riklam

ئارا هەولێری: میناتور زۆر سەرنجی بینەرانی ڕاكێشاوە

چاوپێکەوتن 06:48 PM - 2021-11-29

هونەرمەند عبدالسمیع جەوهەر مەولوود ناسراو بە (ئارا هەولێری) ماوەیەكی زۆرە لە بواری هونەری شێوەكاری و هونەری (میناتۆر) وەكو هونەرمەندێك كار دەكات، تا ئێستا بەشداری لە (14) پێشانگای هاوبەشی كردووە، پێمان باش بوو بۆ زیاتر ئاشناكردنی خوێنەرانمان بە چەندپرسیارێك بەسەری بكەینەوە.

*سەرەتا  ئەگەر بكرێت باس لە كورتەیەك لە ژیانی هونەری خۆتمان بۆ بكەیت. 

 - من ناوم (عبدالسمیع جوهر مولود) لە 1/10/1970 لە شاری هەولێر - ئیسكان لە بنەماڵەیەكی ئاینی هونەری چاوم هەڵهێناوە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە چاوم بە زۆری هونەرەكان ئاشنابووە. 

بەتایبەتی هونەرەكانی شێوەكاری لەنێوان پێنج برای هونەرمەند، لە (وێنەكێشان و خۆشنووسی و میوزیك و خوێندنەوە و شیعر و ئەدەب)، ئەوانە هەمووی هۆكاربوون كە منیش ئاشنای بەشێك لە هونەری شێوەكاری بم, لە ساڵی 1987 دەستم بەكاری دارتاشی كرد لەگەڵ كاك نەجات جەوهەری برام كە هەم هونەرمەندێكی بەتوانا و كاری دارتاشییەكەشی زۆر هونەری و ناوازە بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە توانیم ئەو پیشەیە تێكەڵ بەم هونەرە بكەم.

هونەرەكانی هەڵكۆڵین و نیمچە پەیكەر لەسەر دار، وە لە بواری ئەكادیمیش ئامادەیی پیشەسازی بەشی دارتاشیم تەواو  كرد, سەرەتای دەستپێكردنم ئارەزووی لاسایی كردنەوەی هەموو شتێكم هەبوو كە بە بچووكی، بێ ئەوەی بزانم كە ئەم هونەرە پێی دەڵێن (میناتور) بەردەوام هەوڵم دەدا توانای زیاتری خۆم نیشان بدەم لە بچوككردنەوە. تا توانیم لە میانی مومارەسەكردنم لەم هونەرە بە ناوەكەشی ئاشنابووم، لە ساڵی 2003 لە بەشەكانی پەروەردەی پیشەیی بە مامۆستای پیشەیی دامەزرام كە زۆر یارمەتی دام لە پەرەپێدان و كاتی زیاتر كاركردنم، وە بووە هۆی بەشداریكردنم لە چەندین پیشانگای هاوبەش لەسەر ئاستی هەولێر و ئاستی هەرێمی كوردستان، وە كردنەوەی چەندان خولی فێركردنی هونەرەكانی دارتاشی لە كەمپی ئاوارەكانی سووری و عێراقی لە ڕێگەی ڕێكخراوی ئینتەرسووسی ئیتاڵی و چەند خولێك بۆ مامۆستایانی پیشەیی وەك مامۆستا. وە تائێستاش بەردەوامم لەكاری هونەری.

. *ئەگەر بكرێت پێناسەیەكی هونەری میناتۆر مان بۆ بكەیت 

هونەری میناتور (miniature)  - - واتا زۆر بچووككردنەوە یان وێنەی بچووككراو، بەپێی مێژوو ئەم هونەرە دەگەڕێتەوە  بۆ پێش زایین، وە هەندێك لە مێژوونووسان پێیانوایە كە میناتور بە پڕی مانایەكەیەوە لەسەردەمی ساسانییەكان بووە. 

لە ڕێگەی ئەم شوێنەواری كێشانی وێنەی ڕاوشكار و پەیكەری بچووكی لەدەست دروستكراوی مرۆڤ و ئاژەڵ و گۆزە و دیزەی جۆراوجۆر، میناتور دەكرێت لە هەموو بوارەكانی شێوە كاری و دەستی كاری لەسەر بكرێت بۆ نموونە پەیكەرسازی، هەڵكۆڵین، وێنەكێشان، دیزاین، سیرامیك, كارە دەستیان و زۆر بابەتی تر تەنانەت لەسەردەمی زوو لە بچووككردنەوەی كتێب كاری لێ كراوە.

هەوڵیانداوە كە كتێبێك بە نزیكەیی  25 جار لەخۆی بچووكتر بكەنەوە، لە كۆتایی دەتوانیین بڵێین میناتور بە مانای ئەوە دێت كە شێوەی لەدەست دروستكراو بچووك بكرێتەوە بۆ چەندینجار لەخۆی بچووكتر.

 *بەرێزتان جگە لە هونەری شێوەكاری لە بواری هونەری میناتور كار دەكەیت ،چۆنییەتی ئاشنا بوونت بەم هونەرە مان بۆ باس بكەیت؟

- بەڵێ من هەر لە بواری شێوەكاری دار كار لەسەر داتاشینی دار لە شێوەی سریالی دەكەم كە ئەویشیان هونەرێكی جیاوازە لە میناتور كە داتاشینی پەیكەرێك یان كێشانی وێنەیەكی ئاژەڵێك یان مرۆڤێك جیاواز لە واقیعی خۆی یان شێوەیەكی نیمچە خەیاڵی، ئەم وشەیە لە زمانی فەڕەنسی وەرگیراوە بە مانای سەرووی ڕاستییەكان (فوق الواقع). كە جوڵەیەكی ڕۆشنبیرییە لە هونەری نوێخوازی (الفن الحدیس).

  *مێژووی هونەری میناتور لە كوردستان بۆ كەی دەگەرێتەوە؟

- پێموایە هونەری میناتور مێژوویەكی كۆنی نییە لە كوردستان. لەوانەیە لە دوای ساڵانی نەوەدەكان تاك تاكێك كاری لێ كرابێت. ڕەنگە ئێمە سەرەتایەك بین لە دەستپێكی ئەم هونەرە.

  *ئەو كەرستانەی لە هونەری میناتور بەكاردێن چین؟

-ئەم كەرەستانەی لەم هونەرە بەكار دێت چەقۆی تاشین، شەفرەی بچووك و كارتیخی بچووك و سمارتە و زۆر كەرەستەی تر لە بابەتی چەقۆ و شەفرە كە بۆخۆمان دروستی دەكەین بە بچووكی كە لە كوردستان دەست ناكەوێت .

 *پێشوازی بینەران لە هونەری میناتور لە چ ئاستێك دایە؟

- بەڕاستی ئاستی ئەم هونەرە تاڕادەیەكی زۆر ڕادەبەدەر سەرنجی خەڵك و بینەرانی ڕاكێشاوە، زۆرێك لە هونەرمەندانیش هانی ئەوەم دەدەن كە بەردەوام بم لە هونەری بچوككراو (میناتور).

 *تا ئێستا بەشداریی چەند پیشانگای شێوەكاریت كردووە؟ 

- تائێستا بەشداریم لە (14) پێشانگای هاوبەش لەگەڵ پەروەردەی پیشەیی كردووە و (4) پێشانگا لەسەر ئاستی هەرێم لە شارەكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی)م كردووە، و لە ساڵی 2007 لەگەڵ مامۆستای هونەرمەندی سیرامیك سەربەست محەمەدەمین شێخە بۆ یەكەمجار بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لقی هەولێر هەڵساین بە كۆكردنەوەی زیاتر لە (35) هونەرمەند و كردنەوەی پێشانگایەكی هاوبەش كە خۆشمان بەشداربوون بە چەند بەرهەمێك، وە بەشداریم لە چەند پێشانگایەكی هاوبەش بە بەرهەمێك یان زیاتر، وە لە پێشانگای كونسوڵخانەكانی لە كوردستان لە هۆڵی كونسوڵخانەی زانكۆی چیكی، وە دووا پێشانگای بەشداریم تیا كرد لە سێپتەمبەری 2021 لە پێشانگایەكی هاوبەشی هونەرمەندانی هەولێر لەگەڵ هونەرمەندانی بەغدا سەر بە كۆمەڵەی هونەری مشكاتی عێراقی كرد، وە لەم ماوەیەش بەشداریم كرد لە پێشانگایەكی ئەلیكترۆنی لە لوبنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەشداریی (160) هونەرمەند لە هەموو وڵاتانی عەرەبی بە ناوی ئارت لوبنان، وە لەهەمانكاتدا بڕوانامەی ڕێزلێنانم پێ بەخشرا بەسوپاسەوە.

 *هەماهەنگیتان لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستانی و عێراق لە چ ئاستێكدایە؟

- هەماهەنگیم لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان زۆر باشە و لەگەڵ هونەرمەندانی عێراقیش تاڕادەیەك هەیە، هیوادارین  لە داهاتوو لەگەڵ سەرجەم هونەرمەندانی جیهانیش هەبێت.

  *زیاتر حەز لە نیگاركردنی تابلۆی هونەری دەكەیت،یان لە تابلۆی میناتور؟

من لەڕاستیدا زیاتر حەز لە داتاشینی دار لەشێوەی میناتور و سریالی دەكەم ،وەك لە وێنەكێشان، وە هەست دەكەم كە لەم هونەرەدا زیاتر خۆم دەدۆزمەوە و تیایدا سەركەوتوو دەبم.

 *ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.

-لە كۆتاییدا هیوادارم هونەری بچوككراو (میناتور) پەرە بسێنێ لە كوردستانیش بڵاو ببێتەوە بەسەر هەموو بەشەكانی هونەری شێوەكاری، وە زۆر سوپاس بۆ ئێوەی ئازیز بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە گرینگیدانتان بە هونەری میناتور.

 

PUKmedia هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket