riklam

یەكڕیزی هەرێم و رێككەوتنی ژێربەژێرو مەترسیداری بەغدا

کوردستان 09:52 PM - 2022-01-24

كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی و راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە راستیەكانی بۆ خەڵكی كوردستان خستەڕوو، بەتایبەت كە پارتی تاكڕەوانەو لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كوردو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوەو رێككەوتنیان لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی ئیمزاكردوەو كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار پێكەشكردوە، یەكێتی لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاند، هەڤاڵ بافڵ لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: یەكێتی مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەكات و سازشی لەسەر ناكات.
بەوتەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش: پارتی لەكوردستان باسی یەكڕیزی دەكات و لەبەغداش رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ لایەنەكان دەكات كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان.
وتەبێژی یەكێتییش دەڵێت: بەبیر پارتی دەهێنینەوە كە هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان دەیانویست رێككەوتنێكی ناشەفافمان لەگەڵ بكەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆك كۆمار بە ئیستیحقاقی كوردو یەكێتی بزانێت
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی 23ی 1ی 2022 كۆبوونەوەی خۆی بەست، كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بەتاووتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عیراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق.
‎كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كردو پێیوابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانەو لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كوردو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوەو رێككەوتنیان لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی ئیمزاكردووەو لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا هەڤاڵ بافڵ بەووردی رووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیكردەوە كە مادەم لایەنی دیكە، دوور لە پرینسیپی تەوافق كاندیدی خۆیان پێشكەش دەكەن، یەكێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەكات و سازشی لەسەر ناكات.

هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم كاندیدی یەكێتیە بۆ سەرۆك كۆمار
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەقووڵی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەكانی بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختیكردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكرێت و بپارێزرێت، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا كە پشتگیری تەواو بكات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.
"یەكێتی دەتوانێت كاندیدەكەی خۆی سەربخات"
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: پارتی لە دەرەوەی ئیرادەی یەكڕیزی رێككەوتنی لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان كردووە.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: تێگەیشتنی یەكڕیزی لای پارتی ئەوەیە دوایی بكەویت، ناكرێت بەپاشەقوڵگرتن لە یەكێتی و هێزەكانی دیكەی كوردستان بچیت لەگەڵ هێزەكانی عیراق رێكبكەویت.
ستران عەبدوڵڵا راشیگەیاند: یەكێتی لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناترسێت و دەتوانێت كاندیدەكەی خۆی سەربخات.
ئەوەشدەخاتەڕوو: یەكێتی سەبری زۆری هەبوو، هەروەها پێداگریكرد بەیەكڕیزی كورد بچێتە بەغدا، بەڵام ئیتر كاتی بڕیاردانی یەكێتی هاتبوو هەر بۆیە بڕیاری خۆیدا.
رێككەوتنی ژێربەژێر لەبەغدا
پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: ناكرێت لێرە باسی یەكڕیزی بكرێت، كەچی لەبەغدا رێككەوتنی ژێر بەژێر ئەنجام بدرێت، بێگومان ئەو رێككەوتنە كەلێنی گەورە لەنێو ماڵی كورد دروست دەكات.
دەشڵێت: هەوڵەكانمان بۆ ئەوەبوو پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو ماڵی كورد یەكلایی بكرێتەوەو لەسەر كاندیدێك رێكبكەوین كاندیدی هەموو لایەنەكان بێت، پارتی لەو مەسەلە كشایەوەو لەپشت پەردەوە رێككەوتنی كرد، ئێمە نەمانتوانی ببینە بەشێك لەو رێككەوتنە، چونكە دژی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان بوو، ناكرێت بۆ پۆستێك بچیت لەگەڵ چەند لایەنێك رێكبكەویت لەسەر حسابی بەرژەوەندیەكانی خەڵك.
یەكێتی بڕیارە دروستەكەیدا
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، یەكێتی بڕیارێكی گرنگیدا بە كاندیدكردنەوەی هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عیراق، چوونكە لە ماوەی سەرۆك كۆماریدا چەند یاسایەكی گرنگی دەركرد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیپلۆماتكارێكی سەركەوتووە.
ئەڵماس فازل ئەندامی پێشووی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: د.بەرهەم ساڵح لە ماوەی سەرۆك كۆماریدا رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەرەوپێشچوونی كارەكان و گەورەترین و باشترین یاسای پەسەندكرد كە یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكان بوو و زۆر لایەنیش دژی بوون.
وتیشی:بەپێی یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكان، بەشێكی زۆری ئەو پارانەی برابوونە دەرەوەی عیراق گەڕێنرانەوەو ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو.
ئەڵماس فازل راشیگەیاند: بەدڵنیاییەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارێكی گرنگ و چارەنووسسازیدا بە كاندیدكردنەوەی هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق چونكە، هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح لەسەر ئاستی عیراق خۆشەویستەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیپلۆماتكارێكی سەركەوتووە.
رۆژی 2-10-2018 لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا و لەگەڕی دووەمی دەنگداندا، بەزۆرینەی دەنگ 219 دەنگ لە 272 نوێنەرانی ئامادەبوو، هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح وەك تاكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا.

كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار گونجاوترینە
شرۆڤەكارێكی سیاسی دووپاتیدەكاتەوە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەنێو سەرجەم پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گونجاوترینەو توانیویەتی بەشێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە ئیدارەی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات.
واسق جابری شرۆڤەكاری سیاسیی بە PUKmedia ی راگەیاند: لەماوەی رابردوودا عیراق قەیرانی گەورەی بەخۆوە بینی و قۆناغی رابردووش سەختترین قۆناغی سیاسی و خوولەكانی پەرلەمان بوو لەعیراقدا.
راشیگەیاند: لەقۆناغی رابردوودا چەندین كێشمەكێشی سیاسی و خۆپیشاندان و ململانێی سیاسی سەریان هەڵداو د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بووە خاڵی هاوسەنگی لەنێو سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا.
ئاشكراشیكرد، كاندیدكردنی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ خوولی دووەمی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار تەواوكارییە بۆ قۆناغی رابردوو، پێویستە لەسەر هێزە سیاسییەكان مەزەندەیان بۆ مەترسی قۆناغی داهاتوو هەبێت و گونجاوترین كەس بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ساڵانی داهاتوو دەستنیشان بكەن.
راشیگەیاند: لەئێستادا د.بەرهەم ساڵح لەنێو پاڵێوراوان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گونجاوترینە لەبەرئەوەی كەسێكی هاوسەنگەو بەرپرسیارێتی سازانی سیاسی هەڵگرتووەو كەسێكیشە كاریگەرە بە هاوسەنگی سیاسی.  

 

كۆبوونەوەی سەركردایەتی خستنەڕووی راستییەكان تێدابوو
ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەڵامی راگەیەنراوەكەی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ریگەیاند: كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بۆ رای گشتی كوردستانیی بڵاویكردەوە، خستنەڕووی راستییەكانی تێدابوو، چونكە لەدانوستاندنەكاندا هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی پارەوە هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو بەیەكڕیزی و پڕۆژەیەكی یەكگرتوی نیشتمانییەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عیراق بە شیعە و سوننەوە بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەكرا پێشوەخت پارتی لەگەڵ چەند لایەنێكی تردا بەبێ ئاگاداری ئێمەو لایەنەكانی تر چوبوونە ناو رێككەوتنێكەوە كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و مافەدەستوریەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان ناكات. 
وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت: هەر لەسەرەتای ئەو كۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەسەلاتی تەواو و بەبڕیاری سەربەخۆی نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆیان دەكرد دوور لەپرەنسیپەكانی تاكڕەوی و قۆرخكاری لەپرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا. بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەكانی پارتی بوون كە بەناوەڕۆكێكی تەمومژاویەوە دەهاتن بۆ كۆبوونەوەكان.
لەبەشێكی تری وەڵامەكەیدا بۆ پارتی وتەبێژی یەكێتی ئەوەش دەڵێت: هەر لێرەدا بەبیر پارتی دیموكراتی كوردستان دەهێنینەوە كە هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساندو دەیانویست رێككەوتنێكی ناشەفافمان لەگەڵ بكەن. 
بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەیەكەم دانیشتنی عیراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت (راكان جبوری) و كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو و ھیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەبووە.
 
"پارتی بەئەجێندایەكی تەمومژاوی هاتە ناو دانوستانەكان"
لەبارەی دووبارە كاندیدكرنەوەی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە كە ئەو وەك پارێزەری دەستووری عیراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، وەك چۆن هەمیشە نوێنەرانی تری یەكێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستوور ئەم ئەركەیان جێبەجێكردووە. 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی ماڵی كورد بووەو هەوڵی بەردەواممان دوپاتكردووەتەوە، بەڵام كە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەكی تەمومژاوی هاتە ناو دانوستانەكان و نێو پرۆسەی سیاسی عیراقەوە هەستمان كرد ئەو هەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموكراسی و مافە دەستووریەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێم ناكات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێكارە دەستووری و دیموكراتییەكان لەپرۆسەی سیاسی عیراق كاندیدی پەسەندكراوی خۆمان و بەڕەزامەندی زۆر لایەنی تری عیراقی و كوردستانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دیاریكرد.

PUKmedia 


 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket