكرد كە لەلایەن چەند كەسێكەوە كێشەی بۆ دروستدەكەن و پاشان لەڕووداوێكی تەمومژاوییدا دەكوژرێت و دواتر تەرمەكەی لەسەر ڕێگەی بەكرەجۆ فڕێدەدرێت و ڕۆژێك دوای تاوانەكە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و داوای چەند ڕۆژێك توانیان تاوانباران دەستگیر بكرێن. 
وتیشی: قوباد تاڵەبانی بڕیاری دەركردبوو كە نابێت هیچ ژنێك بەبێ ناسنامە بنێژرێت بۆ ئەوەی هەم ناسنامەی كوژراوەكە و هەم ناسنامەی تاوانباران بدۆزرێتەوە. 

 وتیشی: دوای لێكۆڵینەوەكان بۆمان دەردەكەوت كە ئەو كچە یەكێك بوو لەو دۆسییانەی كە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە لەڕێگەی شەڵتەری داڵدانی ژنانی هەڕەشەلێكراو ناسنامەكەی بدۆزینەوە و ئەمەش سەرەداوێك بوو بۆ دۆزینەوەی تاوانباران. 

كچە كوژراوەكە ناوی دێكان تارق عەلی-یە. 

PUKmedia  


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket